دواین هەواڵ

نابێ هەرکەس هەستێ و کاندید بێ!

‌دڵشاد نامق

2 رۆژ پێش ئێستا

پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراقدا بەپێی دەستور سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێ کردنی وڵاتە و بەرپرسە لە  چاودێریکردنی جێبەجێ بوونی دەستور، کەچی مەرجەکانی خۆ کاندید کردن بۆ ئەم پۆستە بەپێی مادەی (٦٨)ی  دەستور، زۆر سادە و ساکارن، بەشێوەیەکی وەها هەموو خولێك ژمارەیەکی سەیر لە چین وتوێژە جیاوازەکانی خەڵك خۆیان بۆی کاندید دەکەن!

مەرجەکانی عێراقی بوون، هەبوونی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، ناوبانگی باش، تەمەنی چل ساڵ و سەروتر، مەشمول نەبوون بە یاسای ڕیدەکێشکردنی بەعس… کە دەستور دایناون بۆ ئەو کەسەی خۆی ئەو پۆستە کاندید دەکات، بابەتی گرنگن، بەڵام بەس نین، ئاخر ناکرێت کاندیدی باڵاترین سەرۆکی دەزگای تەنفیزی بەهیچ فلتەرێکی هەڵبژاردن و پشتیوانیی جەماوەرییدا نەڕوات و ڕاست بچێت بۆ وەرگرتنی فۆڕمی کاندید بوون!

گەر تەماشا نکەین دەبینین خۆ پاڵاوتن بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان و و ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق و کوردستان ڕێوشوێنەکانی قورسترن هەتا خۆ پاڵاوتن بۆ سەرۆك کۆمار، لەکاتێکدا سەرۆك کۆمار لەگشت ئەو پۆستانە گەورەترە و باڵاترە!

لە ئەو وڵاتانەی کە سیستەمیان پەرلەمانیە و سەرۆکی کۆمار لەپەرلەمانەوە هەڵدەبژێرن، بێجگە لەو مەرجانەی پێشوو کۆمەڵێك ڕێوشوێن دادەنێن بۆ کاندیدبوون، ئەوەیش لە پێناو پاراستنی حورمەت و پایەی پۆستەکەدا و بۆ ئەوەی قورسایی مەعنەوی ئەو پێگەیە نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، هەروا بە ئاسانی ڕێگا نادەن هەموو کەس خۆیی بۆ کاندید بکات.

بۆ نمونە لە هەندێك وڵاتدا مەرجە کاندیدی سەرۆك کۆمار لەلایەن کوتلەیەکی پەرلەمانیەوە پشتیوانی بکرێت، یان لانیکەم ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمان بەواژوی یاسایی خۆیان پشتیوانی کاندیدبوونی بکەن، یان خۆی ئەندامی پەرلەمان یان ئەنجومەنێکی هەڵبژێردراوبێت، ئەگەریش کەسێك لەدەرەوەی ئەمانەوە ویستی خۆی کاندید بکات و ئەمانەی نەبوو، ئەوا پێویستە واژووی (٥٠٠) دەنگدەر یان زیاتر کۆبکاتەوە کە پشتیوانیی کاندیدبوونی ئەم کەسە دەکەن… هتد.

بێگومان ئەم ئیجرائاتانە دەبنە بنەمایەکی گرنگ بۆ ڕێزگرتن لەو پۆستە و وادەکەن پێگەی مەعنەویی پارێزراوبێت، ئیتر هەرکەسیش هەستێ ناتوانێ خۆیی بکات بە یاریەکەدا و فۆڕمی کاندیدبوون پڕ بکاتەوە، وایش دەکات کەسانی خاوەن پێگە وسەنگی سیاسی و جەماوەری بچنە کێبەرکێکەوە.

بۆیە پێویستە لە عێراقیش بیر لە هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ٢٦ ی ساڵی ٢٠٠٦ بکرێتەوە، کە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆك کۆماری عێراقی فیدراڵە و ئەم ڕێوشوێنانە بۆ پرۆسەی کاندید بوون زیادبکرێن، کە پێموانیە پێچەوانەی دەستوریش بێت بەو پێیەی پێچەوانەی هیچ کام لە مەرجە دەستوریەکانی مادەی ٦٨ ی دەستور نیە و ڕێگر نیە لێیان، دەیشچێتە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە دامەزراوە دەستوریەکانی وڵاتەوە.

ئەم بۆچوونە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش دروستە و ڕێ وشوێنەکانی خۆپاڵاوتن بۆ ئەوێیش وەك پێویست نین و پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP