دواین هەواڵ

ئیسڕائیلی دووەم لە سوریا هەڵوەشایەوە

‌نما ناوپردانی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی خۆسەر و هێزەکانی هەسەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بابەتێکی گەرمە، بەڵام ئەوانەی سەرزەنشتی ڕۆژئاواییەکانی نیشتمان دەکەن، بەشێکن لەو تەوژمەی هەر لە سەرەتاوە خۆشیان لە ئەزمونی ڕۆژئاوا نەهاتووە لە هیچ یەکێک لە قۆناغەکاندا.

سوریا ساڵی ڕابردوو بە چاودێری ئەمریکییەکان ڕێککەوتتنامەیەکی ئەمنی لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆکرد، بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە ئێستا ڕۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتننامەدایە، بەوەش مەترسییەکانی تورکیا لەسەر ڕۆژئاوا بنبڕ دەبن، چیدیکە تورکیا ناتوانێت بە بیانووی پەکەکە هێرش و کۆمەڵکوژی لە ڕۆژئاوا ئەنجام بدات.

ئەوەی لە ڕۆژئاوا بەدەستهاتووە نەک لە دەست نەچووە، بەڵکو وەک خۆی ماوەتەوە و زیاتریشی هاتۆتە سەر.

یەکەم: ناوچەکانی خۆسەری هەر لەژێر دەسەڵاتی کورد دایە بەڵام لەژێر ناوێکی تر.

دوەم: هێزەکان هەروەکو خۆیانن و ڕۆژئاوا دەپارێزن، بە چەکی قورستریشەوە، بەڵام لەبری هەسەدە ناوەکەیان گۆڕدراوە بۆ لیوای سەربازی.

سێیەم: ئەمریکا پشتگیری زیاتری خۆسەر دەکات لە بواری ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوەی ئابوری.

چوارەم: کێڵگە نەوتیەکان هەر لەژێر دەستی کورد دایە بەناوێکی ترەوە.

پێنجەم: سەپاندنی زمانی کوردی بە فەرمی لە خوێندندا.

وێڕای کۆمەڵێک دەستکەوتی تر.
شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ٢٠١١ ەوە دەستی پێکردووە.

لە ماوەی پانزە ساڵدا ئەو هەموو دەستکەوتە لەناوجەرگەی جەنگێکی جیهانیدا بەدەست بهێنیت و گەلی خۆت لە کۆمەڵکوژی بپارێزیت، ئایا ئەوە شکستە یان سەرکەوتن.

لە وڵاتانی ئەوروپا  ئاژەڵەکانیش ناسنامەی خۆیان هەیە، کوردی پێش ٢٠١١ لە سوریا وەکو ئاژەڵیش نەدەبینرا مافی نەبوو وەکو هاوڵاتی سوری ناسنامەی هەبێت، لە سەرەتای حەفتاکاندا لە سەر ماڵ و گوندەکانی خۆیان دەریان دەکردن و عەرەبیان لە جێگاکانیان نیشتەجێ دەکردن پرۆسەکەیان ناو نابوو دەرکردنی ئیسڕائیلی دووەم.

ئێستا هەمان کورد بەشداری دەسەڵاتە لە ناوەند، خاک و ناوچەکانی خۆی بەڕێوە دەبات، بەشێکە لە ڕێککەوتننامەی زلهێزانی جیهان و ناوچەکە، خاوەن هێزێکی تۆکمەیە…هتد.
ئێستا ئەوە سەرکەوتنە یان شکست؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP