زۆرن ئەوانەی نەک سەفەریان بۆ کردووە، بەڵکو لە ئەوروپا دەژین کەچی زۆر گرنگییان بەو وڵاتە نەداوە کە لێی دەژین، تەنانەت سەردانی مۆزەخانەیەکیشیان نەکردووە.
زۆریشن ئەوانەی زۆر دەگمەن هەلی سەفەریان بۆ رەخساوە کەچی دەوڵەمەندن بە زانیارییان لەبارەی کەلتوری میللەتانی دەرەوەی وڵاتەکەیان و ئاشانایەتییەکی باشیان لەگەڵ زۆر بابەتی وڵاتانی دیکە هەیە.
خوێندنەوەی کتێبێک بەتایبەت رۆمان، بە قەدەر سەفەرێک ئاشنای کەلتووری وڵاتێک یان دووانت دەکات، بەهەمان شێوەش سەفەر ئاشنای کەلتووری ئەو وڵاتەت دەکات کە سەردانی دەکەیت، بەمەرجێک تەنها بۆ کات بەسەربردن و وێنەگرتن سەفەر نەکەیت، بەڵکو بۆ ئاشنابوونیش بێت بە کەلتوور و ژیانی کۆمەڵایەتی و مێژووی ئەو جێگەیەی سەردانی دەکەیت.
سەفەرکردن تەنها تکتی فڕۆکە و چەند دەستێک جلوبەرگ و شووشەیەک عەتر و بڕێک پارە نییە، چێژ بینینە، هەر کەس بە شێوازی خۆی، دواجار تێکەڵبوون و ئاشنابوونە بەکەلتوورێکی نوێ.
ئەگەر نەتخوێندبێتەوە یان سەفەرت نەکردبێت نازانیت بۆ نموونە دانانی سەموون بەسەر رووەکەیدا لای ئیتالییەکان و ژمارەی 17 نەک 13هێمای شوومن.
ئەگەر سەفەر نەکەیت نازانیت ئەو تابووتەی لەناو هۆڵە گەورەکەی کەنیسەی (ئۆگستینی پیرۆز) لە شاری عەنابەی جەزائیر دانراوە روفاتەکەی تیا نییە، بەڵکو تەنها ئێسکی ئەنیشکێتی فەرەنسییەکان لە کەنیسەی (پاڤیا)ی شاری میلانۆی ئیتالی، کە روفاتەکەی لێ نێژراوە، هێناویانە بۆ ئەوێ.
ئەگەر لەبارەیەوە خوێندبێتتەوە یان سەفەرت بۆ کردبێت دەزانیت ئەگەرچی دەستووری سویسری ئایین و دەوڵەتی لەیەکتر جیاکردۆتەوە، کەچی هەتا ئێستاش کەنیسەکان پشتیان بە حکومەت بەستووە، پیاوە ئاینییەکان و قەشەکانیش مووچە لە دەوڵەت وەردەگرن. هەروەها بەمەبەستی راگرتنی پاکوخاوێنی، بە یاسا قەدەغەیە زەرفی (عەلاگە)ی بازاڕەکان بۆ فڕێدانی خۆڵ و خاشاک بەکاربهێنرێت.
سەدەی دوانزەی زاینی زۆرترین بەرهەمی ئەدەبی گەشتەکانی بەخۆیەوە بینیووە کە جیاواز لە یادەوەری و ژیاننامەکان، ئەدەبی گەشتەکان گرنگی بە لایەنی مێژوویی و جوگرافی و کۆمەڵایەتی ئەو جێگانە دەدات کە نووسەر سەردانی کردوون. نموونە زۆرن وەکو رەفاعە تەهتاوی، چارلس دیکنز، مارک توین و ئەرنێست هەمنگوای کە بەناوبانگترین نووسەرانی بواری ئەدەبی گەشتەکانن.
کە پۆستێکی هاوڕێ و هاوپیشە عەتا مەحمود سەبارەت بە دوایین سەفەری بۆ تارانم خوێندەوە زانیم کە لە تاران پاسکیل بە سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی بە کرێ دەگیرێ بۆ هاتوچۆ و مینۆی ئەلیکترۆنی خواردن لە رێستورانتەکاندا بەکاردێ، جگە لە سیستەمی (ئوبەر) واتا بەکرێگرتنی تەکسی بە ئەپلیکەیشنی تایبەت بە خۆی.
سانت ئۆگستینیۆسی فەیلەسوفی رۆمانی دەڵێ: «جیهان کتێبە، ئەوانەی سەفەریان نەکردووە تەنها یەک لاپەڕەیان تیا خوێندۆتەوە». پێدەچێت ئەو دەمە ئۆگستینیۆس بیری چووبێت، بە خوێندنەوەی تەنها یەک کتێب ئادەمیزاد هەلی سەفەرێکی ناوازەی بۆ هەڵدەکەوێت، بیەوێت شارەزای ژیان و میتۆلۆژیای میللەتێک یان زیاتر دەبێت.
بەخوێندنەوە فرانز کافکام ناسی، لە رۆمانی (مسخ) دا کە گریگۆری (پاڵەوانەکە) بەیانیەک لە خەو هەڵدەستێ بووە بە قالۆچەیەکی زەبەلاح. لەبارەی ماڵەکەیەوە لە پراخی چیک و مۆزەخانەکەیەوە خوێندبوومەوە، تا لەسەفەرێکمدا سەردانی ماڵەکەیم لەسەر شەقامی گۆڵدن راین کە ژمارە 22ی پێوەیە و مۆزەخانەکەیم کرد، کە هەمووی وێنەی چەندین قۆناغی ژیانی و دەستنووسی ژیاننامەی کافکا خۆیەتی.
لە هەمان شار پەرستگای یەهودی کۆن-تازە هەیە، کە سندوقێکی شووشەیی لە شێوەی دوو لەوحی بەردین لێیە، 10 وەسێتەکەی موسای تێدایە، هەر لەو سندوقە شووشەییەدا چەندین چرای کارەبایی وردی تێدایە لە یادی کۆچی دوایی کەسایەتییە بەناوبانگەکاندا دادەگیرسێن، یەکێکیان بۆ کافکا دانراوە.
ئەگەرچی سەفەرکردن بۆ خەڵکی کوردستانیش تاڕادەیەک ئاسان بووە، بەڵام کتێب و ئینتەرنێتیش دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ سەفەرکردن، یەک کلیک بەسە بگەیتە وڵاتانێکی تر و شارەزای جوگرافیا و مێژوو و ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بیت. جا هەر یەکەشمان بەجۆرێک چێژ لە سەفەر و خوێندنەوە دەبینین.