دواین هەواڵ

ئێران بەرەو کوێ؟

‌رەنج نەوزاد

18 کاتژمێر پێش ئێستا

کەوتنی هەر ڕژێمێک چەند فاکتەر و هۆکارێکی هەیە، هەندێک کات فاکتەرە ناوخۆييەکان ڕۆڵی زیاتر دەبينن، هەندێک کات دەرەکييەکان، دەکرێت هەردووکی بە یەکەوە ڕۆڵی سەرەکی ببينن. جاک گۆڵدنستۆن، کە پسپۆرێکی ئەمريکييە لە بواری شۆڕشەکان و کەوتنی ڕژێمەکان، پێنج مەرجی گشتی و سەرەکی دادەنێت بۆ کەوتنی ڕژێم و سەرکەوتنی خۆپێشاندەران: ١. هەبوونی قەيڕانێکی ئابووری قووڵ و فرە لایەن کە چارەسەری خێرای بۆ نييە. ٢. پەراوێزخستنی نوخەبەکان و کەسە شياوەکان لە لایەن رژێمەوە، وپێدانی ڕۆڵ بە کەسانێکی کەم توانا لەسەر بنەمای ئينتيمای سياسی. ٣. کاتێک خۆپێشاندەران و ئۆپۆزسيۆن لە چەندين چينی جياوازی کۆمەڵگە پێکدێن، ئەگەر دژایەتی ڕژێم نەبوایە، ئەم چينە کۆمەڵایەتييانە کۆنەدەبوونەوە و خاڵی هاوبەشيان کەمە. ٤. هەبوونی چيرۆک و درووشمی هاوبەش لە نێوان خۆپێشاندەران کە دژی درووشم و چيرۆکی ڕژێمە ( بۆ نموونە نە غەززە نە لوبنان بەڵکو ئێران، بڕوخێت خامنەیی). ٥. هەبوونی ژينگەیەکی دەرەکی نەيار و دووژمنکارانە دژ بە ڕژێم. ئەم پێنج مەرجە سەرەکين، بەڵام مەرجێکی تر هەیە، مەرجی شەشەم، کە هاوکێشەکە یەک لادەکاتەوە و ڕژێم دەڕوخێت، ئەويش مەرجی هەڵگەرانەوەی هێزە چەکدارەکانە لە ڕژێم. لە دواهەمين نووسينی گۆلدنستۆن و کەريم سەجادپور، کە پسپۆرە لە کاروباری ئێران، پێيانوایە ئەمجارە ئێران هەر ٥ مەرجەکەی تيادایە و تەنيا مەرجی شەشەم ماوە. 

ئەگەر هیرشێکی ئەمرێکی-ئيسرائيل رووبدات، ئەگەر بەڕاستی مەبەستيان ڕووخانی ڕژێم بێت، ئەوا دەکرێت ئامانجی هێرشەکە مەرجی شەشەم بێت، ئيتر بە لێدان لە هێزە ئەمنييەکان بە شێوەیەکی زۆر توند، یاخود جوڵانەوەی بەشێک لەو هێزە دژ بە ڕژێم، بەلەبەرچاوگرتنی هەژموون و ئامادەیی مۆساد لەناو هێزە ئەمنيەکانی ئێران، ئەم هەنگاوە ئەستەم نييە. 

بە کورتی، هەردوو نووسەر و چەندين پسپۆری تر، هاوکات زۆربەی پێدراوەکان ئەوە دەڵێن ئێرانی پێش حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئێرانی هيلالی شيعی و بەرەی مقاوەمە کۆتایی هاتووە، بە تايبەت دوای کەوتنی ئەسەد و زەليلکردن و تەسليمبوونی حيزبوڵا و شکاندنی شکۆی هێزی ئێران لە شەڕی ١٢ ڕۆژە و لەدەستدانی کارتی ئەتۆمی. ئەگەر هێرشێکی تر ئەنجامبدرێت، ئەوا ڕژێمی ئێران یان دەڕوخێت، یاخود لەوەش لاوازتر دەبێت و تەنانەت ئەگەری هەیە عيراقيشی لەدەست دەربچێت. لێرەوەیە، ڕژێمی ئێران ئەمجارە هەموو هێز و وزەکەی تەرخان دەکات بۆ مانەوەی خۆی، دەکرێت بۆ رێگرتن لە داڕووخان، تەسليم بێت بە ناوی ڕێککەوتن و ئاگربەست، هاوشێوەی حەماسی غەززە و حزبوڵای لوبنان. یاخود وەک ئەسەد دەکەوێت. 

ستراتيژی ئێران لە ساڵانی ڕابوردوو ئەوە بوو لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، بە خەڵکانی تر شەڕ بکات، بۆ ئەوەی شەڕەکە نەگاتە ناوخۆی ئێران. ئەوانەی دەرەوە هەموویان تەسليم بوون و وێرانکران، ئێستا شەڕەکە هاتووەتە ناو ئێران، واتە یان تەسليم بوون، یان ڕووخان و درووستبوونی فەوزا لە ئێران.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP