ئاڵا ئەو پەرچەمەی ڕۆحم لەگەڵیدا دەشنێتەوە، بەیداخێکە بوونم دەچەسپێنێ، چونکە بێ ئاڵا وەک کۆرپەیەکی بێ دایکم، وەک کانی و سەرچاوەیەکی بێ ئاوم، بۆیە لە ڕۆژی ئاڵا پڕ بە گەرووم هاوار دەکەم: من کوردستانیم و تەنیا لەسایەی ئاڵای کوردستاندا هەست بە مرۆڤبوونی خۆم دەكەم.
ئاڵا، یان پەرچەم، یەکێکە لەو شانازییانەی کە گەلانی جیهان خۆیان لە بەرامبەریدا دەبیننەوە، هەر گەلێکی بێئاڵاش وەک کۆرپەیەکی بێدایک، یان کانییەکی بێئاو وایە، ئێمەش کە جوانترین ئاڵامان هەیە کە رەمزی تێکۆشان و مێژوو و بەرخودانی گەلەکەمانە و بنەمایەکی بەدەوڵەتبوونە، بۆیە جێگای شانازی و ستاییشکردنە رۆژی ئاڵا لە هەرێمی كوردستان وەك نیشانە و ڕەمزی خاوەندارێتیی خاك و نەتەوە و ناسینەوەی شوناس و هێمای بەرخودان و گیانفیدای نیشتمان و گەلە، ههر وهك چۆن ڕەنگەكانی ئاڵاكەش لە جوانیی سروشت و ئاشتی و خۆری ئاوات و هیوای دواڕۆژی نەتەوەی كورد پێکهاتووە.
کاتێ ئاڵای کوردستان هاوشانی ئاڵای وڵاتان دەشەکێتەوە، مژدەی هەڵاتنی ڕۆژی کوردستان نزیکتر دەبێتەوە، پێشتر و لە سەروبەندی خەباتی شاخدا، ئەگەر ئاژانسێکی هەواڵ ناوی کوردی بهێنایە، کە ئەوکات بە تێکدەر، یان جوداخواز یان یاخی ناویان دەهێناین، شاگەشکە دەبووین، کەچی ئێستا لەسایەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندازیارەکەی، ئاڵای کوردستان هاوشانی ئاڵای وڵاتان دەشەکێتەوە.