سەردانەکەی سەرۆک" نێچیرڤان بارزانی"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڤاتیکان و دیدارەکەی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، تەنیا بۆنەیەکی پڕۆتۆکۆلی ئاسایی نییە، بەڵکو ڕووداوێکی سیاسی و ڕەمزی قووڵە، هەڵگری پەیامگەلێکە کە سنووری ڕێزی دیپلۆماسی تێدەپەڕێنێت. ڤاتیکان بە یەک شێوە پێشوازی لە هەموو کەسێک ناکات و ئەم جۆرە ڕێزگرتنە ڕەمزییە تەنیا بەو کەسانە دەبەخشێت کە بە هاووبەشی بەهاکانی سەقامگیری و پێکەوەژیان و ئاشتی دەزانێت!!
لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هەندێک جار هێماکان گرنگترن لە لێدوانی فەرمی.کاتێک ئاڵای کوردستان لە فڕۆکەخانەی ڤاتیکان شانبەشانی ئاڵای ڤاتیکان و ئیتاڵیا هەڵدەکرێت، بەبێ بوونی ئاڵای عێراق، دیمەنەکە بە سادەیی وەک ڕێکخستنێکی پرۆتۆکۆلی لێکنادرێتەوە، بەڵکو وەک دانپێدانانێکی ئەخلاقی بە جیاوازیی قەوارەی کوردی و بەرزبوونەوەی پێگەی سیاسی لە ناوچەکەدا لێکدەدرێتەوە. جیهان هەمیشە تەنیا لە ڕێگەی دەقە دەستوورییەکانەوە مامەڵە لەگەڵ واقیعەکاندا ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی وێنە و پێشوازی و زمانی پرۆتۆکۆل و شێوازی پێشکەشکردنی میوان بۆ بیروڕای گشتی نێودەوڵەتیش مامەڵە دەکات!!
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ،باشووری کوردستان سەرکەوتوو بووە لە بنیاتنانی وێنەیەکی جیاواز لە دەوروبەرە پڕ لە گێژاوەکەی. وێنەی ئەو ناوچەیەی کە لە ساتەکانی داڕمانی گەوورەدا مەسیحییەکان و ئێزیدییەکان و خەڵکی ئاوارەیی لە باوەش گرتبوو، کە زۆرێک لە شارەکان دەکەوتنە ناو ئاژاوە و ترسەوە، ڕێک ئەوەیە کە وایکرد ڤاتیکان نەک تەنها وەک هێزێکی سیاسی، بەڵکو وەک ژینگەی پاراستنی مرۆیی و ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ،تەماشای کوردستان بکات!!
ڤاتیکان دان بەوەدا دەنێت کە کورد سەرەڕای هەموو کارەساتە مێژووییەکانی، پڕۆژەکەیان لەسەر ڕق و کینەی ئایینی یان وەدەرنانی تائیفی بنیات نەناوە. بۆیە پەیوەندی نێوان هەردوولا ڕەهەندێکی ئەخلاقیشی هەڵگرتووە، بەتایبەتی دوای ئەو تاوانانەی داعش دژی مەسیحییەکان و ئێزیدیەکان ئەنجامیاندا، کە هێزی پێشمەرگە ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە پاراستنی هەزاران بنەماڵە و پاراستنی ئەوەی لە فرەچەشنی ئایینی ناوچەکە مابووەوە!
بەڵام ڤاتیکان چی پێشکەش بە کورد و دۆزی ئەوان دەکات؟!!
ڕەنگە ڤاتیکان خاوەنی سوپا و کاریگەری سەربازی نەبێت، بەڵام خاوەنی شتێکی قووڵترە: شەرعیەتی ئەخلاقی گشتگیر. دەنگێکی ڕەمزییە و کاریگەرییەکی بێئەندازەی هەیە لەناو ئەوروپا و جیهانی مەسیحیدا و کاتێکیش بەم شێوەیە دەرگاکانی بەڕووی سەرکردەیەکی کورددا دەکاتەوە، بەشداری دەکات لە جێگیرکردنی وێنەی کورد وەک گەلێکی شایستەی ڕێزگرتن، نەک وەک پرسێکی پەراوێزخراو و لەبیرکراو.
هەروەها ڤاتیکان دەتوانێت وەک پردێک لە نێوان پایتەختەکانی کوردستان و ڕۆژئاوادا بێت، بەتایبەتی لە پرسەکانی پەیوەست بە مافی کەمینەکان و گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و سەقامگیری ناوچەکە. لە دونیای ئەمڕۆدا ئیتر دەسەڵات تەنها بە هێزی سەربازی و هێزی ئابوری ناپێورێت، بەڵکو بە توانای کۆکردنەوەی پشتیوانی ئەخلاقی و ڕەمزیش، هەڵدەسەنگێنرێت!
بۆیە گرنگی ئەم سەردانە تەنها لە خودی کۆبوونەوەکەدا نییە، بەڵکو لەو پەیامەشدایە کە بە جیهانی گەیاندووە:
کە کوردستان ئیتر تەنیا قەوارەیەکی جوگرافی نییە کە بەدوای دانپێداناندا دەگەڕێت، بەڵکو ئەزموونێکی سیاسی و مرۆییە کە خەریکە جێگەی خۆی لە یادەوەریی بەکۆمەڵی دامەزراوە گەوورە نێودەوڵەتییەکان مسۆگەر دەکات، تەنانەت ئەوانەی کە زیاتر بە زمانی ڕۆح لە زمانی سیاسەت قسە دەکەن!!
#عەتا_شەمێرانی