دواین هەواڵ

مۆڕاڵی بەخشینی بەها بە خزمەت لە بیرەوەری كۆمەڵایەتیدا

‌مەریوان شەریف

6 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ئۆفیسی ڕوانگە بەڕێز ادریس نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە هۆشیار عەلی، ناسراو بە (هۆشیاری مین) كرد و ستایشی خزمەتەكانی كرد، ئەم هەڵوێستە نموونەیەکی ڕوونی سەرکردایەتییەکی گەنجە کە بەها بەخزمەت و قوربانیدانەكان دەبەخشێت.
(هۆشیاری مین) چەند دەیەیەک ژیانی بۆ پاککردنەوەی کوردستان لە مەترسی مینەکان تەرخان کردووە، هەردوو قاچی لە ئەرکەکەدا لەدەستداوە، لە دیدارەكەدا سەرۆك و دامەزرێنەری ڕوانگە ڕێزی لەو خزمەتەگرت کە بە بێدەنگی ئەنجام دراوە و بە قیمەتی جەستەیی گەورە بەدەست هاتووە.
هەڵگرتنەوەی هەر مینێك، منداڵێک و جووتیارێک و شوانێک ڕزگار دەكات كە هەرگیز نازانن لە چ مەترسییەک ڕزگاریان بووە. ڕووداوێك ڕووینەداوە بۆیە خزمەتەكە سروشتێكی بێدەنگی هەیە لێرەدا دیدارێکی ئاشکرا لەگەڵ هۆشیار دەرفەتی دەرکەوتن بۆ کارێک دابین دەکات کە سروشتی خۆی بێدەنگییە. ڕێزگرتنە لە خزمەتێكی بێدەنگ.
 هۆشیاریی تاک لە ڕێگەی ناسینەوەی هۆشیارییەکی ترەوە خۆی دەناسێت ئەم هەڵوێستە وەڵامدانەوەی پێداویستییەکی ئەخلاقییە و دانپێدانانە بە بەهای مرۆیی ئەو کەسەی ژیانی خستۆتە مەترسییەوە لە پێناو خەڵکدا، بۆیە ڕێزگرتن لە هۆشیار ڕێزگرتنە لە خزمەتی خەڵك.
كاتێك بیرەوەری لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست و پارێزراو دەبێت، کۆمەڵگە ئەوەی لەبیر دەمێنێتەوە کە ڕێوڕەسم و گێڕانەوە و دامەزراوەکان دووپاتی دەکەنەوە. 
کاتێک سەرکردەیەکی گەنج بە ئاشکرا ڕێز لە قوربانیدانێک دەگرێت، بەشداری لە دروستکردنی ئەو بیرەوەرییە دەکات کە دەبێتە بەشێک لە ناسنامەی گشتی، ئەمە بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک کوردستان، کە جەنگ و مین بەشێکی ڕاستەقینەی ئەزموونی ڕابردویەتی و دەرخستنی ئەو ئازارەشە کە مینەکان بەجێیان هێشتووە.

سەركردەی كارامە كۆمەك لە هەردوو ئەخلاقی بڕواداری و بەرپرسیاریەتی وەردەگرێت، پێشوازی و پشتیوانییەكەی ادریس نێچیرڤان بارزانی هەڵوێستێکی بەهایی و بەرپرسیارێتیە كە ڕێزگرتنەکە بە پشتیوانیی کرداری تەواو دەكات.

نەوەکان بە ئەزموونە مێژووییە هاوبەشەکانیان شێوە دەگرن، و هەر نەوەیەک دەتوانێت میراتی نەوەی پێشتر وەربگرێت و بیگۆڕێت. سەرکردەیەکی گەنج کە ڕێز لە ئەزموونی نەوەیەک دەگرێت کە لە جەنگ و مین و ناسەقامگیریدا ژیاوە، وەک پردێک لەنێوان نەوەکاندا کار دەکات: میراتێکی ئەخلاقی دەپارێزێت و دەیکاتە بەشێک لە ئەجێندای نەوەی نوێ.
پێشوازیی ادریس نێچیرڤان بارزانی لە هۆشیاری مین لە ڕێوڕەسمێکی پرۆتۆکۆلی زیاترە. ناسینەوەی کارێکی بێدەنگە، دانی ڕەوایەتییە بە ئەرکێکی مرۆیی، و نیشاندانی پەیامێكە کە بەها و خزمەت لە پێشتر دادەنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP