گومان لەوە دانیە کە شۆڕشی گەلانی ئێران بە ڕێبەرایەتی آیت اللە العظمی روح اللە خمینی، بە هەموو مانایەک شۆڕشێکی جەماوەری سیاسی گەورە بوو، بونیادی کۆمەڵگای ئێران و سیستمی حوکمڕانی شاهەنشاهی ئێڕانی گۆڕی.ئەو شۆڕشە لە ئاستی شۆڕشە مەزنەکانی دونیادا ئەژمار دەکرێت.
شۆڕشی خەڵکی ئێران بە بێ پەنا بردنە توند و تیژی لە ساڵی ١٩٧٩ سەرکەوت، ئەو ڕووداوە کاریگەری زۆری لەسەر جیهان و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو.
بە ئەگەری زۆر، گەر حکومەتی دکتۆر محمد مصدق بە پیلانی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا و بریتانیا لەسەر پێشنیاری بریتانیا نەڕوخابوایە شۆڕشی گەلانی ئێران سەری هەڵنەئەدا.
لە دوای زیاتر لە ٤٦ ساڵ حوکمڕانی پیاوانی ئاینی و هەبوونی جیهانبینی ئایینی و مەزهەبی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی لە قۆناغێکی زۆر هەستیار دایە.
گەرچی ئەو وڵاتە لە زۆر بواری زانستی و لێکۆڵینەوە زانستییەکان لە ئاستێکی بەرز دایە، خاوەن توانای سەرمایەیی مرۆیی باشە،بە تایبەت ئافرەتان لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی زۆر پێشکەوتوون. هەروەها لە جەنگی دوازدە ڕۆژەدا گەل و دەسەڵاتی ئێران توانیان پێکەوە خۆڕاگڕ بن و وڵاتەکەیان لە ڕوخان بپارێزن، بەڵام لە ئێستادا بارودۆخی خراپی ئابوری، گرانی و دابەزینی نرخی دراو، ناڕەزایەتی خەڵک و خۆپێشاندانەکان، لە پاڵ گوشارە دەرەکییەکان لەوانە سزا ئابوری و و پلانە نهێنییە هەواڵگرییەکان(covert actions)،دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی ڕوبەڕووی دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و سەختتر لە جاران کردووەتەوە.
بە پێی وتەی دکتۆر سالار کاشانی، بە پێی هەندێ ڕوپێو و لێکۆڵینەوە، لەسەردەمی حوکمڕانی ریفۆرمخوازان( خاتمی- روحانی) زیاتر لە پەنجا لە سەدی خەڵک خۆیان بە اصلاح طلب یان اصولگرا(لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی) ئەژمار دەکرد، گەرچی ئێستا کەمتر لە دە لە سەدی خەڵک خۆیان لەم دوو گروپە ئەژمار دەکەن. ئەو پێی وایە لە دیدی خەلک بەگشتی نظامی سیاسی ئێران و دامەزراوەکانی ناکارامەن.
ابوالفضل حاجی زادگان، شارەزا و نوسەرێکی دیکەی ئێرانی پێی وایە کێشەی سەرەکی پەیوەست کردنی ناڕەزایەتییەکانی خەلکە بە بوونی دەستی دەرەکی و ئەم بۆچونەش ڕێگر بووە لەوەی کە دەسەڵات لە مەنتق و ڕاستی ناڕەزایەتییەکان بە دروستی تێ بگات، ئەمەش دەبێتە بەهێز بوون و توند بونی ناڕەزایەتییەکان لە داهاتوو .
هەروەها دەڵێت زیاد لە پێویست شیکردنەوەی ئەمنی بۆ بابەت و ڕووداوەکان دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەموو شتێک، لەوانەش لەدەستدانی ئەمنیەت.
د. محمود سریع القلم گەورە مامۆستای زانستە سیاسییەکانی ئێرانییش، یەکێکە لەوانەیە کە پێی وایە ئێران دەبێت کێشەی خۆی لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکات بۆ ئەوەی گەشەی ئابوری بکات، هەروەها زۆر مانەوەی بەرپرسان لەسەر کورسی دەسەڵات بە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی حوکمڕانی لە ئێران دادەنێت. سریع القلم پێی وایە کە گەلی ئێران بە هێنانەوەی بەڵگە (استدلال) ناگۆڕێن، بەڵکو بە قەیران دەگۆڕێت و ئومێدەوارە کە قەیرانەکان ببن بە هۆی گۆڕانکاری ئەرێنی لە وڵاتەکەیان.
بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئێرانییەکان چۆن دەتوانن لە دۆخێکی ئەوها دژوار و لاوازی متمانە، ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانیان بە ئەنجامدانی ڕیفۆڕمی ئابوری و سیاسی کەم بکەنەوە، هەروەها چۆن دەتوانن بە بەکار هێنانی ئامرازی دیپلۆماسی و ئەو زیرەکییەی کە لە دانوستانەکان پێی ناسروان گوشارە دەرەکییەکان لەسەر وڵاتەکانیان کەم بکەنەوە،بە تایبەت بە بوونی سەرۆکێکی وەکو دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی، کە لاری نیە لە بەکار هێنانی هێز لە دژی نەیارەکانی. دەستگیر کردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا نوێترین بەکارهێنانی ئاشکرایانەی هێزی سەربازی ئەمریکایە لە لایەن سەرۆک ترامپ.
گەرچی آیت اللە خامنەای ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەن ئەزمونێکی سیاسی زۆرە ، بەڵام هێشتا ڕەنگە ڕوون نەبێت لەگەڵ سەرۆک مەسعود پزشکیان لەم دۆخەدا بە چ ئاراستەیەکی سیاسی بۆ دەرباز بوون لەم هەموو قەیرانانە هەنگاو دەنێن، ئایا هەر لەسەر پڕەنسیپە شۆڕشگێڕییە ئاینییەکانیان بەردەوام دەبن، یاخود پڕاگماتیانە چارەسەری خێرا بۆ بارودۆخەکە دەدۆزنەوە. لە بەر ئەوەی هیچ هەڕەشەیەک مەترسیدارتر نیە لە هەڕەشەی برسی بوونی خەڵک و ناڕەزایی فراوان و گشتی بۆ سەر دەسەڵاتی ئێران، بە تایبەت لەو کاتەی دوژمنە دەرەکیەکەیان زلهێزێکی وەکو ئەمریکا بێت.