ئەمریکا پشتی ئێمە دەگرێت، تا ئێمەش پشتی ئەو عێراقە بگرین کە ئەمریکا ئەیەوێ! یەعنی بە مەعنایەکی تر، ئەمریکا بۆ ئەوە پشتی ئێمە ناگرێت کە ئێمە پشتی لێ بکەینەوە و پشتیش لە عێراق بکەین، نەخێر و هەرگیز ئەمریکا لە هیچ زەمەن و زەمانێکدا، تەنانەت بەوەی بەعس و سەددامیشەوە، نە نییەتی وەهای هەبووە، نە پێشئەچێ بیبێ، ئیتر ئەم بنەما (کۆنکریتی)ە ی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێمە، چۆن و بە چی وەسف ئەکەی، ئەوەیان لە تەنیشتەوە دابنێ و بەردێکیشی بخەرە سەر!
ڕاستە ئەمریکا لەڕێگەی ئێمەوە، زەخت لە بەغدا ئەکا، لەبەرانبەر تەبیعەتی سیستمە سیاسییەکەی و تەبعی سیاسییەکانیدا، جارجارە وەک کارت نیشانی ئەوانمان ئەدا، بەڵام دواجار عێراقی بە ئێمەوەو ئێمەیشی بە عێراقەوە ئەوێ و ئەمەیشی لە زاری گەورە و بچووکیانەوە بیستراوە و بە گوێی هەر هەموومانیاندا داوە،، ئیتر ئێمە لە لێکدانەوەکانماندا بۆ پشتگیری و پشتیوانیی ئەمەریکا چەند زیاد بڕۆین، چەند تەفسیری لابەلای تری بۆ بکەین، ئەوەندەش لە ڕێ لامانئەدا و تووشی حساباتی غەڵەتمان ئەکا!
یەعنی هەر بۆ نموونە..
پشتگیریی ئەم دواییەی ئەمریکا لە کەرتی وزەی ئێمە (بەتایبەتی غاز)، بۆ بێمنەتکردنی ئەورووپایە لە غازی نەیارانی غەرب، بۆ بێمنەتبوونی ئێمە نیە لە عێراق و لە بەغدا،، جا ئەوەی وا تێگەیشتووە، یان وا تێگەێنراوە، بەخۆداچوونەوەیەکی ئەوێ!
دیوێکی پەیوەندییە تەلەفونییە درەنگوەختەکەی دوێنێ شەوی مارکۆ ڕۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانییەوە، ئەوەبوو کە لە ئیعلامەوە وەک هەواڵ بڵاوبووەوە!
بەڵام دیوەکەی تری، ناڵێم تەکلیف، ئەڵێم تکایەکەو مارکۆ ڕۆبیۆ لە نێچیرڤان بارزانی ئەکا تا ئەمجارەش ڕۆڵی خۆی لە کۆکردنەوەی وەزعی شێواوی نێوان هەولێر ـ بەغدادا ببینێت و (هەوڵ) بدات قسەکردن لەسەر کێشەکان، لە (میدیا)ەوە بباتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاند!
ئۆکەی دنیا گۆڕاوە و گۆڕانیش لەم ناوچەیەدا هەیە و هی تریش بۆی هەیە بەڕێوەبێ، بەڵام گۆڕانی دنیا هەرچۆنێک و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش هەرچییەک بن، جارێ هەرێمی کوردستان هەر بەشێک ئەبێ لە عێراق و نوقتە سەری دێر
سەری دێڕەکەش ئەوەیە، وەکچۆن هەڵکردن لە ناوخۆدا مەرجی مانەوەی هەرێمەکەیە، ئەوا هەڵکردن لەگەڵ عێراقیشدا، مەرجی بەهێزییەتی،، ئەزانم ئەمەت پێ ناخۆشە و منیش هەر پێم ناخۆشە، بەس کوا عیلاج، کوا بەدیل؟!
تەبعەن هەڵکردن لەگەڵ بەغدا ئەکید شەڕە، بەڵام شەڕێکی سیاسییە و لەڕێی سۆشیالمیدیا و ئەهلەکەیەوە ناکرێ، بەڵکوو بە سیاسەت و سیاسەتکاران ئەکرێ و ئەشبێ خاڵی بن لە حەماس!
ئەوە بەو حەماسەدا بیرم کەوتەوە.. باس لە چەکهەڵگرتن لە دژی عێراق ئەکرێ!
تۆ لەوە بگەڕێ کە ئێمە خۆمان ئامۆژگاری ئەحزابی کوردیی ئەملاولامان ئەکەین و پێیان ئەڵێین مۆدێلی چەکی شان نەماوە و چەکی سیاسەت بخەنەکار، بەڵام خۆ بەرزکردنەوەی چەک لە دژی ئەم عێراقە، واتا بەرزکردنەوەی چەک بەڕووی بەشێک لە قیاداتی خۆشمان کە لەو عێراقەدا شتن و تیایاندایە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و تیایشیاندایە سەرکردایەتین.