دواین هەواڵ

چارەنوسی میلیشیا چەکدارەکانی عێراق !

‌دڵشاد ئەنوەر

7 کاتژمێر پێش ئێستا

میلیشیا چەکدارەکانی عێراق بەشێک بوون لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەو پێشتر لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکاوە هۆشداری و هەڕەشەیان لێدەکرا، بەڵام ئێستا هەم میلیشیاکان بێدەنگن، هەم هەڕەشەی ئەو دوو وڵاتەش تا ڕادەیەک بۆ سەریان لاواز بوە.

لە کۆتایی حوکمڕانی بایدن دا، ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەو گروپانە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەهێزبو، ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەریان ڕاگرت ئەمەریکا بوو، کە ئاڵۆزبونی دۆخی عێراقی نەدەویات، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوەو تا ڕادەیەک دۆسیەی گروپەکان و ئێران وەکو یەک پاکێج لێیان دەڕوانرێت.

سوریای سەردەمی ئەسەد کۆتایی هات، حەماس و حیزبوڵا لاواز بوون، حوسییەکانیش لە ژێر فشاری چڕدان و ناچارن بێنە ژێر خواستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، جا هاتنە ژێر بار بە مانای لاوازکردنی تەواوەتی یاخود ڕوودانی گۆڕانکاری لە یەمەن.

بێگومان دوای ئەو وڵاتانە، عێراق تەنها هێزە کە گروپ و چەکداری زۆری نزیک لە ئێرانی تێدا کۆ ببێتەوە، بەتایبەت ئەم گروپانە بەشێکن لە سیستەمی سەربازی عێراق و خاوەن چەک و جبەخانەو پارەن، بۆیە چارەنوسیان هەمیشە بەشێکە لە گفتووگۆکانی پشت پەردە.

ئەگەری لێدانی گەورە لەو گروپانە لە ئێستادا بە دوور دەزانرێت، بەڵام کۆمەڵێک لێکدانەوە بۆ چارەنوسی ئەو گروپانە دەکرێت، هەموو لێکدانەوەکان بەو ئاراستەیەن رۆژاوا ڕێگە بەمانەوەی ئەم گروپانە نادات هاوشێوەی ئێستا بە بەهێزی.

گروپەکانی عێراق با ئێستا بێدەنگ بن، بەڵام هێشتا بەهێزن، خاوەن جەماوەرو دەسەڵات و چەک و پارەن. هەرکات بیانەوێت دەتوانن بەربەرەکانێی حکومەت بکەن، بەڵام ڕەنگە لەمەودوا بەربەرەکانێکان هاوشێوەی جاران بەزەقی نەبن، بەڵکو لە ڕێگەی سیاسییە نزیکەکانیان یاخود کاتێک بەربەرەکانێی راستەوخۆ بکەن کەمەترسی لەسەریان دروست ببێت.

رابردوو دەرخەری ئەوەیە، ئەم گروپانە لەژێر کاریگەری ئێراندان، بڕیارو ڕێنمایی لە ئێرانەوە وەردەگرن، هەرکات ئێران بچێتە ململانێی ناراستەوخۆی سەربازییەوە ئەمانیش دەجوڵێن، هەرکاتیش دۆخی ئێران نەرمی بوێت، ئەمانیش بێدەنگ و بێ جوڵەن.

بۆیە هەندێک پێیانوایە، چارەنوسی ئەم گروپانە گرێدراوە بە ئەنجامی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمەریکاوە، گەر ئێران لە قاڵب بدرێت، ئەوا ئەم گروپانە خۆیان لاوازتر دەبن، یاخود لە حاڵەتی سەرگرتنی دانوستاندا، دۆسیەی ئەم گروپانە لەگەڵ ئێران تاوتوێ دەکرێت چونکە ئەو خاوەنیانە.

هەندێکی تر وایدەبینن، ڕۆژاوا دەیەوێت لە ڕێگەی خودی عێراقەوە ئەم گروپانە لاواز بکات، ئەمەش لە ڕێگەی ڕاستکردنەوەی دۆخی لاسەنگی حکومەت بەرامبەر بەو گروپانە، واتە حکومەت بۆ لاوازکردنیان بەهێز بکرێت.

گروپە میلیشیاکان با بەربەرەکانێی حکومەت بکەن، بەڵام ناشیانەوێت دەست بەسەر حکومەت دا بگرن، چونکە دەستگرتنی ئەمان بەسەر حکومەت دا، لە ڕووی سیاسی و ئابوری و پەیوەندی نێودەوڵەتییەوە کۆتایی بە عێراق دەهێنێت.گروپەکان حکومەتیان بۆ خۆیان ناوێت، بەڵکو پێویستیان بە حکومەتێکی لاوازە، تا خۆیان دەوڵەتی قوڵ بن و ئەم حکومەتەش ئیدارەی دۆسیەی دەرەوەیان بۆ بدات و عێراق لە قەیران بپارێزێت.

هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و ئەنجامەکەی بۆ ئەم گروپانە گرنگە، چونکە پرۆسەکە لە دۆخێکی تەواو جیاوازدا ئەنجام دەدرێت، ڕۆڵی پاڵپشتیکارانیان لاواز بووە و کێبەرکێی توندیش لەسەر دەسەڵاتی داهاتووی عێراق لە ئارادایە.

ڕاستە بەشێک لە هێزە شیعەکان سەپۆرتی گروپەکان دەکەن، بەڵام لە غیابی سەدردا ململانێ لە نێوان ئەم هێزە سیاسییانەش ڕوو دەدات، با ئێرانیش ئامادەگی هەبێت، ڕوودانی هەر جۆرە ململانێ و نەمانی کۆ دەنگی کاریگەری لەسەر پێگەی شیعە دەبێت بەو گروپانەشەوە.

لەهەمووشی گرنگتر، گەر لە ئێستاوە ڕوونبێت شیعە هەڵبژاردن دەباتەوەو بەیەکدەنگی حکومەت دروست دەکەن، ئەوەش ڕوونە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەبێت کەسێک بێت ڕۆژاوا پێی ڕازی بێت، ئەمەش وادەکات ململانێی نێوان سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق و ئەو گروپانە هاوشێوەی سەردەمی سودانی و کازمی چاوەڕوانکراو بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP