جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، تەنیا ململانێی نێوان ئەو سێ وڵاتە نیە، بە جۆرێک لە جۆرەکان جەنگی نێوان جەمسەرەکانیشە لە سەر ئابوری و وزە و ئاسایش و هەژمون، هاوشێوەی جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیایە. ئەمریکا و ڕۆژئاوا بە هاوکاری دارایی و تەکنۆلۆژیا و چەکەوە نەیانهێشت ئۆکڕانیا بکەوێت. هەر بۆیە پێدەچێت ڕوسیا و چین زۆر نیگەران بن لە ڕوخانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە تایبەت کە سەرۆک تڕەمپ دەڵێت دوای ئێران نۆڕەی کوبایە، ئەوان دەترسن کە دوایی کوباش نۆرەی ئەوان بێت و جیهان بەرەوە یەک جەمسەری بڕوات و هەرچی ئەمریکا بڵێت، ئەوان ناچار بن جێبەجێی بکەن.
ئایا ڕوسیا و چین دەتوانن وەکو ئەمریکا و ڕۆژئاوا ڕێگە بگرن لە کەوتنی ئێرانی دۆستیان و زیانەکانی ئەمریکا لەم جەنگەدا بەرز بکەنەوە، ئەمە پرسیارێکە کە وڵامەکەی تەنیا لە داهاتوو بەدەستمان دەکەوێت.
لە لایەکیترەوە جولاندنی مەلەفی نەتەوەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە ، تورکیای دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکای لە ناتۆ
نیگەران کردووە، تورکیا زۆر هەستیارە بە پرسی کورد و مافەکانی لە پارچەکانیتر و باڵادەستی ئیسڕائیل لە ناوچەکە. پێدەچێت پرسی نەتەوەکان پاکستانیش لەبەر پرسی بەلوچەکان نیگەران بکات.
وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە هەرچەندە کەوتونەتە بەر هێرشی دڕۆن و موشەکەکانی ئێرانی دراوسێیان، بەڵام پێدەچێت لەدەرئەنجامەکانی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەران بن. ژمارەیەک لەم وڵاتانە مەترسیان لە تێک چونی بالانسی هێز بە سودی ئیسڕائیل و هزری فراوانخوازی ئەو وڵاتە و بیرۆکەی ئیسرائیلی گەورە هەیە ،هەروەها مەترسیان لە ئاشوب و فەوزای دوای ڕوخانی ئێران هەیە بە جۆرێک کە کاریگەری خراپی لەسەر ئاسایشی ئەواندا هەبێت .
لێرەدا ڕۆلی ئەمریکا وەکو زلهێزی هەرە کاریگەرە لە جیهان و ناوچەکە گرنگە، چۆن دەتوانێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت بە سەرکەوتن بێت یان بە ئاشتی و ڕێکەوتن.
گەرچی سەرۆک ترەمپ زۆر بابەتی لەسەر ئێران باس کردووە و کەس بە دروستی نازانێت بۆ داهاتووی ئێران چ پلانێکی هەیە ، هەڵبەت ئەگەر پلانی نوسراوی هەبێت ، بەڵام پێم وایە داوای سەرۆک تڕەمپ بۆ تەسلیم بوونی ئێران دەرگای گفتگۆ و ڕێکەوتن دادەخات، بەرپرسانی ئێستای ئێران ناچار دەکات بەرەوام بن لە جەنگەکە و گەر پێیان بکرێت فراوانتریشی بکەن .
توانای سەرکردەکان لە هەڵگیرسانی شەڕدا نیە، بەڵکو لە دۆزینەوەی ڕێگای ئاشتی و ڕێکەوتنی عادلانەیە لەگەڵ نەیار و کۆتایی هێنانە بە جەنگ.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و عێڕاقیش کە بوونەتە تاکە شوێن کە دۆستی ئەمریکا و ئێرانن و لە لایەن هەر دوو وڵات هێرشیان دەکرێتە سەر ، هەروەها هێزی میلیشیایی ناوخۆی هێرش دەکاتە سەر بەشێکی عێڕاق کە هەرێمی کوردستانە.
گەلی عێراق و کوردستان بۆ ساڵانێکی دوورو درێژ بوونەتە قوربانی جەنگ و شەڕەکان،شایستەی ئاسایش و ئارامین.
بەو هیوایەی سەرکردە بە حکمەت و سیاسەتمەدارە زانا و نیشتمانپەروەرەکانمان، هەمویان بە دروستی لە ڕەهەندەکانی ئەم جەنگە تێ بگەن و بتوانن بە سیاسەت و حیکمەتەوە ئیدارەی ئەم بارودۆخە بکەن، بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان گەل و وڵاتی خۆیان بپارێزن و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیر بن.
بەو هیوایەی زوو کۆتایی بەم جەنگە وێرانکەرە بهێندرێت، بۆ ئەوەی ڕێگە لە کوشتن و وێرانکاری و بڵاو بونەوەی حقدی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی زیاتر لەم ناوچەیە بگیرێت.