دواین هەواڵ

شۆڕش: لە خەمەوە بۆ قاقا لە مەرگەوە بۆ ژیان..

‌رێبوار سیوەیلی

02/12/2022

1. هەمیشە پێخۆشبوون مایەی ستایشكردن نییە، چونكە لە پێخۆشبووندا ئەویتر شكاندن خۆی ماتداوە. بە تایبەتی كاتێك ئەو ئەویترە كەسێك یان كەسانێك بێت زۆر ئازار بەخشە. وەلێ كاتێك جەماوەر ئەویتر لە فۆرمی دەوڵەتێكی جەللاددا دەكاتە ئامانج، شۆڕش ڕووخساری خەماوی خۆی دەكاتە قاقا و قاقاش لەسەر ئاوازی دەستڕێژی ڕەگبار، دڵی دوژمن دەسمێت. بۆیە لە پشت پێكەنین و قاقا و شایی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە، دوای دۆڕاندنی تیمیی ئێران، ئەو پێخۆشبوونە هەنگاوێكی دیكەی شۆڕشی ژنان و خەڵكی ڕۆژهەڵاتی تێكۆشەری ئاشكرا كرد. 

2. هەنگاوێك بە ئاراستەی ژیاندۆستی و سەندنەوەی بەردەوامی لە لوولەی تفەنگ و سەندنەوەی خەندە لە خوین و سەندنەوەی شادی لە خەم و سەندنەوەی بوێریی لە ترس و تۆقین و سەندنەوەی هاوار و شاییلۆغان لە بێدەنگیی و متەق لێوە نەهاتن. نومایشی دوێنێ شارەكانی كوردستان، جۆرێك لە منداڵبوونەوەیەكی یاخیگەرانەی پیشاندا لە ئاست باوكێكی بێڕەحم و بێ بەزەییدا. بەڵام كردنی شۆڕش بە كەرناڤاڵ، دیمەنەكانی شاییلۆغانی سەدەكانی ناوەڕاستیشمان بیر دەخاتەوە، كە چۆن خەڵك لەبەرچاوی دەسەڵاتدا، جۆرێ لە یاخیبوون و ناڕەزاییەتییان دەردەبڕی و پێكەنینیان دەكردە خەنجەری سەر دڵ. 

3. گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتدا هەر بە تەنیا شۆڕش بە مانا تراژیدییەكەی ناكات، هێندەی ئەوەش كە تراژیدیا لە شین و گریانەوە دەكاتەوە بە شایی و ستران. دەرهێنانی شادی لە گەرووی پڕ و دەنگ لە بێدەنگی و بەردەوامیی لە مەرگ، تەنیا لە شۆڕشێك دێت، كە ژیان لە مەرگ دەستێنێتەوە. ئەم شۆڕشە هێندە مانابەخش و بەخشندەیە، كە ناچارمان دەكات لە دەرەوەی هەموو ئەو مانایانە لە شۆڕش بڕوانین، كە تا ئێستا سیمایان بە شۆڕش بەخشیوە. ئەمە ئەوەیە كە شاعیر گوتبووی: "دەبێت چاوەكانمان بشۆین و ژیان/شۆڕش بە جۆرێكی دیكە ببینین"!

4. دۆڕانی ئێران لە یارییەكاندا، ئەو مەودایەی نێوان كۆماری خوێن و خەڵكی ئێمەی قووڵتر كردەوە. ئەو سەمای خۆشییەی كوردان كردیان، لە دژی ئێران وەك وڵاتێك نەبوو، هێندەی ئەوەی لە دژی ڕژێمێك بوو كە گەلانی ئێرانی خستۆتە ناو قەفەسێكی ئاسنینەوە. ئەوەتا هەمووان دەیانەوێت لەم قەفەسە بێنە دەرێ و ڕەوتی ئازادی بگرنە بەر.. لێرەوەیە پێخۆشبوون بەو دۆڕانە دەبێتە بەشێك لە بەرەنگاری بەرامبەر سیستەمە داگیركەرەكە، كە تەنانەت ئازادیی بۆ وەرزش و چالاكییەكانی دیكەش نەهێشتۆتەوە. بۆیە ئەم دۆڕانە لە ئاستە كردەییەكەیەوە پەڕییەوە بۆ ئاستە سێمبوولییەكەی و وا لێكدرایەوە، كە یەكەم هەنگاوە بۆ دۆڕانی ڕژێمەكە. بەم مانایەش بێت ئەو پێخۆشبوونەی كوردان پێخۆشبوون نەبوو بە غرووی میللیانەی نەتەوەیەكی دیكەی ئێران، هێندەی ئەوەی پێخۆشبوون بوو بە چاوەڕوانی ڕژێمەكە، كە تەنیا لە كاتی بردنەوەدا خۆی بە خاوەنی ئەو تیمە دەزانێت و لە باقی كاتەكانی دیكەدا هەرچی ئازادییە لەو تیمەی دەستێنیتەوە و لە جیاتی ئازادی، زیندانییان دەكات. 

5. لێرەوە دەگەمە ئەو بڕوایەی ئەم شۆڕشە زۆر پێشتر لە پێناوی ئازادییدا دەستی پێكردبوو: ئەم شۆڕشە لە ناڕەزایەتیی شۆڕشی ئازادیخوازییەوە دەستیپێكرد، كە لە ساڵی 1979دا دەنگیان بە یاسای كۆماری سێدارە نەدا. پاشان زینجیرە سێدارەكان دەستپیان پێكرد و دیلەكانی پێشمەرگە بە گوللە ئەژنۆیان تیرباران دەكرا، تا ڕانەكەن. هەموومان لەبیرمانە چۆن گەنجانی ڕۆژهەڵات دەم و لێوی خۆیان بە كاڵیی دەدوورییەوە.. بیرمانە چۆن ڕێكخراوەكانی ژینگەپارێز لە شارەكانی رۆژهەڵات، قەفەسی باڵندانیان سووتاندن و ئامرازەكانی ڕاو و زیندانیكردنی ئاژەڵانیان لە خۆیان دوورخستنەوە. كێ بیری دەچێتەوە، چۆن خەڵك بە گیانی خۆی دەچوو سووتانی دارستان و كێوەكانی دەكووژاندەوە و دەیان چالاكیی ئازادیخوازانەی دیكە.. بۆیە ئەم شۆڕشە هەمیشە لە ناخی تاكبەتاكی كوردانی ڕۆژهەڵاتدا هەبووە و ئێستاش لە دەركەوتە شەقامیی و كردەییەكەیدا دەیبینین خرۆشی بەستووە. ئەو پێخۆشبوونە ڕووخسارێكی دیكەی شۆڕشە، كە تا ئێستا نەمان ناسیبوو. بگرە پیشاندانی ڕووخساری ڕاستەقینەی شۆڕشە ژیانبەخش و ژیناییەكەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP