دواین هەواڵ

حەمەڕەشی لالەزاری پاڵەوانە

‌ئیبراهیم شێخ وەسانی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

(١) دوو رۆژە کەللەی سەرم دێشی، فیکر و هۆشم هەر لەسەر ئەوەیە کە بەسەر حەمەڕەش هێنراوە، ئەو رووداوە ئەمنی تاساندیە، دەزانم هەر دەستەڵاتێک نەتوانێت ئیرادەی ئەوانەی وەک ئەو بیرناکەنەوە، تێکبشکێنی، ئەگەر لە لێپێچینەوەی یاسایی نەترسێت، پەنا بۆ ئەوپەڕی دڕاندایەتی دەبات، بەڵام ئەو پرسیارەی کە بێ وەڵامە لەلای من، ئەوەیە، بۆچی ئەو رووداوانە ئاوا بە ئاسانی و بەبێ هیچ پەرچەکردارێکی کۆمەڵایی تێدەپەڕن و بە ئاسایی وەردەگیرێن. ((کەس ناپرسی «ئەرێ گەلۆ، بۆچی وەک تەماشاکەرێکی خوێن سارد ئەو رووداوە جەرگبڕانە وەک نۆرم و واقیعێکی ئاسایی رۆژانە وەردەگرین؟!»))

(٢) ری پۆستێکم بینی کە هی مامۆستاکەی حەمەرەش بوو، نووسیبووی« بۆچی بۆ واتان لێکرد، نەیتوانی عارەبانەیەک بکڕێت». دەی ئەگەر بیتوانیبایە عارەبانەکە بکڕێت، ئاسایی بوو ئاوای لێبکرێت؟! لەلای من حەمەڕەش کێیە و پێشتر چیکردووە، چکارەیە، کەیسەکەی چیە، گرنگ نیە، ئەمن دژی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتکردنەم لەگەڵ هەر مرۆڤێک بکرێت، هەتا ئەگەر ئەو کەسە پێشتر تاوانیشی کردبێت. ((ئەوەی لە دۆسیەی حەمەرەش لەلام گرنگە، ئەوەیە، هیچکەس مافی ئەوەی نیە جەستەی مرۆڤێکی دیکە ئاوا لێبکات))

(٣) ئەمن بەهیچ شێوەیەک موعجیبی دونیابینی سیاسی لاهوری شێخ جەنگی نەبووم و نیمە، دەشزانم سلێمانی لەسەردەمی دەستەڵاتی ئەویشدا شامی شەریف نەبووە، بۆئەوەی راستگۆبم لەو نووسینە دەبی ئەوەشبڵێم ، بێ ئەوەی زەڕەیەک هاسۆزیم بۆ باڤل و یەکێتی هەبێت، هەتا پێمکرا دوای هەشتی تەمموز هاوڕێ ، خزم و کەسەکانی خۆم هاندا واز لەلاهوری شێخ جەنگی بێنن، پێمدەگوتن« لاهور لەرووی سیاسیەوە کۆتایی هاتووە». مەبەستیشم ئەوەبوو کەسوکارم کە زۆرینەیان پاشماوەی ئەنفالن، هەزار و یەکجار فێلیان لێکراوە، ژیانی ئاسایان تێکنەچێت و نەبنە قوربانی شەڕی ئامۆزاکان لەسەر دەستەڵات. ((بەڵام دەستبردن بۆ پیرۆزترین ئەندامی جەستەی مرۆڤ بەناوی حیزبی مام و یەکێتی، ئەمنی دوو رۆژە لە ناخەوە کردیتە سەرسەخترین بەرگریکاری گروپی لالەزار، ئەمن لە پێرێکەوە واهەستدەکەم لالەزاریم))

(٤) پێشتریش رووداوی هاوشێوە و بگرە خراپتریش روویداوە، بەڵام جیاوازی چیرۆکی حەمەڕەش ئەوەیە کە هیچکەس ئاوا وەک ئەو بەجورئەتەوە نەیتوانیوە لە ژووری دادگا بیدرکێنێ، بۆیە حەمەرەش شایەتحاڵێکی زیندووە لەسەر ئەو نادادییەی سی و سێ ساڵە لە ژێر پەردەی پیرۆزیی دەستەڵاتی خۆماڵی کوردیەوە ئەنجام دەدرێت. ((حەمەڕەش نەترسا لەوەی جەستەی خۆی بکاتە کتێبێکی ئەرشیفی کە باس لەوە دەکات چ حەشرێک لەلایەن دەستەڵاتی کوردیەوە بە گەنجەکانی ئەو هەرێمە دەکرێ)) (٥) مەبەستی سەرەکیم لەو نووسینە، ئەوەیە، بێژم هەست بە هەڵەیەکی ستراتیژی زۆر گەورە لە نووسینی گوتار لە ئاست ئەو رووداوانە دەکەم، ماوەیەکە هەست دەکەم بێ ئەوەی درکی پێبکەین، هەموومان وەک دۆڕاوێک باس لە قوربانیەکان دەکەین، لە کاتێکدا جەلادەکانی زیندان لەبەردەم ئیرادەی حەمەرەش دۆڕاون و نەیانتوانیوە ئیرادەی تێکبشکێنن، بۆیە ئاوایان لێکردووە، ئەوەی بەسەر حەمەڕەش هاتووە بەڵگەی ترسنۆکی و داڕووخانی ئەخلاقیی ئەو دەستەڵاتەیە کە بانگەشەی دیموکراسی و مۆدێرن دەکات. ((بکەرانی ئەو جۆرە تاوانانە بەمەبەستی هەتکردن و زەعیف پیشاندان ئەوە بەرامبەر حەمەڕەشەکان دەکەن، بەڵام ئەوەی زەڕبە لە کەیسەکە دەدات گوتاری راگەیاندنە کە تەنها وەک قوربانیەک لە حەمەڕەشەکان دەڕوانێت، هەر ئەوەشە کە بکەرە دۆڕاوەکانی ئەو تاوانە دەکاتە براوە، بێدەنگی و خوێن ساردی کۆمەڵایەتیش دروست دەکات))

(٦) بۆئەوەی کەیسی حەمەڕەشەکان بگۆڕین بۆ قەڵایەکی پۆڵاینی بەرەنگاری کە نەهێڵێت چیتر ئەو رووداوە جەرگبڕانە دووبارە ببنەوە، یەکەم هەنگاویش ئەوەیە شوتێک لە مانا سۆسیۆلۆژییەکەی پێناسەی چەمکی پیاوەتی هەڵدەین، ئەگەر کەسێکی خاوەن ئیرادەی وەک حەمەڕەش لەلایەن کۆمەڵێک ناپیاوەوە ئاوا لێبکرێت، دەبێت لە گوتاردا فۆکەس بخرێتە سەر ئیرادەی حەمەڕەشەکان نەک ئەو ناپیاوەتیەی ناپیاوەکان کردیتیان، ئەگەر کۆمەڵگە والێبکەین ئەو کەسەی ئەندامی وەچەخستەنەوەی لەکارخراوە وەک پاڵەوانێک سەیربکات، برینی جەستەی حەمەڕەشەکان دەبنە برینێکی ئاشکرای عەیبدار بەسەر جەستەی بکەرانی. ((ئەگەر لە گوتاردا حەمەڕەشەکان بکەینە پاڵەوان، ناپیاوەکان لە ترسی تەقینەوەی تووڕەیی کۆمەڵایەتی ناچاردەبن پاشەکشەبکەن))

(٧) دەمتوانی زۆرتر لەسەر ئەو باسە بنووسم، بەڵام بەمەبەست پەرەگرافی کۆتایی ئەو وتارە بە ژمارە حەفت کۆتایی پێدێنم، چونکە ئێستاکە رقم لە ژمارە هەشتی دەبیتەوە. بەڵێ زۆر رقم لە هەشتی تەمموزە. کاکە حەمەڕەش، لاپەڕەکانی مێژوو پڕن لە ناوی ئەو کەسانەی جەستەیان وەک جەستەی ئێوە شێوێندراوە، بەڵام ناوەکەیان بووە سیمبولی بەرەنگاری بۆ نەوەی دوای خۆیان. گوتبووت« لەژێر ئەشکەنجە پیاوەتیم لەدەستداوە»، بەڵام جەستەی بایۆلۆژی پەیوەندی بە چەمکی پیاوەتیەوە نیە، ئەتو پیاوەتیت لەدەستنەداوە، ئەوەی پیاوەتی لەدەستداوە ئەو دەزگایەیە کە ناتوانێت ئیرادەی تۆ تێکبشکێنی ترسنۆکانە رەفتار دەکات و شکۆی مرۆڤێک دەخاتە ژێر پێ، ئەوەی لەژێر سەقفی تاریکی ئەو ئەشکەنجەخانەیەی سلێمانی روویداوە، بەڵگەی داماڵینی ئەو جەلادانەیە لە بەهاکانی پیاوەتی ئێمە شانازی بە پیاوەتی تۆ دەکەین، بەڕێزیشت دەتوانیت شانازی بە ئەوپەڕی پیاوەتی خۆتەوە بکەیت. ئەوەی کە گوتت کەم نەبوو، سوپاس بۆ ئەوەی کە درکاندت و نەتشاردەوە. تکادەکەم ئەو ئیرادە پۆڵاینەت بکە هێزێکی پۆڵاین بۆ بەرگری لە ئەوانی دیکە، لاپەڕەیەکی نوێ بکەوە، مێژوویەکی نوێ بنووسەوە کە زۆر جیاواز بێت لە مێژووی رابردووت.

((حەمە رەش، برایە جوانەکەم، دەزانم بەقەدەر قۆزیەکەت خۆڕاگری، ئەتو پڕی لە پیاوەتی))

# ئەگەرچی ئەمن ئەوە دەزانم ئەو رووداوە قێزەونە دەرئەنجامی پراکتیزەکردنی رەهەندەکانی بایۆ-پۆلەتیک (Bio-politics) لە کوردستان، بەرهەمی ئەو سیاسی و دەستەڵادارە پڕوپوچانەیە کە تەنها بە ناشرینکردنی جوانییەکانی ئەوانی دیکە دەتوانن هەست بە بوونی خۆیان بکەن، بۆیە سڵ لەهیچ ناکەنەوە، شێواندنی جەستەی مرۆڤ دەکەنە دوایین سەنگەری تێکشکانی ئیرادە و ئازادی مرۆڤ، دەسەڵات دەیەوێت لە ڕێگەی بایۆ-پۆلەتیکەوە دەست بەسەر جەستەی مرۆڤدا بگرێت، کاتێک ئەوان دەست بۆ نێرینەیی ئەو کەسە دەبەن، دەیانەوێت بڵێن« ئێمە خاوەنی هەموو ڕەهەندەکانی تۆین»، بەڵام هەندەکجار خۆشم ئەوە لەبیردەکەم کوالێتی مرۆڤ لەلای من چیە، توشی جۆرێک لە فاشیزم دەبم، پێموایە کورد ئەو کارەی لێناوەشێتەوە، ئەوەی روویداوە هەڵەیەکی کەونیە، لەخۆم دەپرسم «چۆن دەکرێت کوردێک ئەوە بەسەر کوردێکی دیکە بێنی؟»

دەی ئەگەر لەدەرەوەی فاشیزمیش بیربکەینەوە، ئایا ئەمن نامەنتیقیانە بیردەکەمەوە کە ئەوەم پێ هەزم ناکرێت و لەلام سەیرە ئەوەی کە دوژمن بەسەر ئێمەی هێنا دووبارەی دەکەینەوە؟! ئەوە بۆ ئاوایە؟ ئێمە هەر ئاوابووین؟، یان نیتچە گووتەنی « لەشەڕی رووبەڕووبوونەوە دێوەکە، چڕنووکمان درێژ بوو، ئێمەش بووین بە دێو»

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP