🔶 جیهان باجی شەڕانگێزیی ترەمپ دەدات
🔹 خۆپێشاندانەكانی ئەوروپا، خۆپێشاندانی برسێتیە
🔹 ترەمپ خەریك بوو كوردیش بەفەتارەت ببات
.
✍️ سەرتیپ جەوهەر
ئەوەی ئەمڕۆ لەفەرەنساو وڵاتانی دیكەی ئەوروپا روودەدات بەرۆكی هەموو دونیای گرتووە. دەرئەنجامی تێگەیشتنی سەرمایەداریی و ئەو عەقڵیەتە شەڕانگێزەیە كە دەیانەوێت لەڕێی هێزەوە جیهان دەستەمۆی ویست و بەرژەوەندییەكانیان بكەن. ئەوەی دەیبینین هێشتا ماویەتی، هێشتا دایكی بۆمبەكان بەكارنەهاتوون! بەتایبەت كەدەبینین سەرۆكێكی وەك دۆناڵد ترەمپ سەروكاری ئەو بەرەیە دەكات كە نامۆیە بەمێژووی ئەمریكاو فەرهەنگی حوكمڕانیی لەمێژوودا. دۆناڵد ترەمپ و ئەو ئاراستەیەی پشتیوانی شەڕ دەكەن وەك گای شێتیان لێهاتووە، هیوادارین خراپتر نەكەن.
كاتێك شەڕی ئۆكراینا دەستی پێكرد، ئەمریكا داروبەردی لەروسیا گرت، هەڵمەتی ئابلوقەیەكی جیهانیی لەبەرامبەر روسیا دەستپێكرد، جگە لەشەڕی مەیدانیی لەڕێی ئۆكرایناوە، هەڵمەتێكی زۆر گەورەی میدیایی كرد بەجۆرێك خەریك بوو هەموو بڕوابكەین كە لەچەند رۆژو هەفتەیەك شەڕەكە كۆتایی دێت و روسیا تەسلیم دەبێت! كەچی راستیەكە پێچەوانەبوو، لەلایەك ئۆكراینا خاكێكی زۆر لەدەستداو روسیا دەستی بەسەرداگرت، لەباتی روسیا گیرۆدەی ئابلوقەدان ببێت، هەموو دونیا بەتایبەتیش ئەوروپا رووبەرووی تەنگژەو گرانیی و ئابلوقەیەكی گەورەی وزە بوویەوە لەلایەن روسیاوە. رێژەی هەڵاوسانی ئابوریی بەپێی داتاو زانیاریی ئەوروپییەكان خۆیان لە 2% بەرزبویەوە بۆ 6.5% تا 8% هاوكات گرانیی شتومەك و خۆراك لەنێوان 15% بۆ 25% بەرزبویەوە. ئەمە جگە لەخەرجییەكی ئێجگار گەورە كەوتە ئەستۆی ئەو وڵاتانەی پشتیوانیان لەشەڕی روسیاكرد بەتایبەتیش بەریتانیاو فرەنساو ئەڵمانیا..تد.
كاتێك شەڕی ئێران دەستیپێكرد، دیسان گوتیان شەڕەكە تەنها چەند هەفتەیەكەو ئێران تەسلیم دەبێت، بەڵام بەوشێوەیە دەرنەچوو، لێكەوتەی شەڕەكە تەنها ناوچەكەی نەگرتەوە، بەڵكو هەموو دونیای گرتەوە! ژیان و گوزەرانی لەهەموو دونیا گرانترو زەحمەتتر كرد. ئەو گرانیەی لەئەوروپا بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاوە دروست ببوو، هێشتا گرانتر بوو. رێژەی هەڵاوسانی لەئەوروپا گەیاندە نزیكەی 12% و گرانیی خۆراك و پێداویستیەكانی گەیاندە نزیكەی 35% ئەمەش فشارێكی ئێجگار زۆری لەسەر هاوڵاتیان دروستكرد، بۆیە ئەوەی روودەدات لێكەوتەی شەڕو ماڵوێرانیەیە كە لەئەمریكاوە سەرچاوەی گرتووەو بەشێك لەئەوروپییەكان پشتیوانیان كرد، ئێستاش دەبێ باجەكەی بدەن.
لەشەڕی ئێرانیش، لەباتی دەستەمۆكردنی ئەو وڵاتە كە رژێمێكی ئایدۆلۆجی بەڕێوەی دەبات، وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەتیش كەنداو رووبەرووی دۆخێكی خراپی ئەمنی و ئابوریی كردۆتەوەو زیانی گەورەیان بەركەوتووە، ئەوانیش بەبۆنی كەباب هاتنە ناو شەڕەكە، كەچی كەر داخكردن بوو! ئەو گرانیی و ناسەقامگیرییە ئابورییەی عیراقیش هەربەهۆی سیاسەتی ئەمریكاوەیە كە دەیەوێت لەڕێی عیراقەوە بەرزەفتی ئێران بكات.
هەر بەهۆی بێبەرنامەیی و سەرلێشێواویی، ترەمپ خەریك بوو كورد لەرۆژهەڵات و باشور بەفەتارەت ببات، باش بوو لەهەرێمی كوردستان بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا كرا، ئەگینا ئاگر ئێرەشی دەگرتەوە.
خولاسە؛ ئەنجامی ئەو شەڕو ماڵوێرانیەی ئێستا بەرۆكی ناوچەكەو جیهانیی گرتووە بەدڵنیاییەوە لەگۆشەنیگای جیاوازەوە تەماشا دەكرێت، بەشێكی پەیوەندی بەو پێشكەوتنە خێرایەی چینەوە هەیە كە ئەمریكا لێی تۆقیوە، بەشێكیشی پەیوەندی بەو تێگەیشتنە شەڕانگێزییەوە هەیە كە دۆناڵد ترەمپ رێبەرایەتیی دەكات.
پێدەچێت ئەنجامی ئەو شەڕو گۆڕانكارییانە زیاتر بێت لەوەی پێشبینی دەكرێت، باری هەموو مرۆڤایەتی گرانتركردووە، هیوادارین گرانترو زەحمەتتر نەكات، بەتایبەت پێشبینی شەڕێكی گرانتر دەكرێت لەررۆژانی داهاتوو، ئەمریكا هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی وێرانكەر دەكات. بەپێی هەموو پێشبینیەك، ئەم گرژی و شەڕو ماڵوێرانیەی هەیە سەرەتای گۆڕانێكی نوێ دەبێت لەدونیا، هیوادارین ئەم گۆڕانە نوێیە لەدوای وێرانبوون و كۆمەڵكوژیی نەبێت.