دواین هەواڵ

لێرەمە لە هەولێرێ…

‌شیروان تاڵیب

17/01/2024

خەمەکە قووڵە، تەعداکە ڕوونە، تۆمەتەکانیش بەتاڵن. بیانووەو ئەگیرێ و شەڕەو پێمان ئەفرۆشرێ، بەڵام وەئەخیرەن، هەر ئەبێ سەبر و حیکمەت باڵادەست بێ، چونکە ئەوەی ڕووئەدا، جەنگێکی مەردانە، ململانێیەکی شەریفانە نیە، گەمەیەکی موخابەراتییە و ئەوەی ئەخلاق بێ تیایدا نیە!

ڕژێمی ئێران بەهەر چوارلادا پەل ئەهاوێ، پەلامارئەدا، گاز ئەگرێ، لەڕاستیدا، بەردراوەتە گیانی ناوچەکەو ئیتر هەم بۆخۆی گەمەئەکا، هەمیش گەمەی پێ ئەکرێ!

سیاسەت دەقیقەن بازاڕە، وەکچۆن لەبازاڕدا هەموو شتێ نرخێکی لەسەر دانراوە، لە سیاسەتیشدا، هەموو جووڵە و بڕیارێک نرخی خۆی هەیە و ئەکید مەعامەلەیشی تیادا ئەکرێ!

لە هاشوهوشی ئیعلامی ئێران بۆ جەنگی بێمنەتانەی ئیسرائیل و لە فشەفشی مەیدانیی دەستکێشەکانیشی لێرە و لەوێ بگەڕێ، ئێران لە سەودا و مەعامەلەیەکی خوێناویدا، لەبەرامبەر ( جنگ مقدس!) بێدەنگکراوە! نرخی بێدەنگکردنەکەیشی لە بۆرصەی ئەمڕۆی ئەم بازاڕە شێواوەی ناوچەکەدا، چاوپۆشیکردنە لە ( بەشێک) لە ئەفعالەکانی،، ئەفعالگەلێک، کە هەوڵی بێهوودەی ئەو ڕژێمەن بۆ سپی کردنەوەی ڕووی زەردی! ئەفعالگەلێک، لێوانلێون لە جوبن و ناجوامێری!

هەولێر، پشتی چیایە و ناوەڕاستەکەیشی قەڵایە، ئەو قەڵایەی، کە دیوارەکانی بەکەللەسەری دوژمنانی هەڵچنراوە و لەبەردەم دەروازەکەیشیدا، هەر سوپایەو شکاوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP