دواین هەواڵ

پەكەكە چی بردەوە و چی لەدەستدا؟

‌کارزان گلی

10 کاتژمێر پێش ئێستا

زیاتر لە ٤٠ ساڵە، پەكەكە خەباتی بۆ ئازادی كورد كرد، دەیان شەهیدی لەو پێناوەدا و سەدان بریندار و زیندانی سیاسیشی لەو رێگەیەدا هەیە، چەندین جار دەوڵەتی توركیا هەوڵی لەناوبردنی پەكەكەیدا و نەیتوانی، تەنانەت ئەوكاتەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رادەستی توركیا كرایەوە، بەشێكی زۆری خەڵك پێیان وابوو ئیدی پەكەكە كۆتایی هات، بەڵام نەك كۆتایی نەهات، بەڵكوو ژمارەی گەریلاكانی زیادی كرد و توانی توركیا هەراسان بكات. لە ٢٠٢٤دا، دەوڵەت باخچەلی، لە وتارێكدا گوتی: ”با ئۆجەلان بێتە ناو پەرلەمانی توركیا و وتارێك بۆ پەرلەمانتارانی دەم پارتی بدات و داوای هەڵوەشانەوەی پەكەكە بكات، بۆ خۆشی مافی ئومێد بیگرێتەوە“ ئەم گوتەیەی باخچەلی، دەرگای كردەوە تا پڕۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە بە كردار بێتە بەر باس.

دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێك گفتوگۆ و دانووستاندن و كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی بەڕووی پەرلەمانتارانی دەم پارتی، ئەنجام گەیشتنە ئەوەی، پرۆژەیاسایەك ئامادە بكەن لە ١٢ مادە پێكهاتووە و لەوێدا روون كراوەتەوە چۆن پەكەكە چەك دابنێت و كۆتایی پێ بێت.

پرۆژەیاسایەكە بەجۆرێكە، وەك بڵێی پەكەكە داوای لە دەوڵەتی تورك كردبێت، تكاتان لێدەكەم دەمەوێت چەك دابنێم و لێمان ببورن، بۆیە لەو مادانەدا تەنیا باس لەوە كراوە، پەكەكە چۆن چەك دابنێت، هەروەها ئەو یاسایە كام گەریلا دەگرێتەوە و كامە ناگرێتەوە. 

لە هیچ شوێنێكی ئەو مادانەدا باس لە مافی كورد نەكراوە، تەنیا فۆكەس خراوەتە سەر ئەوەی پەكەكە چەك دابنێت و چەكدانانەكەش بە مەرجە، واتە هەموو گەریلایەك بۆی نییە بگەڕێتەوە بۆ توركیا، تەنیا ئەوانە بۆیان هەیە كە دەستیان لە كوشتندا نەبووە.

لە شوێنێكی تری ئەو پرۆژەیاسایەدا هاتووە، هەموو ئەو كەسانەی بەتۆمەتی ئەوەی ئەندامی پەكەكە بوونە، یان پروپاگندەیان بۆ پەكەكە كردووە ئازاد دەبن، ئەمەش دوای ئەوەی پەكەكە بە كردار چەكی فڕێدا و كۆتایی بەخۆی هێنا، لێرەشدا مەرجیان داناوە، تەنیا ئەوانەی دوای ٢٠٠٥ لەسەر ئەو تۆمەتە دەستگیركراون، لێبوردن دەیانگرێتەوە.

ئەوەی كەمێك لە سیاسەت بزانێت، دەزانێت ٨٠٪ی چالاكی و خەباتی پەكەكە بەر لە ٢٠٠٥ بووە، هەزاران ئەندامی پەكەكە، بەر لە ٢٠٠٥ بەتۆمەتی پەكەكەبوون توركیایان جێهێشتووە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

دەوڵەت زیرەكە، دەیەوێت هەزاران گەریلا بگەڕێنێتەوە بۆ توركیا، بەمەش باڵی سەربازی پەكەكە لاواز بكات، هەروەها سەدان ئەندامی ئەو پارتەش لە ئەورووپا بگەڕێنێتەوە و لە ئەورووپاش ئەو پارتە لەڕووی رێكحستنەوە لاواز بكات، پاشان ئەگەر بیەوێت ئەو پرۆسەیە تێك بدات و یان لێی پەشیمان ببێتەوە، ئەوكات پەكەكە نەتوانێت ببێتە سەرئێشە بۆ توركیا، چونكە دوای تەسفییە بوون ئەستەمە پەكەكە بتوانێت وەكوو جارانی لێبێتەوە.

تاكە دەستكەوتێك لەم پرۆسەیەدا بۆ پەكەكە گرنگە ئەوەیە، دەوڵەتی ناچار كرد لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵیدا دابنیشێت، واتە لە هەموو پڕۆسەكانی تردا، دەوڵەت بەنهێنی لەگەڵ پەكەكە دانیشتووە، بەڵام ئەمجارەیان بەفەرمی لەبەردەم جیهاندا لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلاندا كەوتە گفتوگۆ، ئەو ئۆجەلانەی توركیا نازناوی سەری تیرۆرست، یان بكووژی منداڵیان لێنابوو. لێرەدا بۆ دونیا سەلمێندرا، پەكەكە تیرۆرست نییە، چونكە تیرۆرست بێت، نابێت دەوڵەت لەگەڵیدا دابنیشێت، تەنیا لەوڕووەوە پڕۆسەكە سوودی هەبووە، گەرنا بۆ مافی كورد یەك هەنگاو نەهاوێژراوە.

سەركردەكانی توركیا، وەكوو رەجەب تەییب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، بەڕوونی دەڵێن ئێمە توركیای بێتیرۆرمان دەوێت، هەروەها لە دەیان شوێن گوتویانە پڕۆسەی توركیای بێتیرۆر هەنگاوی باشی بڕیوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە، زمانی دەوڵەت بەرامبەر بە پەكەكە هەروەكوو جارانە، ئایە دەچێتە عەقڵی كێ، بەو زمانە لەگەڵت بدوێن، كەچی بڕوات بەوە هەبێت مافی كورد بدەن، یان دەستووری توركیا بۆ بەرژەوەندی كورد هەموار بكەنەوە؟

ئەردۆغان و باخچەلی، زۆر زیرەكانە یاری سیاسی لەگەڵ كورددا دەكەن، ئەوان بۆیان روون بووەوە كە لە هەڵبژاردنی داهاتوو زۆرینە لەدەست دەدەن، هەروەها ئەردۆغان ناتوانێت ببێتەوە بەسەركۆماری توركیا، بۆیە دەبایە كارێك بكەن كورد لەخۆیان نزیك بكەنەوە و ئەو بۆشاییەی لەڕووی جەماوەرەوە بۆیان دروست بووە، بەكورد پڕی بكەنەوە، بۆیە روویان لە ئیمیڕاڵی كرد و پرسی چەكدانانی پەكەكەیان هێنایە بەرباس، بەمەش دەم پارتییان لە خۆیان نزیك كردەوە، تەنانەت خودی ئۆجەلان داوای كردووە دەم پارتی، لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بە ئەردۆغان بدەن.

پێشتر دەم پارتی، لەرێگەی سەلاحەدین دەمیرتاشەوە بەئەردۆغانیان دەگوت: ”ناتكەین بەسەرۆك، ناتكەین بەسەرۆك، ناتكەین بەسەرۆك“ بەڵام ئێستا دەبێت رێك بەپێچەوانەوە بەئەردۆغان بڵێن ”دەتكەین بەسەرۆك، دەتكەین بەسەرۆك، دەتكەین بەسەرۆك“.

ماویەتی....

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP