دواین هەواڵ

ئایا سوریا ئەزمونی عێراق دووبارە دەکاتەوە؟

‌فارس نەورۆڵی

15 کاتژمێر پێش ئێستا

بۆ تێگەیشتن لە ھەلومەرجی سوریا و ئایندەی سوریا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ مێژوو بۆ مێژوویەکی زۆر قووڵ نا بۆ سەردەمی دەسەڵاتی بەعسی سوری و بەعسی عێراقی و پێکھاتەی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئاینی ئەو دوو وڵاتە بۆ ماوەی سی ساڵ و زیاتر عێراق و سوریا لەلایەن دوو ڕژێمی ھاوشێوە بەئاگر و ئاسن بەڕێوە براوە لەسوریا بەعس زیاتر لە پەنجاساڵ حوکمی کرد و لەعێراق سی ساڵ ، لەسوریا کورد و عەرەب و دروزی و شیعە و عەلەوی و سنە و کریستیان  ھەیە ، لەعێراق کورد عەرەب شیعە سونە مەسیحی ئێزیدی، لەسوریا عەرەبی عەلەوی بەناوی بەعسەوە حوکمی کردوە لەعێراق عەرەبی سوننە بەناوی بەعسەوە حوکمی کردوە ھەردوو مۆدێلەکە تۆتالیتاری بوون جۆرێک لە پەروەردە و ڕۆشنبیری تایبەت بە ئایدۆلۆجیای بەعس لەفەزای گشتی دا ئیشی دەکرد دوای ئەوەی ڕژێمی بەعسی عێراق دەڕوخێ ھەلومەرجێکی نوێ لەعێراق دێتە پێش لێرەوە بێ تێگەیشتن لەھوشیاری  گشتی ھەندێ خەڵک پێی وا بوو عێراق دەبێتە وڵاتێکی دیموکراتی بەڵام زۆری نەبرد ڕۆحی تۆڵەی مەزھەبی شەڕێکی دروست کرد گەشتە ئاستێک سەدان کەس لەسەر ناوی عومەر کوژران،

ئەگەر بەھیگڵ ئەو دۆخەی عێراقی  دوای ڕوخانی  بەعس بخوێنینەوە ئەوە تێ دەگەین  پێداویستی قۆناغی مێژووییە و ئەنجامی بیرکردنەوەو گەشەی بیرکردنەوەی خەڵک بوە لەو ساتە وەختەدا و پاشەکشەی کۆمەڵگەی عێراقی لەوکاتەدا پاشەکشەی ھزری کۆمەڵگەیە و ڕەنگدانەوەی ڕۆحی ئەو سەردەمەیە. پرسیارەکە لێرەدایە ئایا گەلانی سوریا و دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا ئەزمون و پەند لەو ھەلومەرجەی دوای ڕوخانی بەعسی عێراق وەردەگرن..؟ کە کۆمەڵگاکان لە ئەزمونەکانی  یەکدی وانە وەردەگرن سوریا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە  وانە لەئەزمونی ئێراق وەردەگرن یان ڕۆحی کۆمەڵگا و ھوشیاری گشتی ویستی دەسەڵاتداران ھەمان ئەزمونی عێراق دوبارە دەکەنەوە ؟

چونکە ھەلومەرجی سوریا لەعێراق ئاڵۆزترە ئەگەر لەعێراق ھێزە دەرەکیەکان بەنھێنی و نیمچە ئاشکرا و ناوەناوە بەئاشکرا پشتگیری پێکھاتەیەکیان دەکرد ئەوا لەسوریا بەئاشکرا ئیسرائیل و تورکیا و وڵاتانی دیکە لەناو گەمەکەدان و بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکان زۆر توندن بە ھەموو ئەگەرێک ئەگەر خەڵکی سوریاو دەسەڵاتداران و ھێزی ھوشیاری گشتی پەند لەئەزمونی شەڕی ناوخۆی شیعە و سونەی عێراق وەرنەگرن ئەوا دورنیە جەنگێکی خوێنایتر وەک ھۆبز دەڵێ جەنگی ھەموان دژی ھەموان بەرپا ببێت و باجەکەشی خەڵک و خاکی سوریا دەیدات بەھەموو پێکھاتەکانیەوە دەبێ دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا سیاسەت بەو شێوە نەکەن کەئەوان دەیانەوێ دەبێ بەو شێوە ئیدارەی سیاسەت بدەن کەھەیە و کە ویستی کۆی پێکھاتەکانە ئەوەش بزانن ویستی پێکھاتەکانی سوریاو ویستی نێودەوڵەتی ڕژێمێکی ناوەندگەراو تۆتالیتاری وەک بەعس و ڕژێمی پێشویان ناوێت.لە جیھاندا ئێستا بیری سیاسی و دەسەڵاتداری بە جۆرێک گۆڕاوە کە ئاین و دەسەڵاتی ئاینی وئایدۆلۆجی لەوڵاتێکی فرە ئاین و مەزھەب و نەتەوەدا دەوڵەتی پێ بەڕێوە نابرێت، بیری یەک حزب و یەک سەرکردە کۆتای ھاتووە بۆ دەسەڵات و سیاسەت، خۆ ئەگەر شەرع و ھاوبیرکانی گەرەکیانە ئاین و سونەگەرایی  بکەنە بنەما بۆ سوریای ئێستا ئەوا گۆڕ بۆ خۆیان ھەڵدەکەنن و سوریا دەخەنە ناو ماڵوێرانیەکی ھەمیشەییەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP