دواین هەواڵ

ئایا هەرێمی کوردستان لەناو دەچێت؟

‌کوردستان ئەحمەد

11 کاتژمێر پێش ئێستا

لە سەرەتای هەڵبژاردنەکانی رابردوودا و تا ئەم هەڵبژاردنەش، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش، ژمارەیەک زۆر لە نووسەر و رۆژنامەنوس نووسینەکانیان و قسەکانیان بەو ئاڕاستەیەبوو کە قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو دەچێت، هەندێک لە میدیاکان و هەندێک لە نووسەرەکانیش تەنانەت رۆژ و مانگی لەناوچوونی هەرێمی کوردستانیان دیاری کردبوو، وەک بڵێی لە کۆشکی سپی و یان لە خانووی ژمارە دە دەوام دەکەن، یان نانێکیانان لەگەڵ سەرۆکی چین خواردووە.

بۆچی و کێ ئەم تێکستانە دەنووسران؟

بەشێکی زۆر لەم تێکستانە بۆ ئەوەبوو سواری شەپۆلێکی نارەزایی ببن و لایک و کۆمێنتیان بۆ بێت و هەروەها دەنگ بەدەست بهێنن لە شەقامی کوردیدا، لە راستیدا خۆیان بروایان بەم بابەتە نەبوو، بەڵام گرنگییەکی زۆریان بە قسەکانیان دەدرا، دواتر ئەم بەهاو گرنگییە نەما، بەشێک لەو نووسەرانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون، دەیانویست بە ئێمە بڵێن کە ئەمەریکا و بەریتانیا قەوارەی هەرێمی کوردستانیان بەدڵ نییە و لێی رازی نین بۆیە دەیانەوێت لەماو بچێت و برووخێت، ئەمانە شرۆڤەکاری دەرەوەی بازنەی هەرێمی کوردستان بوون، ئەوانە بوون کە پێیان وابوو کەس ئاگاداری دۆخەکە نییە و زۆر زۆر زیرەکن و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاگاداری دەرەوەنین، ئامانجی سەرەکی لە نووسینی ئەم وتارانە هەم رق بوو لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەمیش فەیک و فشە و قسەی گیرفان بوون و بێسەرووبەربوون.

چیمان کرد؟

زۆر بەدوای ئەو بابەتەدا چووم کە ئایا بەراستی هەرێمی کوردستان لەناو دەچێت؟ زۆرێک لە لێکۆڵینەوە ناوخۆییەکان و قسەکانی ناوخۆم دەخوێندەوە و سەیری نووسەر و میدیاکار و بەڵگەکانیانم دەکرد، لە توورێکی قوڕاوی زیاتر هیچ نەبوو، چوونکە ئەوانەی بانگەشەی ئەم چەمکەیان دەکرد، بەراستی خۆیان ئێستا لە حکوومەتدان و پێگەیان هەیە و قورسایان هەیە و لە ناوەندی بریارن، یان پەراوێز خراون و هیچ کەڵکێکیان نەماوە و کاتێکیش شتێک دەنوسن یان دەیڵێن خەڵق قەشمەریان پێدەکات.

بەشی دووەم کەوتمە لێکۆڵینەوە لەو نووسەر و میدیاکارانەی کە لە دەرەوە بوون و گوایە بە پشتبەستن بە نووسەر و میدیا و سیاسییەکانی دەرەوە ئەو قسەیان کردووە، هەیان بوو دەیگوت زانیاری وردم هەیە کە واشنتن نیگەرانە لە هەولێر و تەواو قەوارەی هەرێمی کوردستان ئێوە خۆش، وەک ئەرکێکی میدیایی بەدوای ئەم بابەتەدا چووم، لە راستیدا ئەم قسانە ئەسڵ و ئەساسیان نییە و نە ئەمەریکا نە بەریتانای نە تورکیا نە ئێران نە چیین هەرگیز قسەیەکی وەهایان نەوتووە و شرۆڤەکارە جیهانییەکانیش هیچ شتێکیان لەسەر ئەو پرسە نەوتووە کە تۆزێک هۆشیار بن.

ئەی چیان وتووە؟

کۆی گشتی قسەکانی ئەمەریکاو بەریتانیا و ئیسرائیل و ئێران و تورکیا و چین ئەم قسەیەیە و لەم دێرە زیاتر نییە: ئێمە هەرێمی کوردستانێکی بەهێزمان دەوێت لە چوارچێوەی عێراقێکی دەستووری و فیدراڵدا کە بنەما دەستووریەکان جێبەجێبکات.

شتێکی دیکە هەیە

ئەمە زانیارییەکی وردی هەم هەواڵگرییە هەمیش دیبلۆماسیانەیە، لە راستیدا واشنتن نیگەرانە لە دۆخی ئازادی رادەربرین و مافی مرۆڤ و خراپی خزمەتگوزارییەکان و دۆخی سیاسی و زیندانەکان و میدیاکاران و ژیانی خەڵکی و چەندین پرسی دیکە کە پەیوەستە بە ژیانی رۆژانەی خەڵکی کوردستانەوە، ئەوان زۆر بە باشی ئەو دۆخە دەبینن کە هەرێمی کوردستانی تێدایە و دەشزانن کە  لە زانکۆ و پەیمانگا و قوتابخانە و نەخۆشخانە و هتدا چی روودەدات و دەشزانن چ کارەساتێکی زۆر قووڵ هەیە لەم وڵاتەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە دەبینن کە هەرێمی کوردستان بەرەو سیستمی ئەلیکترۆنی و کارەبای ٢٤ کاتژمێر دەروات و دامەزراوەکانی دەوڵەت بە ئەلیکترۆنی دەکرێن و رێگەو بان دروست دەکرێت و هەزار و یەک کاری دیکەی گرنگ.

کۆتا قسە

لە راستیدا نە هەرێمی کوردستان لە ناو دەچێت نە هەرەشەی جدیمان لەسەرە، بەڵام هەموولایەک چاکسازییەکان و گەندەڵیەکانیش دەبینن و دەزانن چی دەگوزەرێت لە هەرێمی کوردستاندا، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هەموو لایەک بزانێت کە دەبێت کوردستان لە قۆناغی داهاتوودا بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ پرسەکاندا بکات.

 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP