دواین هەواڵ

سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، وانەکانی ئەفغانستان و پێویستیی خۆپارێزی

‌دانا نەقی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بۆ هەرێمی کوردستان، زۆر گرنگە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییەکان وردبین بن و باوەڕیان بەوە هەبێت کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی (وەک فەرەنسا و بەریتانیا) لە دەیەکانی ڕابردوودا بە ناوی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و سەپاندنی هەژموونی خۆیانەوە لە عێراق و کوردستان قوربانییان دا و سوودیشیان لەم پێگەیە وەرگرت، بەڵام مەرج نییە تا کۆتایی لە خزمەتی ئەم سیستەمە سیاسییە و هەردوو حیزبی دەسەڵاتداردا بمێننەوە.

نموونەی دیاری ئەم ڕاستییە، سیناریۆی دووبارەبووەوەی ئەفغانستانە. لەو وڵاتەدا، ئەمریکا نزیکەی دوو دەیە بەپێی ئاماری تێچووی سەربازی زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاری مەسرف کرد، بەڵام لە کۆتاییدا لەگەڵ تالیباندا تاقییکردەوە و سیستەمە گەندەڵە پاشکۆکەی ئەفغانستان کە تێیدا پەلی هەموو مالیکێکی سیاسی بە دەست دەوڵەتێکەوە بوو، لە دوایین تاقیکردنەوەدا بەرگەی نەگرت و داڕما.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا هەرێمی کوردستان چۆن خۆی لەم بەڵایە لە ئێستا و ساڵانی داهاتوودا دەپارێزێت؟ دڵنیابن ئەمریکا هەموو ئاماری پارە، سامان و دەستکەوتەکانی عێراق و هەرێمی لایە. ئایا هەمان سیناریۆ دووبارە ناکاتەوە بۆ تاقیکردنەوەی حیزب و کەسایەتییە ملیۆنێر و میلیاردێرەکانی دەسەڵاتی عێراق و هەرێم بە تایتڵێکی نوێوە؟

بێگومان، مەترسییەکە لە ئارادایە و ئەمریکا و دەزگا هەواڵگری و داراییەکانی وردەکاریی تەواوی سەروەت، سامان، کۆمپانیا و هەژمارە بانکییەکانی بەرپرس و حیزبە دەسەڵاتدارەکانیان پێیە. لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ئەگەر هاوبەشێک نەبێتە هۆی سەقامگیریی ڕاستەقینە و بەردەوام بەڵکو ببێتە باری سەرشان بەهۆی گەندەڵییەوە، ئەوا لە کاتی قەیراندا زۆر بە ئاسانی پشتگوێ دەخرێت.

بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و قەوارە سیاسییەکەی تووشی چارەنووسێکی هاوشێوەی ئەفغانستان نەبێت و خۆی لەم سیناریۆیە بپارێزێت، پێویستە هەنگاوی بەپەلە بنرێت.

چاکسازیی ڕیشەیی و نەهێشتنی گەندەڵی، پاراستنی قەوارەی هەرێم تەنها بە دروشم ناکرێت، بەڵکو دەبێت گەندەڵی و قۆرخکاریی ئابووری کۆتایی پێبێت و داهات بۆ خزمەتی خەڵک بگەڕێنرێتەوە.

بەهێزکردنی ناوماڵی خۆی و متمانەی گشتی، گەورەترین قەڵای هەرێمی کوردستان "هاووڵاتیی ڕازی و نیشتمانپەروەرە". ئەگەر هاووڵاتی هەست بە دادپەروەری بکات، لە کاتی قەیراندا دەبێتە قەڵغانی بەرگری لە دژی هەر هەڕەشەیەک.

فرەچەشنکردنی ئابووری، نابێت هەرێم تەنها پشت بە بودجە و داهاتی تاکلایەنە ببەستێت، بەڵکو دەبێت کەرتی کشتوکاڵ، گەشتیاری و پیشەسازی گەشە پێبکات بۆ ئەوەی خاوەنی سەربەخۆیی ئابووری بێت.

ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای دەوڵەتی، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبێت لە چوارچێوەی دامەزراوەی فەرمی و بەرژەوەندیی هاوبەشدا بێت، نەک لە ڕێگەی هاوپەیمانیی کەسی و حیزبیی تەسکەوە کە لە کاتی تاقیکردنەوە سەختەکاندا زوو پووچەڵ دەبنەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP