ڕووداو و پێشهاتە و بەم پێیەیش ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، وای کردووە هەموو ئەکتەرە دەوڵەتی و نا-دەوڵەتەکانی ناوچەکە، لە لایەک بە دوای خۆدوورخستنەوە لە پڕیشکی جەنگ و ئاڵوگۆڕەکان و خۆپاراستنەوە بن و، لە لایەکی دیکەیشەوە بە دوای کەڵکوەرگرتن لەو گۆڕانکارییانە بن. لەم نێوەندەیشدا ئیسرائیل سەڕەڕای زیانە مرۆیی و سەربازی و هەواڵگرییە سەرەتایییەکان، بە یەکێک لە ئەکتەرە براوەکان دادەنرێت کە ئۆردەر یاخود نەزمێکی نوێی دڵخوازتری ناوچەییی هێناوەتە ئاراوە. ئەم نەزمەیش بە لاوازکردنی ئەکتەرە نادەوڵەتەکانی نەیار و دوژمنی و، بەم پێیەیش لاوازکردنی گەورەترین نەیاری، کە “کۆماری ئیسلامیی ئێران”ە، هاتۆتە دی.
کارلێکی فاکتەر و ئەکتەرەکان لە هاوسەنگی و هاوکێشە نوێیە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە
هەرچەندە تورکیا بەهۆی ڕووخانی “ڕژێمی ئەسەد”هوه پێگەی لە سووریا و ناوچەکەدا بەرز بۆتەوە، بەڵام هیچ گەرەنتییەک بۆ تورکیا نییە کە بەهۆی کێشە ناوخۆیییەکانی تورکیا و گوشارەکانی سەر حزبی دەسەڵاتدار و بەتایبەتی ئامادەییی ئەکتەری دیکە، وەکوو ڕووسیا، ئەمریکا، کورد و ئیسرائیل لە سووریا ئەم دۆخە بەتەواوی لە قازانجی تورکیا یەکلایی ببێتەوە و بەردەوام بێت. لە بەرامبەریشدا، بەپێچەوانەوە لەدەستدان یاخود لاوازبوونی ئەکتەرە نادەوڵەتەکانی لایەنگر و پرۆکسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، وای کردووە کە ئەم نەزمە نوێیە بەتەواوی لە زیانی گەورەترین پلان و ستراتیژیی جیۆپۆلیتیکی ئێران لە ناوچەکە کە بە “بەرەی موقاوەمە” یاخود “خۆڕاگری” ناسراوە، بشکێتەوە و لاوازبوونی ئەم ئەکتەرە نادەوڵەتانەیش وای کردووە پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا لاواز بێت و نفووزی ناوچەییی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت و تەنانەت ستراتیژیی یەکێتی و یەکبوونی گۆڕەپانەکان وەکوو دۆکترینی بەرگرییی ئێران لەسەر ئەرزی واقعدا نەمێنێت و ئێران پەنا بباتە بەر ڕککەوتن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرسە هەستیار و ژیانییە سەربازی و ئەتۆمی و ناوچەیییەکانی بە مەبەستی گەرەنتیکردنی مانەوە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت.
ئەم دۆخە نوێیە لەرزۆکە لەناوچەکەدا، هەڵگری چەندان مەترسی و هەڕەشەی ئاسایشییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و، هەر ئەمەیش وا دەکات کە سەرەڕای دروشم و سیاسەتە ئایدیۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی لەناوخۆ و دەرەوەدا، بە کەمکردنەوەی بارگرژییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، هەروەها دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، هەوڵی خۆپاراستن و تێپەڕاندنی دۆخەکە دەدات. لە کاتێکدا لە خولی یەکەمی ئیدارەکەیدا چەندان جار داوای ترەمپ بۆ ڕێککەوتن و دانوستان ڕەت کرابووەوە و تەنانەت-بەهۆی کوشتنی “قاسم سولەیمانی”، یەکێک لە کەسایەتییه گرنگ و پایەبەرزە سەبازییهكان و “فەرماندەی سوپای قودس”ی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەمریکاوە- بەڵێنی تۆڵەکردنەوە لە ترەمپ و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، دەدرایە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی. بۆیە لێرەدا دەکرێت نەرمینواندنی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی سعوودیا، هەروەها وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکای سەردەمی ترەمپ، لە چوارچێوەی ئەم نەزمە نوێیەی ناوچەکە و لاوازیی هەرێمایەتیی کۆماری ئیسلامی و لەدەستدانی کۆڵەکەکانی دۆکترینی بەرگریی ئێران بەهۆی لەدەستدانی ئەکتەرە نادەوڵەتەکان لە لایەک و، مەترسیی هێرشی سەربازی بەهۆی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران لە لایەکی دیکەوە، خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئەو ئامراز و بنەما پتەوانەی کە دۆکترینی سەربازی و بەرگریی ئێرانی لەسەر بونیاد نرابوو، لەم نەزمە نوێیەدا زیاتر لەوەی خاڵی بەهێز و گەرەنتیی بەرگری و سەربازی بن، بوونەتە هەڕەشە و مەترسیی لەناوچوونی خودی سیستەمە سیاسییەکەی کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەرزبوونەوەی ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بە پاساوی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکی و سیاسەتە ناوچەیییەکانی.
یەکەم: ئیسرائیل و ئەگەری گۆڕینی دەرفەتی نەزمی نوێ بۆ مەترسیی نوێ
گەورەترین براوەی هاوکێشەکان لە ناوچەکەدا تاوەکوو ئێستا ئیسرائیل بووە؛ ئەمەیش بەهۆی دەرفەتی هەڵقووڵاو لە مەترسی و هەڕەشەی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ی حەماس هاتە ئاراوە. ئیسرائیل توانای سەربازی و تەنانەت ڕەوایەتیی حەماسی بۆ نوێنەرایەتیکردنی پرسی فەڵەستینییەکان بەتەواوی تێک شکاندووە و درزی گەورەی خستۆتە ناو فەڵەستینییەکانیشهوه بۆ لایەنگری لە کردەوە سەربازی و چارەسەرکردنی پرسەکەیان بە چەکداری و سەربازی. جگە لەمانەیش، ئەم دەرفەتهی بۆ لێدان لە ژێرخانی سەربازی و سەرمایە مرۆیی و ستراتیژییەکانی حزبوڵڵای لوبنان قۆستەوە و جگە لە کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا و فەرماندە باڵاکانی حزبوڵڵا، بە یارمەتیی ئەمریکا کاریگەریی قووڵی لەسەر پرۆسەی سیاسیی لوبنان و ڕەوایەتیی ئەم ڕێکخراوە سیاسی-سەربازییە، کە وەکوو بەهێزترین سەرمایەی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی و گەورەترین مەترسیی نزیکی ئیسرائیل هەژمار دەکرا، داناوە. لێکەوتەی ئەمەیش، بووە هۆی لاوازبوونی ڕژێمی ئەسەد و پاشان ڕووخانی ڕژێمەکە لە سووریا و باڵادەستیی نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتە و لەدەستدانی یەکێک لە گرنگترین ئاڵقە جیۆسیاسییەکانی ئێران لە دژی ئیسرائیل؛ هەر ئەمەیش وای کردووە کە کۆماری ئیسلامی گەورەترین کارتەکانی خۆی لەدەست بدات و ئەکتەرە نادەوڵەتەکانی لایەنگری ئێران، وەکوو حەشدی شەعبی و حووسییەکانیش بکەونە دۆخێکی نالەبار و لەرزۆک. هەرچەندە باڵادەستیی تورکیا بەهۆی ڕووداوەکانی سووریا وای کردووە کە ئیسرائیل هەست بە مەترسی بکات، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەکردەیی هیچ مەترسییەکی ناوچەیی لە ڕووی جوگرافییەوە هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل ناکات.
خاڵی پێکناکۆکی ئەم هاوکێشەیە بۆ ئیسرائیل ئەوەیە کە سەرەڕای لاوازبوونی بەرەی لایەنگرانی ئێران- ناسراو بە بەرەی موقاوەمە و دوژمنەکانی ئیسرائیل- بەڵام ئەم لاوازییە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە بۆشاییی ئەسەد لە ڕێگەی تورکیاوە پڕ بکرێتەوە کە مەترسیی بەهێزبوونی گرووپە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان لە سووریا لە داهاتوودا بتوانێت جارێکی دیکە دەرفەتی خۆڕێکخستنەوە بداتە گرووپە فەڵەستینی و توندڕەوەکان بە پاڵپشتیی تورکیا و، هەر ئەمەیش وا بکات ئێران دەرفەتی نوێی بۆ بێتە ئاراوە و کەڵک لە ململانێکانی تورکیا-ئیسرائیل لە ناوچەکەدا وەربگرێت و لایەنگرانی ڕێک بخاتەوە و هەڕەشەی نوێی بۆ سەر ئیسرائیل دروست ببێت.
جگە لەمانەیش، ئەم هاوسەنگی و بۆشایی و نەزمە نوێیە وا دەکات کە دەرفەت بۆ بکەرایەتیی ئەکتەرەکانی دیکە بێتە ئاراوە کە پێشووتر بەهۆی باڵادەستیی ئێران لە ناوچەکە لە چوارچێوەی “ڕێککەوتنی ئیبراهیم” لە ئیسرائیل نزیک ببوونەوە؛ بەڵام لە ئێستادا ئەگەر مەترسیی ئێران و لایەنگرانی لاواز یاخود نەمێنێت، ئەوە لە پێگەیەکی بەرزترەوە دەچنەوە ناو هاوکێشەکانەوە. ئەمەیش دهبێته هۆی ئهوهی كه ئیسرائیل نەتوانێت وەکوو جاران بە بەرزکردنەوەی هەڕهشەکانی ئێران و پرۆکسییەکانی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە، وەبەرهێنانی سیاسی و دیپلۆماسی و تەنانەت سەربازی بکات. بۆیە ئەمەیش دژبەیەکییەکی لە ناوچەکەدا و تەنانەت لە زیانی ئیسرائیل-هەرچەندە کورتخایەن- هێناوەتە ئاراوە.
مەترسییەکی دیکە کە بۆ ئیسرائیل هاتۆە ئاراوە ئەوەیە کە بەهۆی داڕمانی دۆکترینی بەرگریی ئێران لە ڕێگەی جەنگی ناهاوسەنگ (Asymmetric warfare)، بە ڕێژەیەکی بەرز مەترسیی بەرەو ئەتۆمیبوونی ئێران بۆ پڕکردنەوی خاڵی لاواز و لەدەستدانی کۆڵەکەکانی دۆکترینی سەربازیی ئێران لە ناوچەکەدا بێتە ئاراوە. تەنانەت هەر ئەمەیش دژبەیەکییەکی دیکەی لەگەڵ خۆی هێناوەتە ئاراوە کە ئەویش سیناریۆ و ئەگەری ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا و، بەم پێیەیش دووركهوتنهوهی تارماییی هێرشی سەربازییه بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا یان لەلایەن ئیسرائیلەوە؛ چونکە لە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەتۆمی، هەم بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەگەرچی بەلاوازی بەڵام پارێزراو دەبێت و هەمیش سزا و ئابڵووقەکان لەسەر ئێران لا دەچێت و ئیسرائیل ناتوانێت لەم بوارەدا وەبەرهێنانی سەربازی بکات و پشت بە ئیدارەی ترەمپ ببەستێت و، تەنانەت لە ئەگەری هێڕشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران لەوانەیە ڕووبەڕووی ڕەخنە و ناڕەزایەتیی توندی ئیدارەی ترەمپیش ببێتەوە؛ ئەوە جگە لەوەی کە ئیسرائیل بەتەنیایی ناتوانێت هەموو دامەزراوەکانی ئێران بەیەکجاری لەناو ببات و لە پاش ئەگەری ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا، ڕەوایەتیی نێودەوڵەتییشی نابێت. هەروەها ئەگەری ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا دەتوانێت بە لابردنی سزا و ئابڵووقەکان جارێکی دیکە ئێران و لایەنگرانی لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکاتەوە و لە ئاستی ناوخۆییش تارماییی شۆڕشی جەماوەری لاواز ببێتەوە و گوشارە دارایی و ئابوورییەکانی سەر ئێران زۆر کەمتر بکاتەوە و، هەموو ئەمانەیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەستکەوتەکانی ئیسرائیل لە پاش هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دروست بکات.
لە لایەکی دیکەیشەوە، ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا وا دەکات کە ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی باڵانسی نێوان ئەکتەرەکان، ڕێگە بە بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئێران بدات و تورکیاش لە سووریا باڵادەست بێت و ئەرکی ئەمریکا بگرێتە ئەستۆ. ئەمەیش ئەو خاڵەیە کە ترەمپ دەتوانێت بە سەرکەوتن هەژماری بکات، چونکە تاوەکوو ئێستا لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنێکی ئەوتۆی دەستەبەر نەکردووە و بەڵکوو بۆتە هۆکاری لاوازیی پێگە و هەژموونی ئەمریکا و دوورکەوتنەوە و ڕەخنەی هاوپەیمانە نەریتییەکانی ئەمریکا و بەرزکردنەوەی بارگرژییەکانی لەگەڵ چین و ناڕەزایەتیی ئەوروپییەکان لە هەمبەر تاریفە گومركییەکان و بەتایبەتی هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە ناتۆ و جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا.
بۆیە ئیسرائیل لهوه دهترسێت کە ئیدارەی ترەمپ هێڵە سوورەکانی ئیسرائیل ڕەچاو نەکات و ئەم باڵادەستییەی ئیسرائیل و لاوازییەی ئێران کاتی بێت و جارێکی دیکە دەرفەتەکانی یەکلاییکردنەوەی مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر هەژموون و نفووزی ناوچەیی و بەتایبەتی ئاسایشی ئیسرائیل، لەدەست بچێت و ئێڕان خۆی ڕێک بخاتەوە و ڕەوایەتی بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی بدات و لایەنگرانی لە ناوچەکەدا بەهێز ببنەوە و لەمەیش گرنگتر، وڵاتانی ناوچەکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاسایی و بەهێز ببێتەوە.
دووەم: کۆماری ئیسلامی و هەڵهێنجانی دەرفەت لە هەڕەشەکان
لە بەرامبەر ئەو گۆڕانکاری و هاوکێشانەیشدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خوێندنەوەی واقعی نوێی هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە-سەرەڕای دروشمە ئایدیۆلۆژییەکان- هەست بە نا-ئاسایشی بکات. ئهمهیش بووهته هۆی ئهوهی کە دوو ڕێگە یان ستراتیژی بگرێتە بەر:
١- هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڕەشەی گۆڕینی دۆکترینی ئەتۆمی و بەم پێیەیش بەئەتۆمیبوون بە مەبەستی مانەوە و پڕکردنەوەی بۆشاییی شکستی دۆکترینی بەرگری-سەربازیی ئێران لە ناوچەکەدا و هاتنەئارای نەزمی نوێ لە قازانجی ئیسرائیل.
٢- دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بۆ دوورخستنەوەی تارماییی جەنگ و شۆڕشی جەماوەری و پاشان چالاککردنی میکانیزمی پهلهپیتكه (Snapback) لەلایەن ئەڵمانیا و بریتانیا و فەڕەنسا تاوەکوو پێش ١٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٥ و وادەی دە ساڵەی کۆتاییهاتنی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە گەمارۆ و سزاکانی سەر ئێران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییهکەیەوە بەپێی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥.
ئهوهی ڕاستی بێت، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دوایین هیوای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی ململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیل لە ناوچەکەدا لەبار برد. بهم واتایەی کە ئێران هەوڵی ددەدا بە کەمترین تێچوو لە هاوکێشەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبەری هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەربچێت و دارایییە ستراتیژییەکانی لە ناوچەکەدا، کە بە بەرەی موقاوەمە دەناسرا، بپارێزێت، بەڵام ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و هاتنەسەرکاری ترەمپ وای کرد کە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران لە دروشم و فاکتەرێکی گوشاری زارەکییەوە ببێتە ڕاستییەکی مەترسیدار کە نەک هەڕەشە لە بەرنامە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەکات، بەڵکوو لەوانەیە کۆی سیستەمە سیاسییەکهی بخاتە مەتەسییەوە و، ئەمەیش بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانی شۆڕشی جەماوەری و سەپاندنی دووبارەی “سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار”ی ئیدارەی ترەمپ و هاوبەشیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە سەربازی و ئابووری و ئەتۆمییەکانی ئێران دەهاتە دی؛ ئەمە جگە لەوەی کە لە ئەگەری چالاککردنی میکانیزمی پهلهپیتكه (Snapback) هەموو ئابڵووقە و سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە وای دەکرد کە کۆماری ئیسلامی بەتەواوی لە ڕووی ئابووری و دارایییەوە داڕمێت و دۆخێکی مەترسیداری ناوخۆیی بۆ سیستەمە سیاسییەکهی دروست بکات.
ڕەوتی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە لە دوای ئۆپەراسیۆنی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرەتای گۆڕانکارییەکی یەکلاکەرەوە بووە لە پەیوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکەدا، کە بارودۆخی ئەمڕۆی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکەی لێ كهوتۆتهوه. لە سایەی ئەم هێرشەدا بەشێکی گەورەی ئەو بەرەیەی کە پێی دەگوترا میحوەری بەرخۆدان، لەناو چووە. بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و کوشتنی سەرکردەکانی حەماس، ئەم گرووپە بەشێکی زۆری هێزی خۆی لەدەست دا و لە پێگەیەکی بەرگریی لاوازدایە. لە لوبنان، بە کوژرانی سەید حەسەن نەسروڵڵا، توانای حزبوڵڵا بۆ کاریگەری لەسەر هاوکێشە ناوچەیییەکان و تەنانەت لەناو لوبناندا زۆر کەم بووەوە و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق بوونەتە هێزێکی لاواز و ناکاریگەر، یان تەنانەت بێکاریگەر لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا. جگە لەوەیش بەهۆی ڕووخانی رژێمی ئەسەد و کۆنترۆڵی دەسەڵات لەلایەن نەیارەکانی میحوەری بەرخۆدان لە سووریا، کە بۆ ماوەیەکی زۆر وەک بنکە و ناوەندی هەماهەنگی بۆ میحوەری بەرخۆدان کاری دەکرد، سووریا بەتەواوی لە خولگەی میحوەرەکە دەرچووە. ئەمڕۆ؛ لە هەموو هاوبەشەکانی میحوەری خۆڕاگری، تەنیا ئەنساروڵڵای یەمەن تا ئێستایش لە ناوچەی دەریای سوور چالاکە و ناوبەناو ئۆپەراسیۆن لە دژی ئیسرائیل ئەنجام دەدات.
لەم هەلومەرجەدا ئیسرائیل توانای مانۆڕ و هێزی کرداریی زیاتری بەدەست هێناوە و لە کاتێکدا کە دەچێتە ناو بەشێک لە لوبنان و سووریا، بووەتە هێزێکی کاریگەر، کە هەرچیی بوێت دەیکات. بۆیە ستراتیژیی پێشووی بەرەی خۆڕاگری بە هەر هۆکارێک بێت، به ئامانجە دیاریکراوەکانی نەگەیشتووە و یەکێک لە لایەنە گرنگەکان و یاریزانانی هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە دەسەڵاتی کرداریی لە دەست داوە. بۆیە بەشێک له گۆڕانکاری له هەڵسوکەوتی ئێران و هەنگاوی بەرەو دانوستان و ڕێککەوتن، ئاکامی ئەم گۆڕانکارییەیە کە له هاوسەنگیی هێز و پێشهاته جیۆپۆلیتیکییەکان کەوتۆتەوە. بۆیە ئێستا بۆ هەموو دەوڵەتان ڕوونە کە ئاییندەی ئاسایشی ناوچەکە تا ڕاددەیەکی زۆر پەیوەستە بە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و، لەم هەلومەرجە نادیارانەیشدا یان ئاشتی لەدایک بێت یان ئاگرێکی گەورەی جەنگ هەڵدەگیرسێت.
بۆیە سەرەڕای هۆشدارییەکانی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بەهۆی نەزمی نوێی ناوچەیی و گۆڕانکاریی جیۆسیاسی لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل و پاشان تورکیا، وای کرد کە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی بڕیاری دانوستانی ناڕاستەوخۆ و هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بدات. چونکە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ئەم ڕێککەوتنەوە هەم کات دەستەبەر دەکات بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی ناوچەکە و، هەمیش لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئەمریکا لە ئیسرائیل دوور دەخاتەوە و تەنانەت وا دەکات کە لە ڕێگەی ئەمریکاوە ئیسرائیل کۆنترۆڵ بکرێت؛ چونکە ترەمپ نایەوێت لە کاتی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی، دەرفەتی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لەدەست بچێت و بەم پێیەیش ناچار بێت بەشدار بێت لە هێرشکردنە سەر ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و، ئەمە بە قازانجی ڕووسیا و چین دەزانێت و لە ڕووی ناوخۆییشەوە بە زیانی پێگە و سیاسەتەکانی خۆی دەزانێت کە هێنانەدیی ئاشتییە لە ڕێگەی هێزەوه، بەڵام بەبێ بەکارهێنانی هێزی سەربازی و هەڵگیرساندنی جەنگ کە خۆی بەردەوام ڕخنەی لێ دەگرێت.
ئەگەر ترەمپیش لە جەنگەوە تێوە بگڵێت، ئەوە ناڕوونیی پرسی ئاشتیی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا و، هەروەها ململانێکانی لەگەڵ چین و تەنانەت هاوپەیمانە ڕۆژاوایییەکانی، وا دەکات بێدەستکەوتی لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دووەمی ترەمپ، ببێتە پرس و سیما و تایبەتمەندییەکی حەتمی و بەم پێیەیش ناتوانێت قەرەبووی بکاتەوە.
پێ دەچێت ئێران بەم لێکدانەوە و خوێندنەوەیە بۆ ئیدارەی ترەمپ و، هەروەها ناکۆکیی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر چۆنێتیی چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمیی ئێران، هەروەها ناکۆکیی لەگەڵ ئەوروپییەکان، هەوڵ دەدات بە نزیکبوونەوە لە ئەمریکا لە ڕێگەی پێدانی دەستکەوتی دیپلۆماسی بە ترەمپ، وا بکات کە ئیدارەی ترەمپ هان بدرێت ڕێگە لە ئیسرائیل بۆ هێرشی سەربازی و ڕێگە لە ئەوروپییەکان بۆ چالاککردن و وەگەڕخستنی میکانیزمی پهلهپیتكه بگرێت و لەم ڕێگەیەوە هەم کێشە ئابوورییەکانی چارەسەر بکات و هەمیش ئەگەر و سیناریۆی جەنگێکی حەتمی لە خۆی دوور بخاتەوە. هەموو ئەمانەیش وا دەکات کە جارێکی دیکە و لە ئەگەری ڕێککەوتنی ئیدارەی ترەمپ و کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەرفەتی ناوخۆیی و دەرەکی لە ڕووی سیاسی و سەربازی و بەرگرییەوە بۆ ئێران بڕهخسێت کە مانەوەی لەم قۆناغەدا دەستەبەر بکات و تارماییی جەنگی لێ دوور بخاتەوە. بۆیە زێدەرویی نییە ئەگەر بڵێین کە ئەم جارە ئێران بە خوێندنەوەیەکی واقعیتر لە هاوکێشەکان، چووهتە دانوستانەکانهوه و دەیەوێت لە ڕێگەی ئەمریکا و خودی ترەمپەوە مەترسییەکانی ئیسرائیل و ئەوروپییەکان بڕەوێنێتەوە.
ئەوروپییەکان بەهۆی بەشداریی ئێران لە پێدانی مووشەک و درۆن بە ڕووسیا لە جەنگی ئۆکراینا -کە بۆ ئەوروپییەکان پرسێکی هەستیار و ئاسایشییە- دەتوانن بە ئامرازی ئاشتیانە و یاسایی (Snapback) و گەڕاندنەوەی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران بخەنە دۆخێکی زۆر نەخوازراو کە چین و ڕووسیا نەتوانن ڤیتۆی بکەن. لەلایەکی دیکە، لە ڕووی سەربازییەوە ئێرانییەکان لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکاوە دەیانەوێت ڕێگە لە ئیسرائیل بگڕن کە ئەم پێگە لەرزۆکە ناوخۆیی و دەرەکییەی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمی و سەربازییەکانی بقۆزێتەوە و پرسی ئەتۆمی و مووشەکی و دەستوەردانی ناوچەییی ئێران یەکلایی بکاتەوە و ئیسرائیل بەتەواوی لە ناوچەکەدا زاڵ بێت.
سێیەم: وڵاتانی عەرەبی و هاتنەئارای پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەتی فرەڕەهەند
سەبارەت بە وڵاتانی عەرەبییش، ئەم هاوکێشه نوێیانهی ناوچەکە ئەو وڵاتانەی لە ئیسرائیل دوورخستنەوە -لانی کەم لە ڕووی میدیایی و رای گشتییەوە- ئەمەیش بەهۆی گوشارەکانی ڕای گشتیی وڵاتەکانیان بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی فەڵهستین لە غەززە و ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم کەرتە و لە لایەکی دیکەیشەوە، ئەم هاوکێشانە کە ئیسرائیل بەشدار بووە لە دروستکردنی، وای کردووە کە دوژمن یاخود لانی کەم نەیاری سەرەکییان لە ناوچەکە- کە کۆماری ئیسلامییە- لاواز بێت و بوار و دەرفەتی مانۆڕی سیاسی و ئاسایشییان بەرزتر ببێتەوە و بۆ خۆپاراستنیان وەکوو ڕابردوو پێویستیان بە پاڵپشتی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل نەمێنێت و تەنانەت بەهۆی فاکتەری ئابوورییەوە بتوانن زیاتر لە ئەمریکا نزیک ببنەوە و لە بەرامبەریشدا، گەرەنتیی ئەمریکا وەربگرن بۆ پاراستنی ئاسایشیان و لە هەمان کاتیشذا بتوانن لاوازیی ئێران و پێداویستییەکانی بقۆزنەوە و لە پێگەیەکی بەرزترەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاسایی بکەنەوە. بۆیە بەردەوامیی ئەم دۆخە ڕەنگە لە قازانجی وڵاتە عەرەبەکانی ناوچەکە و بە زیانی ئیسرائیل بشکێتەوە و هەر ئەمەیش وا دەکات ئیسرائیل نیگەران بێت کە ئەم گۆڕانکارییە جیۆسیاسییانە لەرزۆک و کاتی بێت.
هەرچەندە وڵاتانی عەرەبییش ترسیان لە ئێرانی ئەتۆمی و بەرنامە مووشەکییەکهی هەیە، بەڵام بۆ ئەوان ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەرفەتێکی بێوێنەیە و دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی بکەرایەتییان لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە و تەنانەت دەتوانن مەترسییەکانی ئێران و پرۆکسییەکانی لایەنگری کەم بکەنەوە، چونکە لە ئەگەری هەر جەنگێک، ئەوە یەکەمین لایەن و وڵات کە دەکرێتە ئامانج، وڵاتانی عەرەبی و بنکە و دامەزراوە مەدەنی و ئابوورییەکانیانە و ئەمەیش لەگەڵ سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکییان ناتەبایە؛ بەتایبەتی بۆ شازادەی جێنشینی سعوودیا کە بۆ جێبەجێکردنی پلان و پرۆژە گەورەکانی، پێویستیی بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە، نەک جەنگ. لەم بهینهیشدا، تورکیا هەم لەگەڵ ئەمریکا و هەمیش ئێران و وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکی-بە ئاستی جیاواز- باش و بەرژەوەندیی هاوبەشی هەیە و دەتوانێت بەهۆی ئیدارەی ترەمپ و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا و نفووزی لە باشووری قەوقاز، ببێتە ئەکتەرێکی کاریگەر؛ هەرچەندە لە پاش ڕووخانی ئەسەد لە سووریا، ئەگەر نەڵێین بە شێوەیەکی ڕەها بەڵام بە شێوەیەکی ڕێژەیی، لاوازبوونی تورکیا لە سووریا، بوو به بەرژەوەندیی هاوبەشی ئێران و ئیسرائیل و ئەمەیش یەکێکە لە دایلەما ئاسایشییەکان (security dilemma) لە هاوکێشەکانی جیۆپۆلیتیکدا. هەر بۆیە لێدان لە پێگەی تورکیا لە سووریا، لە قازانجی ئێران دەشکێتەوە بەهۆی باڵادەستیی گرووپە سوننە و توندڕەوەکان لەو وڵاتەدا.
کۆبەند
دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە لایەک و نیگەرانی و دڵەڕاوکێی ئاسایشیی ئەکتەرەکان، بەتایبەتی ئێران و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە، ئاماژە و نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە هاوکێشە جیۆسیاسییەکان لەرزۆک و کاتین. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، جەنگ و دیپلۆماسیی هاوتەریب، بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان لە ئارادایە؛ بەم مانایە کە ئیسرائیل دەیەوێت بەرهەمی جەنگ بچنێتەوە و ئێرانیش دەیەوێت بە دیپلۆماسی، تارماییی جەنگ بڕەوێنێتەوە و شکستی ئەکتەرە نادەوڵەتەکانی لایەنگری، قەرەبوو بکاتەوە. لەم نێوەندەیشدا، بۆ هەردوو ئەکتەر- ئیسرائیل و ئێران- پرسی مانەوە ئەولەوییەتی سەرەکییە و باڵادەستیی جیۆسیاسییش هەر بۆ دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجه باڵا ئاسایشی و ژیانییەیە. لە لایەکی دیکەیشەوە، بۆ هەردوو ئەکتەر، سیاسەتی ترەمپ و ئیدارەکەی دەتوانێت هاوکێشەکان بگۆڕێ و ئەمەیش ڕۆڵی ئەمریکا دەردەخات، چونکە ئەگەر ئەمریکا ڕازی بێت بە مانەوەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بە شێوەی مۆدێل و شێوازی ساڵی ٢٠١٥ و لە بەرامبەریشدا سزا و ئابڵووقەکان هەڵبگرێت، ئەوە جگە لە سووککردنی گوشارەکانی سەر ئێران و دوورخستنەوەی مەترسیی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ئێران، تارماییی جەنگیش دەڕەوێنێتەوە. لەم سیناریۆیەیشدا ئیسرائیل زیانمەندی سەرەکی دەبێت. بەڵام لە بەرامبەریشدا ئەگەر ترەمپ ڕازی نەبێت بە داواکارییەکانی ئێران یاخود خودی ئێران ڕازی نەبێت بە داواکاریی نوێی ترەمپ سەبارەت بە هەڵگرتن و لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکهی بە شێوازی لیبیا و پرسی مووشەکیی خۆی، ئەو کاتە ئیسرائیل بەهاوبەشی یاخود بەتەنیا دەتوانێت بۆ ماوەیەکی نادیار بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران، مەترسییەکانی ئێران بڕەوێنێتەوە و نەزمی نوێی جیۆسیاسی لە ناوچەکە جێگیر بکات و هاوسەنگییەکی بەتەواوی نوێ لە ناوچەکەدا بێنێتە ئاراوە.
هەموو ئەمانەیش دەری دەخات کە تاوەکوو ئێستا سەرەڕای ڕۆڵ و کاریگەریی فاکتەر و ئەکتەرە ناوچەیییەکان، پێگە و ڕۆڵ و سیاسەتی ئەمریکا دەتوانێت بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز یەکلاکەرەوە بێت و، لەم نێوەندەیشدا ویستی ترەمپ دەتوانێت ڕەوتی ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لە زیان، یان بەرژەوەندیی هەر یەکە لە ئیسرائیل یان ئێران بگۆڕێت؛ هەرچەندە لە نێوان جەنگ یان ڕێککەوتن چەندان سیناریۆ و ئەگەری دیکەی لاوەکییش لە گۆڕێیه. بەڵام هەموو ئەمانە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل ناتوانن بە شێوەی ئێستا لە بەرامبەر یەکتری بەردەوام بن و، هەر ئەمەیش دەرگهی گۆڕانکاری دەکاتەوە و هاوسەنگیی نوێ دەخوڵقێنێت.