دواین هەواڵ

سلێمانی بەدەست بەشێك لە دەمڕاستەكانییەوە دەناڵێنێت

‌محەمەد نوری

2 کاتژمێر پێش ئێستا

لەم شارە كرم وەزیفەی شێر دەبینێت.
بەشێكی گەورەی كاربەدەستە حكومیی وحیزبێكان وەك شا وشاژن دەژین وخەڵكی شارە حەیاتەكە بەكۆیلە دەبینن.

روداوێك هەیە ڕۆژنامەنوسی گەورەی عەرەب مەحموود سەعدەنی بەشێوەی تەنز دەگێڕێتەوە .
چیرۆكەكە بەمشێوەیە:دەڵێن ماڵێك هەبوو نەدەرگای هەبوە نە پەنجەرە ودیواری رزیووبوو،تەنانەت راخەرێكیش لەماڵەكەدا نەبوو،لەپاڵ ئەوەشدا پیس وپڕ جرج بوو،لەنەبونێوە نەبوە ،بەڵكو لە بێ مروەتی خاوەنەكەی بوو، كەچی پیاو وژنی ماڵەكە لەناو ئەو ماڵە وێرانەدا توانجیان لەدرواسییەكانیان دەدا و دەیانوت ماڵەكانییان پاك نییە.

هەمان چیرۆك بۆ سلێمانی گونجاوە .
سلێمانی لەقەیرانی هەموو شتێكدایە ،لەوسەرەوە بیگرە متمانە نەماوە لەمسەرەوە بیگرە سیفەتی خۆ نوێكردنەوەی لەدەستداوە.
رتوش دەكرێت بەڵام وەك خانمێكی بەتەمەن وایە كە ماكیاژكردن ناتوانێت چرچی پێست و زەبری پیریی بشارێتەوە.

سلێمانی گیرۆدەی كەسانێكە هێنراون وبوونەتە دەمراست.
گیرودەی كۆمەڵی بەڕێوەبەر وكاربەدەستە كەوەك میر وشا وشاژنی لەخۆبایی مامەڵەدەكەن لەگەڵ خەڵكدا .

سلێمانی وا رۆچووە چیرۆكێك نەماوە تێیدا بەكەڵكی گێڕانەوە بێت و حیكایەتێكی تێیدانییە گوێكانمان بۆخۆی بەرێت.هەموو شتێك لەم شارەدا وەك فڕێدانی بەردێكی بچوكە بۆناو دەریا ،نەرمە شەپۆلێك دەدا ونامێنێت .

لەم شارەدا شەڕی كەلتور وفیكر ونوێبونەوە وەك شەڕە دۆنكیشۆتییەكانە و بەهەوادا دەچێت ،ئەوەی پێی بوترێت رای گشتی لەم شارەدا نەك دروستنابێت بەڵكو پەرتن وسەدای نییە .

ئەم شارە لەرووی داهات و هێزی مرۆییەوە پتەوە وهەیەتی بەڵام چۆن هەبونێك داهاتەكە دیارە چۆن دەبرێت وچۆن بەشدەكرێت،هێزە مرۆێیەكەش دابەش ولەت لەتكراوە.

ئەم شارە بەدەستی غەریبەكانەوە وەك نێچیری بەردەم بەورێكی دڕندە دەناڵێنێت.خەمی دەخورێت بۆنمایش كردن و كاری تێیدا دەكرێت بۆرازیكردنی چەند سەرە گەورەیەكی پارەدار .

سلێمانی لەوەبووەتەوە كێبڕكێ بكات هەناسەی وەك مرۆڤی توشبوو بەڕەبوو كورت وسوارە.
بەكورتییەكەی خەمخۆریی سیاسیی ورۆشنبیریی ومرۆیی وكۆمەڵایەتی نەماوە ،بەشێكی زۆری هاتۆكان كە لەسەر دەسەڵاتن تەنها وەك ماركێتێك بۆ بەدەستهێنانی شتە تایبەتییەكانیان تەماشای دەكەن،هەموویان دەیبەن ولەوسەرەوە بەوشەی دڵسۆزی وپەرۆشی پێمان دەفرۆشن.

سلێمانی وای لێهاتوە كرم وەزیفەی شێر ببینێت و قەشە وەك پێشنوێژی مزگەوت دەربكەوێت و زۆربەی كاربەدەستەكانیشی وەك میراتی ماڵی باوان لێدەڕوانن.

سلێمانی وەك ماڵی میراتی لێهاتوە،هیچ سۆزێك ویادەوەرییەك نایپارزێت.

هەر جوڵە وكارێكش بكرێت یان هەر خەمخۆرێك هەنگاوێك بنێت بۆ خزمەتكردنی شار ، دیواری وا گەورەی بۆدروستدەكرێت بەپیكی پۆڵاش نەڕوخێت.

خراپییەكانی دەردەخەیت،یەكسەر بەدوژمن وئەندامی دەزگا سیخوڕییەكان پیناسەت دەكەن،فەرموو چاكی بكەن با سەری رەخنە وتوانجەكانمان بدات لە بەرد.

لەم شارەدا بەشێكی زۆر لە بەرپرسە حیزبیی وسیاسییەكان (كە سەدا هەشتای هاوردەن)بێ باكن .
لەم شارەدابەشێكی زۆر لە بەڕێوەبەرە حكومیی وئیدارییەكان(كە ئەوەش سەدا هەفتای هاوردەن)وەك مرۆڤی پلەشەش سەیری هاوڵاتیان دەكەن.
ئەوە بەشێكی گەورەی عەسكەرییەكانی ئەمشارە خۆیان لێبووە بەجیڤارا وخەریكی تیك تۆكن ولەشكرێ دروستكەری ڤیدۆییان هەیە.

لەپاڵ ئەمانەشدا دادەنیشرێت ئەوەی خوا پێ ناخۆشە بەهەولێر ودهۆك دەكرێت،وەك روداوەكەی كە سەعدەنی دەیگڕێتەوە.

تۆ شاری خۆتت خۆشبوێ وچاكی بكە وكەسانێك كە خزمەتی بكەن بخەرە جومگە هەستیارەكانەوە(كەلام وایە پڕە لەكەسانی وا) ،ئەوكاتە كە وڵاتی خۆت چاكبێت سەیری وڵاتی تر ناكەیت .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP