ئەمڕۆ حووسييەکان موشەکێکيان ئاڕاستەی ئيسرائيل کرد، وا ديارە بە فەرمی هاتنە ناو شەڕەکە، یاخود بەم نزيکانە دێن. ئەمە چەند هۆکارێکی هەیە:
١. ڕوونە ئێران لە ڕووی سەربازييەوە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ئيسرائيل و ئەمريکای نييە. (تا ئێستا ئێران نەيتوانووە یەک سەربازی ئيسرائيلی بريندار بکات، نەيتوانيوە یەک فڕۆکەی ئيسرائيلی و ئەمريکی بخاتە خوارەوە لە ئاسمانی ئێران). بۆ پڕ کردنەوەی ئەم خاڵە لاوازە پەنای بردە بەر چەند کارتێک: کارتی بە ئامانجگرتنی سڤيل و ژێرخانی مەدەنی لە ئيسرائيل بۆ فشارکردن کە جەنگەکە بوەستێنرێت. ئەمەش زيانەکانی زۆر سنووردارە و تا ئێستا کەمتر لە ٢٠ سڤيلی ئيسرائيلی کووژراوە، زیانە ماددييەکانيش بە هەمان شێوە (ئەگەر قەبارەی جەنگەکە و ئامانجەکانی ئيسرائيل لەبەرچاو بگيرێت زیانەکانی ئيسرائيل مایەیی باس نين، حيزبوڵا کاريگەرترە لە ئێران لەو ڕووەوە). کارتی هێرش کردنە سەر وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەی ناچاريان بکات فشار لە ئەمريکا بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان. ئەمە دەرئەنجامێکی پێچەوانەی هەبوو، ئێستا سعوودييە و ئيمارات فشار لە ئەمريکا دەکەن کە جەنگەکە بەردەوام بێت. کارتی حيزبوڵا، ئيسرائيل ئەمەی پێخۆش بوو چونکە بووە هۆکاری ئەوەی ئيسرائيل خاکێکی فراوان لە لوبنان بگرێت.
کارتی هورمز و نرخی نەوت. ئامانجی ئێران ئەوە بوو نرخی بەرميلێک نەوت بگەیەنێتە ٢٠٠ دۆلار، بەڵام تا ئێستا نەگەيشتووە. تەنانەت نرخی نەوت لە ئێستادا، هەرزانترە لە نرخی نەوت لە ٢٠٢٢ کە بەرميلێک گەيشتە ١٣٩ دۆلار. هاوکات ئيماڕات و سعوودييە لە ڕێگای ترەوە، بێ تێپەڕبوون بە هورمز دەتوانن چەندين مليۆن بەرميل نەوت هەناردە بکەن. بە تايبەت سعوودييە لە دەريای سوورەوە. بەشێک لە سزاکانی سەر وزەی ڕووسيا لادرا. خودی ئێران نەيتوانيووە بە تەواوی هورمز بگرێت، لایەنی کەم ناچارە رێ بە کەشتييەکانی ژمارەیەک دەوڵەتی تر بدات بۆ ئەوەی هەموو جيهان نەکاتە دژی خۆی. ئينجا لێدوانە تەمومژاوييەکانی تڕەمپ سەبارەت بە کۆتایی هاتنی جەنگەکە ڕۆڵێکی گەورە دەبينێت لە نرخی نەوت. ئەم هۆکارانە وایان کرد کارتی هورمز بەشێکی گەورە لە تواناکەی لەدەست بدات بۆ ئێران.
بۆیە وا ديارە ئێران پەنا دەباتە بەر کارتێکی تر کە بەکاری نەهێنابوو و بۆ قۆناغی کۆتایی هەڵيگرتبوو، ئەويش حووسييەکانە کە دەتوانن کێشە بۆ بابولمەندەب و دەریای سوور و کەنداوی عەدەن درووست بکەن. جارێ ڕوون نييە ئەم کارتەش وەک کارتەکانی تر لاواز و کەم کاريگەر دەبن و لێکەوتەی خەراپتری دەبێت بۆ ئێران یاخود نا. ئەم کارتە ئەگەر بەکاربێت دەکرێت ميسريش، وەک کەنداو، بکاتە دژە ئێران، چونکە زيانی گەورە لە کەناڵی سوەيس دەدات کە سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتە بۆ ميسر. هەر وەها دەکرێت سعوودييە لە ڕێگەی ميليشياکانيەوە لە یەمەن هێرشی زەمينی بکاتە سەر حووسييەکان، چونکە یەکێک لە ئامانجی حووسييەکان ئەوە دەبێت کێشە بۆ هەناردەکردنی نەوتی سعودييە لە دەریای سوو درووست بکات. خاڵێکی گرنگ ئەوەیە، بابولمەندەب بەديلی هەیە، ئەويش ڕێگای باشووری کيشوەری ئەفريقيایە، ڕاستە نرخی شمەک و جوڵە گرانتر دەکات، بەڵام دەکرێت ببێتە بەديل بۆ گەرووی بابولمەندەب.
هێرشەکانی ئيسرائيل و ئەمريکا، بە تايبەت دوێنێ کە ژێرخانی سەرەکی ئابووری ئێرانی گرتەوە و هێرشەکان توندتر و فراوانتر بوونە، ئەوە دەردەخات کارتەکانی ئێران هيچيان کاريگەرييەکی وایان نەبووە کە سنوورێک بۆ ئيسرائيل و ئەمريکا دابنێت. ئێران دەترسێت قۆناغی داهاتوو، لە بری دانوستان و کۆتایی هاتنی جەنگەکە، قۆناغی هێرشی زەمينی و لێدان بێت لە ژێرخانی وزە. بۆیە کارتێکی نوێ بەکاردەهێنێت کە حووسييەکانە.