ناونیشانەکە ئەگەرچی جەنگی ماددەی هۆشبەرە، بەڵام ناوەڕۆکە سەرەکییەکە دابەزاندنی نرخی نەوتە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن. هەردوو تایتڵەکە بەڕوونی لە عیراقدا هەن و هەردووکیشیان ناونیشانی دوو قەیرانی چاوەڕوانکراون.
جەنگی هەرزانکردنی نەوت!
ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتوو بێت لە بەڕێوەبردنی دۆخی ڤەنزوێلا، ئەوا دەکرێت هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بە خێرایی بگاتەوە ئاستی ساڵی ١٩٩٩، کە زیاتر بوو لە ٣.٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا!
ئەم زیادبوونە گەورەیەی خستنەڕوو لە بازاڕی جیهانیدا، بە دڵنیاییەوە نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ کەمتر لە ٥٠ دۆلار دادەبەزێنێت.
دابەزینی نرخی نەوت بەو ڕاددەیە بۆ عیراق کۆمەڵێک قەیران درووستدەکات کە دیارترینیان قەیرانی ئابوورییە کە هەر لە ئیستاوە سەرەتاکانی دەرکەوتوون. ئەم قەیرانە چ لە بودجەی بەکاربردن و چ لە بودجەی وەبەرهێناندا ڕەنگدەداتەوە. دووریش نییە هەولێر ا بەغدا بگەیەنێتە فۆرمولەیەک کە بریتییە لەوەی “نەوتی خۆت بفرۆشە و خۆت بژیەنە”
ئەم قەیرانە دیوێکی دیکەشی بۆ زیاد دەبێت کە دابەزینی بەهای دینارە بەرانبەر دۆلار، چونکە لەو کاتەدا بەهۆی کەمی داهاتەوە، خستنەڕووی دۆلار کەم دەکات و بەهای دیناریش دادەبەزێت.
ئەم قەیرانە رەنگدانەوەکانی تەنها لەسەر عیراق ناوەستێت، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ ئێران و وڵاتانی کەنداو و هەموو ئەوانەشی کە هەناردەکەری نەوتن.
کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر لە عیراق
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی لە ڕێگەی ڕاپۆرتە ساڵانەکانی وەزارەتی دەرەوە (بە تایبەتی ڕاپۆرتی ستراتیژی نێودەوڵەتی کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان - INCSR) و هەروەها لە ڕێگەی سزاکانی وەزارەتی گەنجینە، تیشک دەخاتە سەر دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق. تێڕوانینی ئەمریکا بۆ ئەم بابەتە تەنها وەک کێشەیەکی تەندروستی و کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی و دارایی سەیر دەکرێت کە پەیوەندی بە گرووپە چەکدارەکان و ناسەقامگیری هەرێمییەوە هەیە. ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە وڵاتێکی ترانزێتەوە بۆ وڵاتێکی بەکاربەر گۆڕاوە، لەگەڵ ئەوەی هێشتا وەک ڕێڕەوێکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی کەنداو دەمێنێتەوە. گرنگترین لایەنی تێڕوانینی ئەمریکا بۆ دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق، پەیوەندییەکەیە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و تۆڕەکانی تاوانی ڕێکخراو.
ڕەنگە لە نزیکمەودا عیراق مەستبێت بە بڵندبوونەوەیەکی کاتی کەم، بەڵام درێژ مەودا پێناچێت ئامادەی ئەو قەیرانەبێت کە چاوەڕوانییەتی. لەلایەکی دیکەشەوە، تێڕوانینی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق، لە چوارچێوەی هەڕەشەیەکی فرەلایەنەدا دەبینرێت کە تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی نییە. ئەمریکا عێراق وەک ڕێڕەوێکی سەرەکی بۆ ماددە هۆشبەرەکان دەبینێت کە لە ڕێگەی گرووپە چەکدارەکان و تۆڕەکانی تاوانی ڕێکخراوەوە دارایی بۆ چالاکییە نایاساییەکانیان دابین دەکەن. بۆیە، ستراتیژی ئەمریکا لە عێراق لەم بوارەدا بریتییە لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، لەگەڵ سەپاندنی سزای ڕاستەوخۆ بەسەر ئەو کەس و لایەنانەی کە بەشدارن لەم بازرگانیکردنەدا