دواین هەواڵ

هەرێمى کوردستانى خۆڕاگر ،، لە نێو عێراقێکى بارمتەکرا و ناوچەیەکى ئاڵۆزدا

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

4 کاتژمێر پێش ئێستا

لەگەڵ بەرفراوانتربوون جەنگ و ململانییەکانى ئەمەریکاوئیسرائیل بۆ سەر ئێران ، دواى ئەوەى لەماوەى چەند ساڵى رابردوو بەردەوام دەسەلاتدارانى ئەمەریکا هۆشدارى توندیان دەدایە عێراق بۆ خۆ دوورخستنەوە لە ئێران و هەروەها چەککردنى تاقم و گروپ و میلیشیا نایاسایی و تیرۆریستەکان لە کۆتاییدا عێراقیان خستە نێو ئەو شەڕ وئاڵۆزییانەوە ، بەجۆرێک ئێستا بەغدا لە نێو ئاڵنگاریی و قۆناغێکى زۆر ئاڵۆزى نێوخۆیدایە و تێوەگلا لە نێو ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەدا ، ئەوەش ئاماژەیە بەو راستییەى حکوومەتى بەغدا نەیتوانى و ناتوانێت ئەو گروپانە کۆنتڕۆڵ بکات و  رۆژ بەرۆژیش لە ژێر گوشارى زۆر لەلایەن ئەو میلیشیا تیرۆریستە وەلائییانە بووەتەوە ، ئەوەش عێراقى خستۆتە بەرەیەکى جەنگى پشتیوانیکردن لە تاران بەتایبەتى دواى ئەو گورزە کوشندەیەى کەبەر پەیکەرى دەسەڵاتى ئێران کەوت

ئەوەى لە ئێستادا لەو گروپ وتاقمە میلیشیایانە دەبینرێت ، ئەنجامدانى کردەوە تیرۆریستى و هێرشە بۆ سەر بەرژوەندییەکانى ئەمەریکا وهاوپەیمانى لە عێراقدا ، لە پاڵ ئەوەشدا هێشتا لە نێو پەرلەمان و حکوومەت و ئیمکانییەتەکانى بۆ مەرگ بۆ ئەمەریکاو ئیسرائیل بەکار دێنن ، ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە ، سەرکردە سیاسییەکانى عێراق لە بیریان چوو ئەگەر ئەمەریکاوهاوپەیمانان نەبووایە لەساڵى 2003 هەرگیز توانایی رووخاندنى ڕژێمى سەدامیان نەبوو و عێراقى نوێش بونیات نەدەنرا ، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر هەوڵى دا کە عێراق تێکەڵى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی بێتەوە لە چەقبەستوویی رزگار بێت

بەڵام وەک بینرا لە پاداشتى ئەوەدا , ئەو گروپ و تاقمە میلیشیانە ساڵانێکى زۆرە هێرشى تیرۆریستى زۆریان بۆ سەر بارەگا و سەربازانى ئەمەریکاو هاوپەیمانان لە عێراق دەستپێکردووە و هێرشى لەسەر باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان دەکەن ، پەڵامارۆى کۆمپانیاکانى وزە و فڕۆکەخانە و شوێنە بارزگارییەکان دەدرێت ، ئەوەش مەترسى و نیگەرانییەکى گەورە لەسەر ئایندەى عێراق دروستکردووە و ئەمەریکا نایەوێت چیتر عێراقى میلیشیابوونى بوونى هەبێت ، بۆیە ئێستا عێراق چووەتە نێو هاوکێشە ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە و نێودەوڵەتییەوە

بەڵام لە ناوچەیەکى ئاڵۆزى وەک رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و عێراقى بارمتەکراوى چەنگى میلیشیا و گروپە وەلائییەکان دا ، دوورگەیەکى سەقامگیرى و ئارام و تمانە پێگراو بەناوى هەرێمى کوردستان هەیە ، کە بەڕێگەى پەیروکردنى سیاسەتێکى ژیرانە وجیاوازەوە توانیوێتى ئیدارەدانێکى سەرکەوتووانە لە نێو ئەو جەنگ  و ئاڵۆزییانەدا پەیرەو بکات , ئەوەش لە ئەنجامى سیاسەتى ژیرانەى سەرکردایەتى سیاسى کورد و بەتایبەت ئامادەبوونى رابەرێکى حەکیمى وەک سەرۆک مسعود بارزانییە ، کە لە سەرەتاوە کارى بۆ دوورخستنەوەى ئاڵۆزییەکان ناوچەکە و کردووە وهەمیشە لەپەیوەندى دیپلۆماسى و سیاسى بووە لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و زڵهێزانى جیهان و بەدیاریکراویش ئەمەریکا وهاوپەیمانان و وڵاتانى کەنداو و یەکێتیی ئەورووپا ، ئەوەش وایکردووە کە ئاشتى و سەقامگیرى لە کوردستان بەرقەرار بێت و کوردستان بە پارێزراوى بمێنێتەوە ، ڕێگەشى گرتووە لە تێوەگلانى لە نێو ئاڵۆزی و ململانییەکانى ناوچەکەدا

سەرۆک بارزانى و دیپلۆماسى و سیاسەتەکانى وایانکردووە کە وڵاتانى ناوچەکە و جیهان رۆژ بە رۆژ زیاتر لەو هەڵوێست بۆچوونە ژیرانەکانى تێبگەن ، ئەوەش ئاماژەیە بە بەهێزى و سەنگى و پێگەى هەرێمى کوردستان و هەروەها هاوپەیمانى بەهێزى لەگەڵ زڵهێزان و وڵاتانى ناوچەکە دا ، چونکە هەرێمى کوردستان زۆر ژیرانە و لۆژیکانە هەوڵیداوە سیاسەت ودیپلۆماسیی خۆى لە سەر بنەماى هاوبەشى ستراتیژى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و جیهان پەرە پێبدات ، ئەوەش خۆى لەخۆیدا ئاماژەیە  بە سەنگ و قورسایی سیاسى و ئەمنى و دیپلۆماسى هەرێمى کوردستان لە نێو شەڕوململانییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ، ئەوەش وادەکات زیاتر کوردستان دەرفەى باشى بۆ بێتە ئاراوە تا پێگەى خۆى وەک کارەکتەرێکى باش و سەقامگیرى بەهێز بکات و پشتیوانى نێودەوڵەتیش بۆ قەوارەکەى و گەلەکەى بێنێتەدى و خۆشى لە تێودەگلان لە جەنگ وململانێیەکان بەدوور بگرێت

ئەو سیاسەت و دیپلۆماسییەتەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عێراق و ناوچەکە وجێهان جێبەجێ دەکات ، تێگەیشتنێکى لۆژیکانەى سەرکردایەتیی سیاسى کوردستانە لە نێو هاوکێشەکاندا ، ئەوەش وادەکات هەرێمى کوردستان زیاتر بەهێزتر بێت،چونکە بە خوێندنەوەى وردبینانە و ژیرانە ولۆژیکانە کارى کردووە بۆ  بەدیهێنانى هاوسەنگى ، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتمان بکات و دەستکەوتەکان دەستبەر بکات و لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتەکان بقۆزرێتەوە بۆ دروستکردن وبەهێزتر کردنى هاوپەیمانى ناوچەی ونێودەوڵەتى ولە پێناو زیاتر  بەهێزتر کردنى پێگەى هەرێمى کوردستان لەسەرئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتییدا

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP