دواین هەواڵ

هەوڵەکانی هەرێم ولەمپەرەکانی حکوومەتی عێراق

‌سەلام عەبدوڵڵا

3 رۆژ پێش ئێستا

یەکێک لە خەسڵەتە هەرەدیارەکانی حکوومەتی عێراق، پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، هەڵوێستە نێگەتیڤەکانی حکوومەتە جیاجیاکانی عێراقە بەرانبەر هەرێمی كوردستان، ئەو دەسەڵاتانەی هەرێم کە دەیەوێت لە بوارە جیاجیاکانی بیناکردنەوە و بەرەوپێشەوەچوونی، هەمووی لەسەر بنەمای ئەو خاڵە دەستوورییانەیە کە لە دەستووری عێراقدا ڕێگەی پێدراوە و هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ خودی دەستووری عێراقدا نییە، هەرچەندە هەندێک لەو بڕگە و خاڵانەی دەستوور بەجۆرێک شرۆڤە و بۆچوونی جیاجیای بۆ دەکرێ.

بەگشتی، حکوومەتی عێراق هیچ خۆشحاڵ نییە بە بەرەوپێشەوەچوونی هەرێم، هەربۆیەش بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت ئەو هەوڵەی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە بۆ خزمەتکردن و خۆشگوزەرانی هاووڵاتییانی بە هەر پاساوێک بێت، ڕابگرێت، دەنا ئەو گرێبەستانەی بۆ گازی هەرێم کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێم و لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کراوە، لە کۆتاییدا سوودی بۆ هەموو عێراقییەکان دەبێت و ئەوانیش سوودمەند دەبن لێی، چونکە ئێستا وەک دەبینین خودی حکوومەتی عێراق گاز لە ئێرانەوە بە تێچوویەکی زۆر دەکرێت و هێشتاش بە دەست بێ‌ئاوی و بێ‌کارەباییەوە دەناڵێنێت.

ئەمە جگە لەوەی بەپێی مادەی (112)ی دەستووری عێراقی، مۆڵەت بە هەرێمەکان دەدات لە عێراقی فیدڕاڵدا سوودمەند بن لە سامانە سروشتییەکانی خۆی، کە لە ئەنجامدا سوود بە هەموو عێراقییەکان دەگەیەنێت، حکوومەتی عێراق پێویستە ئیدی لەوە زیاتر بەهانە به حکوومەتی هەرێم نەگرێت، چونکە ئێستا هەموو دەبینین به چ جۆرێک مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت و مانگ لەدوای مانگیش بیانووی نوێ ڕادەگەیەنێت کە لەڕاستیدا مەبەست لەو ڕەفتارەی ئازاردان و چاڕزکردنی هاووڵاتییانی هەرێم و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە هەموو داواکاری و گازندەکانی بەپێی خواستی حکوومەتی عێراق جێبەجێ کردووە، کەچی وەک دەبینین هه‌ر لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت.

جا هەر بۆ زانیاری، لایەنە عێراقییەکانی نێو پەرلەمان و حکوومەت دەڵێن، ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کراون، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکانی پێشووتر بووە لەگەڵ کۆمپانیای تری ئەمه‌ریکا کە لە هەرێم کاریان کردووە و بە ڕەزامەندیی حکوومەتی ئەمریکا و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کراوە و پشتیوانی دەکرێت و به هەنگاوێکی بەجێ دەزانرێت و لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێم لەقەڵەم دەدرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP