دواین هەواڵ

ئێستا دەزانن ئەو کەناڵ و پەیامنێرانە چەند بێ ئاگان؟!

‌‌هاوار مستەفا خان

20/10/2022

سەعاتێك دەبێت تەقینەوەیەك لە سلێمانی رویداوە و زۆربەی کەناڵەکان راستەوخۆ سەرقاڵبوون بە روماڵکردنی ئەو روداوە و هەرچیەك دەکەن سەرداوێکیشیان لە زانیارییەکان دەست ناکەوێت؟.

لەهەمووی کارەساتبار تر هەر چی بەوناوەدا تێدەپەڕێ پرسیاری لێ دەکەن؟ لەناو دوکانەکەی، لە ماڵەکەی، بە دوای زانیاری دەگەڕێن و لێیان دەپرسن؛ زانیاریتان لەسەر ئەو روداوە هەیە؟ ئەو لەماڵەوەبووە، یان لەناو دوکانەکەیدابووە و چۆن بزانێت روداوەکە چیە لەکاتێکدا تەلەفزیۆنی کردۆتەوە تا لە تۆ و کەناڵەکەتەوە زانیاری دەست بکەوێت؟!.

ئایا زانیاری لەو رێبوارانەی بەوێدا تێدەپەڕن، زانیاری تەندروستن تا ببنە سەرچاوەی زانیاریی؟ بەویژدانەوە بیڵێن؛ ئەو هاوڵاتیی و پەیامنێرانەی"ئاگایان لە مەحمودی بی زەواڵ"نیە، رەوایە بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ روداوێکی لەناکاودا بکەن کە راستەوخۆ لەگەڵ ستۆدیۆکانیاندا یەکانگیرن و هەرچییەك دەکەن ناگەنە سەرەداو و وازیش ناهێنن؟!.

هاوکات لەگەڵ ئەو روماڵەدا، گەورە هونەرمەندی کورد" ئیسماعیل خەیات"کۆچیدوایی دەکات، کەچی کەناڵێك نیە ئەو هەواڵە بگوازێتەوە کە زانیارییەکان راست و تەندروستن و مخابن ئەوە نازانن بە کۆچی دوای ئەو هونەرمەندە گەورەیە، هونەری شێوەکاری کوردی و جیهانی هونەرمەندێکی گەورەی لەدەستداوە و دەبوو تا ئێستا چەندین هەواڵیان لەسەر ئامادەبکردایە..

مخابن بۆ ئەو جۆرە لە سوکایەتیی کردنەی رۆژنامەڤان و کەناڵەکان بە خۆیان و بینەران دەیکەن.
خۆزگە سەندیکای رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانیش چاوی ساخ و تەندروستیان لەسەر ئەو گەڕەلاوژێیەی خۆیان و ئەندامان و هاوپیشەکانیان دادەنا و تا ئەندازەی سزادان بە لێ سەندنەوەی ناسنامە و دورخستنەوەیان لەو پیشە گەورە و گرنگە رێزیان لە پیشە و بینەران دەگرت.

درود بۆ گیانی پاکی هونەرمەند ئیسماعیل خەیات
پرسە و سەرەخۆشی بۆ هونەرمەند گەزیزە خانم و ئەندامانی خێزانی کۆچکردوو.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP