دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

بەهۆی کەمبوونەوەى ئاوەوە لە بەنداوى کەرەج 74 لاشەى نەناسراو دۆزرانەوە

هەرێم نیوز 

چەند رۆژێکە لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى ئێران چیرۆکی جۆراوجۆر بڵاودەکرێتەوە گوایە لە دواى ئەوەى ئاوى بەنداوی کەرەج کەمیکردووە تەرمی 74 کەس کە زۆرینەیان نێرینەن و نەناسراون دۆزراونەتەوە، بەگوێرەى راپۆرتەکان یەکێک لەو کەسانە هاووڵاتییەکی سنەییە و کوردە، بەڵام بەرپرسانى بەنداوەکە و پارێزگاری ئەلبورز(کەرەج) رایانگەیاندووە کە هەواڵەکە هیچ بنەمایەکی راستەقینەى نییە و جگە لە درۆیەکی هەڵبەستراو هیچى دیکە نییە، بەڵام هەر لە دواى بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە چەندین رۆژنامەى ناوخۆیی و ئەلیکترۆنی و پێگەى کۆمەڵایەتى هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە.
سەرچاوە ئێرانییە فەرمییەکانى حکومەت ئاماژە بەوە دەکەن، ئامانج لە بڵاوکردنەوەى ئەم جۆرە هەواڵانە شێواندنی بیرکردنەوەى شەقامە، بەڕێوەبەرایەتى ئاوى پارێزگای ئەلبورز بڵاویکردووەتەوە کە هەواڵی دۆزینەى 74 تەرمی نەناسراو درۆیەکی شاخدارە و هیچ بنەمایەکی هونەریی و مەیدانى نییە و ئاستی ئاوەکە لەوەدا نییە کە بتوانرێت درۆی وەهاى لەسەر بونیاد بنرێت، هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن بەشێک لە هاووڵاتیان بەهۆکاری جیاواز کەوتوونەتە نێو ئاوەکەوە و خنکاون و دواتر نەتوانراوە تەرمەکانیان بدۆزرێنەوە، بەڵام هەرزوو بەرپرسانى پارێزگاکە ئەوەشیان رەتکردەوە و رایانگەیاند هیچ هاووڵاییەک نەبووە تەرمی نەدۆزرابێتەوە کە بە هەر هۆکارێک لەو بەنداوەدا گیانى لەدەستدابێت، ئەمەش گومانەکەى زیاتر چڕکردووەتەوە کە بابەتەکە پەیوەندیی بە بابەتە سیاسییەکان و هەبوونی دەنگی ناڕەزایەتیەکان هەبووە لە دژى دەسەڵاتدارانى کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەتی بۆ سەردەمی شۆڕشى (ژن – ژیان – ئازادیی) و پێشتریش (بزووتنەوەى سەوز) بە سەرۆکایەتى (مەهدی کەڕووبی و میرحوسەینى موسەویى و هاوسەرەکەى).
لەگەڵ ئەوەشدا داواکاری گشتى و ئەنجوومەنی دادوەریی پارێزگاى ئەلبورز (کەرەج) دۆسیەیەکی یاساییان بۆ ئەو مەبەستە کردووەتەوە، لە لایەکی تریشەوە بەڕێوەبەرایەتى پزیشکی دادى پارێزگاکەش رایانگەیاندووە کە هیچ تەرمێکی لەو شێوەیە نەگەشتووەتە فەرمانگەکەیان بۆ ئەوەى پشکنین و شیکارییان بۆ بکەن.
سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆیی و وێنانەى کە لەبارەى کەمبوونەوەى ئاوى بەنداوەکە و دۆزینەوەی تەرمەکانەوە بڵاوکراونەتەوە بەڕێوەبەرانی پارێزگاکە رایانگەیاندووە وێنەو ڤیدۆکان دەستکاریی کراون و شارەزایان بوارەکە دەزانن کە دوورن لە راستییەوە.
محەمەد عەلى موعەلیم بەڕێوەبەری بەنداوى کەرەج بە میدیاى وڵاتەکەى راگەیاندووە 28 ساڵە من بەڕێوەبەری ئەو بەنداوەم چەندینجار ئاستى ئاوەکە دابەزیووە، بەڵام هیچ دیاردەیەکی لەو شێوەیان نەبینیوە، هیچ هەواڵێکی هەڵبەستراوى لەوجۆرەش بڵاونەکراوەتەوە، گوتیشى ساڵی پار چەند هاووڵاتییەک بە مەبەستى مەلەکردن لەنێو دەریاچەکەدا خنکان، بەڵام هێندەی نەبردووە تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە و رادەستى کەسوکاریان کراونەتەوە، زۆرترین ماوەى مانەوەى تەرمەکانیان 48 کاتژمێر زیاتری نەخایاندووە، گوتیشى هەر شتێک لەوبارەیەوە پێچەوانەى قسەکانی من بوو ئامادەى هەموو لێپێچینەوەیەک هەم.
-رۆژنامەى پەیامی سپیدار- کە بە ناوو لۆگۆی ئەوانەى ڤیدیۆ و وێنە و هەواڵەکە بڵاوکراوەتەوە لە پێگەى خۆی رایگەیاندووە ئەوان بەهیچ شێوەیەک بابەتێکى لەو شێوەیەیان نەبووە و رایانگەیاندووە بەتەواوەتى دەستکاریی کراوە، بەڵام شارەزایانى بوارى میدیا و بەتایبەتى ئەوانەى دەنگی ناڕەزایەتیان لە دژى کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە دەڵێن ئەو رۆژنامەیە ناچارکراون بەو جۆرە لێدوانە.
ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواوە وڵاتى ئێرانیش بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەى کە کێشەى ئاویان بۆ دروستبووە، بەڕێوەبەرایەتى قەیرانەکانى ئێرانیش بڵاویانکردووەتەوە ئەگەر لەماوەکانى داهاتوودا کێشەى کەمئاویی چارەسەر نەبێت دوورنییە بیر لە گواستنەوەى رێژەیەکی زۆر لە دانیشتوانى تاران بکرێتەوە، بەگوێرەى بەدواداچوونى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێک لە هاووڵاتیان بە نیگەرانییەوە نوسیویانە: ئەوە بێ حیجابی و تاوان و گوناهی خەڵک نییە بووەتە رێگریی لە باران بارین وەک هەندێک لە ئاخوندەکان دەڵێن، بەڵکو ئەوە ستەم و نادادپەروەرییەکانى دەسەڵاتە کە خودا دەیەوێت بەهۆی کەمبوونەوەى ئاوی ئەو بەنداوەوە رووى راستەقینەیان هەڵبماڵێت.
هەرچۆنێک بێت کێشەى دۆزینەوەى تەرمی 74 هاووڵاتى نەناسراو بەدرۆخستنەوەى هەواڵەکە ئێستا بووەتە ترێند و لەنێو زۆرینەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆرترین بینەر و خوێنەری هەیە.
بەنداوی ئەمیر کەبیر، کە دەکەوێتە باشوورى تاران و لە پارێزگاى ئەلبورزە کە ناوەندی پارێزگاکە شاری کەرەجە، ساڵی 1957 دەستکراوە بەکارکردن تیایدا و ساڵی 1960 تەواوکراوە، 180 مەتر قووڵەو پانییەکەى 390 مەترە و رووبەرەکەى 203 کیلۆمەتر چوارگۆشە و تواناى گلدانەوەى ئاوێکى زۆری هەیەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرزا تەقى خانى سەرۆکوەزیرانى دەوڵەتى قاجاریی کە بە ئەمیرکەبیر بەناوبانگ بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP