دواین هەواڵ

وەلائییە کوردەکان: هۆنینەوەیەک بەبۆنەی کۆتا ناڵە و گرمەوە!

‌بەهرۆز جەعفەر

4 کاتژمێر پێش ئێستا

بابەتەکە ڕەخنە نییە، بەڵکو خیانەتی نیشتیمانی و کلک گرێدانە..میدیایی وەلائی کوردیی و پەرلەمانتاری وەلائی کوردیی ئیتر گریمانە نین، بەڵکو بە واقیعی هەن. بە پێی پێناسەی نەتەوە-یەکگرتوەکان، بە پێی پێناسەی پنتاگۆن، بەپێی ئۆکسفۆرد:

هەر هێرشێک "توندوتیژیی تیابێت"، بە "مەرامێکی سیاسیی" بکرێتە سەر خەڵکی "سڤیل و ناوەندە شەرعییەکان" ئەوە ئەو هێرشە تیرۆریستی یە، بکەرەکەی تیرۆریستە، ڕووداوەکەش ناوی تیرۆرە. جا هەرکەس بیکات، دەوڵەت بێت، کەسێک بێت، هەر گرووپ و هەر حیزب و هەر لایەک بیکات [ئێمە تەنها بەو سێ سیفەتە دەتوانین بزانین ڕووداوێک تیرۆرە یان نا].

لە ٣٥ ڕۆژدا زیاتر لە (٦٥٠) هێرشی درۆنی و مووشەکی کراوەتە سەر خەڵکی کوردستان، دەنگیان لێوە نەهاتوە..کەچی ئێستا ئەو کوردە-وەلائییانە هاتوون بوون بە پارێزەری داگیرکەران و دوژمنانی ئەم خاک و گەلە..

هیچ کام لەوانە لە مەیدانی قسەو ڕەخنەدا نەبوون، ئێمە ڕەخنەمان گرتوە. لەسەر تەلەفزیۆنی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان ڕەخنەمان لە یەکێتی و سەرکردایەتی و تەنانەت مێژووی حیزبەکەش گرتوە. لەسەر تەلەفزیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەخنەمان لە پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و تەواوی پرۆسە نەوتییەکانیش گرتوە.. لەگەڵیشیدا پەنجا جار پرۆژەی تاکەکەسی و خۆبەخشانەمان بۆ پیاچوونەوە پێشکەشکردوە. دە-باشە تۆ لە کەناڵەکەی خۆت و مینبەرەکەی خۆت، لە سایتەکەی خۆت ڕێگە بدە ڕەخنە بگرم و بێم بەو خەڵکەتان بناسێنم!؟

کاکە خۆ-بە ئاشکرا لە مانگی ئابی ٢٠١٩دا لە بارەگای دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران لە شاری ورمێ دوان لەمانە بینران لە میدیاکانیش بەڵگە بڵاوبۆیەوەو، خۆشیان ڕەتیان نەکردەوە، بەڵام وتیان بۆ پیاسەچووین، لەوێ بانگکراوین بۆ لێپێچینەوە!؟

کاکە؛ لەدوای گرژییەکانى گوندى لاجان لە ساڵى رابردوو، سیاسىیەکی کوردى نیزیک لەو گرووپانەى ناو حەشد، لە پەخشى راستەوخۆدا زانیارییەکی وەک موژدە بۆ خەڵکی کوردستان درکاند کە پلان هەیە بۆ لێدان و لاوازکردنى بەشێکى هەرێمی کوردستان کە مەبەستى لە هەولێر و دهۆک بوو.
خۆیان ڕاستییەکە دەزانن، بەڵام ڕۆڵ و بەرنامەکەی کە پێیان دراوەو، ئەرکیان پێ سپێردراوە ڕێگەیان نادات بیبینن [بەتایبەتی ئەمساڵ دیارە کە هەر یەکەیان ڕۆڵێکی پێدراوە]. جارێکیان یەکێک لەو برایانە، کە لە نەوەتەکان لە بزوتنەوەی ئیسلامی بوە لەبارەی شەڕی ناوخۆیان لەگەڵ(ی،ن،ک) وەڵاهی، بە قورئانی عەزیم پێی وتم: ئێران بە یەک مێکزەمینی چەک و تفاقی دەهێنا بۆمان، نیوەی لای ئێمە دادەگرت، نیوەکەی تری لای یەکێتی!

هەندێ پەرلەمانتاری کورد بە پێچەوانەوە لەو پانزە ساڵەی ڕابردوودا بوون بە نوێنەری بەغداو هێزە وەلائیەکان لە کوردستان. لێ ئەم جەنگە بەڕوونی دەریخست ئەوانە کێ درووستیکردوون و دەستی لە پشت داون..

کاکە جیاوازییەکی زۆر هەیە؛ تۆ بۆ-خۆت هەبیت و بە سرووشت قسەبکەی و ڕەخنە بکەی و سیاسەتێک ڕەت بکەیتەوە، لەگەڵ ئەوەی یەکێک یان لایەنێک هانت بدات ئەوە بکەیت! ئنجا سەیری بکە؛ هەر کەسێک تەنانەت خولێکی ٧ ڕۆژی لە میدیادا بینی بێت دەزانێت "هەواڵ" دەبێت فاکت بێت نەک "ڕا- Opinion" بێت..تاکەی لەخۆتانەوە بۆچوون و بیرۆکەی ژەهراوی و ناخی خۆتان دەکەن بە هەواڵ و دەرخواردی کۆمەڵگەی دەدەن!؟

سلێمانی شاری زیندوو، شاری کوردپەروەریی و بەرهەڵستکاریی، ئەدەب و هونەر و جوگرافیاو هەموو شتێکی ڕازاوەو جوان، خاوەنی هەزارەها ڕۆڵەی داهێنەر و لە-خۆ-بردوو.. قەت هەق نییە ئیتر بێدەنگ بێت و سنوورێک بۆ ئەمانە دانەنێت؛ بەس نییە ئیتر!؟ ئەوجا کارەساتی میدیای پارتیش لەولاوە بوەستێ؛ لەباتی ئەم وەلائییانە بکاتە ئامانج، دێت ناوی سلێمانی دەهێنێت! با ئێمە خەڵکی ناو جادە-شەستییەکەی سلێمانیش نەبین، بەڵام سلێمانی خەڵک و خاک و یادەوەری دەستەجەمعی هەموومانە، هەروەک چۆن شارو پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دەبێت وەها بن! ئێستا کە غاز گرانبوەو، کارەبا کەمە، هۆیەکەی زۆرتر لەبەر لە ترسی ئەو میلیشیایانە وەبەرهێنان ڕاگیراوە نەک لەترسی ئێران! ئێ تۆی وەلائی بۆ لە پەرلەمانی عێراق باسی ئەمە ناکەی!؟ بۆ ناڵێی کاکە عێراق خۆی گازی هەیە بۆچی لە ئێران و تورکمانستان دەیکڕن و، بەدرۆن و کاتیۆشا پەلاماری کێڵگەکانی خۆشمان دەدەن!؟ بۆچی ناپرسی عێراق نەوت بەرهەم دەهێنێت بەڵام بە ملیارەها دۆلار بەنزین هاوردە دەکات!؟

بە بۆنەی کۆتا گرمەو دەنگی گەورەی هێرشی تاریکپەرستانەوە ئەمەم نووسی. ئێمە هیچ لەم گۆڕانکارییە جیهانی و ناوچەییەدا هیچ بەشداریی و کێشەیەکمان لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دراوسێ یان لایەنێک نییە، لە سەر خاک و ئاوی خۆمان دانیشتووین، ئێ کاکە ئەوە ٦٥٠ درۆن و مووشەکی تێگرتووین!؟ ئا..لێرەدا دانیشم ساروخ و درۆنم پێوە بنەن، تۆش بێیت ستایشیان بکەی؟نابێت..نااا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP