دواین هەواڵ

ئەرستۆ بۆ کوردستان قسە دەکات

‌ئەبوبەكر كاروانی

09/06/2022

پێشەکیەك دەربارەی ئەرستۆو کاریگەریی لەسەر
خۆرئاواو شارستانێتی ئیسلامی و کوردەواری

ئەرستۆ ( ٣٨٤-٣٢٢پ.ز) بە یەکێ لە فەیلەسوفە ھەرە بەناوبانگەکانی گریك و مێژووی فیکری فەلسەفی جیھان لە،قەڵەم دەدرێت. لە چەندین بواری جۆراوجۆردا نوسیویەتی لەوانەش لۆژیك، فەلسەفەی ئەخلاق و،سیاسەت. کتێبی سیاسەتەکەی تاکو ئێستاش لە،بوارەکەی خۆیدا، بە مەرجەعێکی مێژووی فیکر دادەنرێت. ئەو گەرچی قوتابی ئەفڵاتوونی گەورە فەیلەسوف بوو، بەڵام لە زۆر مەسەلەدا ڕەخنەی لە ڕێبازی بیرکەدنەوەو بەشێ لە بیروراکانی گرت و رێبازێکی فەلسەفی تایبەت بەخۆی پەرەپێدا.

ئەرستۆ بەراورد بە ئەفڵاتوونی مامۆستای، بەوە ناسراوە فەلسەفەی سیاسی لە دنیای ئایدیاڵەوە داگرت بۆ سەر زەوی واقیع و ململانێ و کێشمە کێشەکانی.

بە جۆرێك چیدی سەرقاڵی وێناکردنی شاری فەزیلەو حوکمڕانی فەیلەسوفەکان نەبوو، بەڵکو لە نێو دەستورو سیستمە جۆراوجۆرە سیاسیەکانی (دەوڵەت-شار)ەکانی یۆنان بەدوای گەیشتن بە باشترین سیستمی سیاسی دەگەڕا، بۆئەوەی بتوانێت زۆرترین دادپەروەری، بە پێوەرەکانی خۆی و بەشێ لە پێوەرەکانی سەردەمەکەی بێنێتە دی.گەرچی بازنەی دادپەروەریەکەی کۆیلەو ژن و منداڵانی نەدەگرتەوە، بەحوکمی ئەوەی نەیاندەتوانی مرۆڤی ھاوڵاتی بن! تەنانەت لە پەیوەندی بە کۆیلەکانەوە کێشەی لەگەڵ مرۆڤبوونیشیاندا ھەبوو!

بەڵام سەرەڕای ئەوە، ئەرستۆو بیروراکانی تا لێوارەکانی چاخی ڕاپەڕینی ئەوروپاش، تا ڕادەیەکی بەرچاو دەستیان بەسەر ناوەندە فەلسەفی و زانستی و ئایینیەکەدا گرتبوو. بە جۆرێك، بەشێ لە بۆچوونەکانی لە بواری فیزیاو فەلەکناسی کۆندا، لە.لایەن کڵێسای مەسیحییەتەوە بەرگی پیرۆزیان بەبەردا کرابوو.

بەشێ لەوەی بە شەڕی نێوان ئایین و زانستیش لە مێژووی نوێی خۆرئاوادا ناسراوە، لە ڕاستیدا شەڕبوو لە نێوان بیروڕا زانستیەکۆنەکانی ئەرستۆو بەتلیمۆس و ھاوشێوەکانیان و بیروڕاو دۆزینەوە زانستیە نوێکان.
لە سۆنگەی ڕۆڵی گەورەی ئەرستۆش، فیکری فەلسەفی و زانستی نوێ بە ڕەخنەگرتن لە لۆژیکی سووەری و بەشێ لە ڕێبازو بنەما فیکریەکانیەو دەستی پێکرد. بەڵام، ئەرستۆ ھەرلەخۆرئاوادا ڕۆڵی نەبوو، بەڵکو لە چوارچێوەی شارستانێتی ئیسلامیشدا، دوای دەستکردن بە بزوتنەوەی وەرگێڕانی کەلەپوری فەلسەفی و زانستی شارستانیەتەکانی ترو لە پێش ھەمووشیانەوە شارستانی یۆنان، لە زۆر بواردا کاریگەری خۆی بەسەر عەقڵی ئیسلامییەوە بەجێھێشت، لەوانەش بواری فەلسەفەو زانستی سروشتی و ئوسوڵی فیقهـ و کەلام.

ئەرستۆ لە مێژوو و شارستانێتی ئیسلامیدا بە مامۆستاو فێرکاری یەکەم ناوی دەرکردبوو و ناسراوە. لە سەردەمی بوژانەوەی نوێی ئەوروپاشدا بەشێ لە بەرھەمەکانی لێرەوە بە زێدی شارستانی خۆی واتە خۆرئاوا، جارێکی تر ئاشناکرانەوە. لە کوردەواری خۆشماندا ھەر لە مێژەوە ناسراوە، فەیلەسوف و زاناو کەلام وئوسوڵناسە کوردەکان و ئەوانەی بە بواری زانستە عەقڵییەکانەوە خەریکبوون، بەحوکمی سەرچاوە فیکریەکانیان و ناسنامە شارستانییە ئیسلامییەکەیان، بە بیروڕاکانی ئاشنابوون. لە مێژووی نوێشدا مەلای گەورەی کۆیە لە تەفسیرەکەی خۆیدا بە چاوێکی ڕێزو گەورەییەوە ئاماژە بە ئەو و ئەفڵاتوون دەکات.

تەنانەت ناوبانگی ئەم دوو فەیلەسوفە لە کوردستاندا بازنەی ناوەندە زانستی و فیکری و ئایینیەکەشی بەزاندبوو وەك دوو سومبلی پێوانەیی تێکەڵ بە فەرھەنگی ڕۆژانەی مرۆڤی ئاسایی و کۆمەڵگە بووبوون.

بەشبەحاڵی خۆم لە منداڵیدا, چەندین جار دایکی ڕەحمەتی لە چوارچێوەی ئیدیۆمدا ناویانی دەبرد. ھێند ھەبوو ئەرستۆ بووبوو بە ئەرەسۆ، بۆئەوەی ڕەوانتر بە زاری کوردەواریانی ئاساییدا بێن. لە فەرھەنگی کوردەواریدا، ئەفڵتون ڕەمزی حیکمەت و مەعریفەو ئەرستۆش ئاماژەیە بە ڕەوانبێژی و زمانپاراوی و ئارگیۆمێنتسازی.

ھەرچۆنێك بێت، ئەرستۆ تاکو ئێستاش زیندووە، قسەی بەردەوام لەسەر تێزو بیروراکانی دەکرێت. گەر لە ھەندێ ڕووەوە مێژوو تێیپەراندبێت، لە ھەندێ ڕووی ترەوە، ھێشتا جێگەی سوودلێبینین و دووبارە خوێندنەوەی چارەدۆزانەیە. ئێمەش لەم ڕوانگەوەو لەبەر ڕۆشنایی پێشوازی باشی بەشێ لە ناوەندە فیکری و سیاسی و زانکۆییەکە لە زنجیرە وتاری (میکیاڤیللی بۆ کوردستان قسە دەکات) ئەم زنجیرە نوسینە بە مەبەستی دەستخستنە سەر ھەندێ لە کێشەو قەیرانەکانمان و باشتر پەیبردن بە حەقیقەتیان و بەشداریکردن لە کردنەوەی دەلاقەی نوێی چارەسەر، بە پشت بەستنی بنەرەتی بە کتێبی (سیاسەت)ی ئەم فەیلەسوفەو ھەندێ لە لێکۆڵینەوەی تر لەسەر کتێبەکەو بەشێ لە بیروڕاکانی تری، پشت بەخوای گەورە دەست پێدەکەین.

بەھیوای بەدڵبوونی دۆستان و بەسوودبوونی بۆ ئەم قۆناغە پڕ لە کێشەی گەل و وڵاتەکەمان.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP