ئێستا ئێران بەهێزترین چەکی خۆی دژی ئیسرائیل بەکار دێنیت، کە بریتییە
لە هاژەکی (موشەک) بالیستی. لەبەرامبەردا ئیسرائیل خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و تا ئێستا
هیچ لێدوانێک سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ئیسرائیلی دژی ئێران نییە.
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: ئێران نزیکەی بیست هەزار هاژەکی
بالیستی هەیە.
ئیسرائیلییەکان توانای تەقاندنەوەی پێشوەختی بەشی زۆری هاژەکە بالیستییەکانی
ئێرانیان هەیە، بەڵام هەموویان نا.
لە هەر حاڵدا هاژەکی بالیستی ناتوانێت سەرکەوتن بۆ ئێران بەدەست بێنێت،
بە واتایەکی تر، ئێران لە دۆخی بەرگریکردندایە نەک هێرشکردن، ئێستا پرسیارەکە پەیوەندی
بە کاتەوە هەیە: ئایا ئێرانییەکان تا کەی دەتوانن بەرگری بکەن؟
لە مێژووی جەنگەکانی عەرەب و ئیسرائیلدا، عەرەبەکان تەنیا یەک جار
توانیویانە سەرکەوتنێکی ڕێژەیی بەدەست بێنن.
هۆکاری سەرکەوتنی میسر و سوریا لە جەنگی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣، بەسەر ئیسرائیلدا، هاوکاری ڕاستەوخۆی یەکێتی سۆڤیەت
بوو لە دژی ئیسرائیل.
لەم جەنگەی ئێستای ئیسرائیل و ئێران، زلهێزێکی گەورەی جیهانی نابینرێت
کە توانای درووستکردنی سوپرایزی هەبێت و جەنگەکە لە بەرژەوەدنی ئێران بگۆڕێت.
دەستڕۆیشتویی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بەسەر خۆرئاوای ئێران، تا دەگاتە
تاران، یەکەمین ئاماژەی دیاری دۆڕاندنی ئێرانە لەم جەنگەدا.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە رێگای کردنەوەی کۆریدۆرێکی ئاسمانی، کە
بە ئاسمانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستاندا تێەدەپەرێت، بە ئاسانی دەتوانن بگەنە
ئاسمانی تاران و ناوچەکانی تری ئێران.
لە خوولی یەکەمی جەنگی ئێران و ئیسرائیل (٢٠٢٤) ئیسرائیلییەکان لە سەدا
نەوەدی سیستمە ڕاداری و موشەکی دژەئاسمانی ئێرانیان تێکشکاند.
ئێستا دەردەکەوێت کە هێرشەکانی ئەوکاتی ئیسرائیل بۆ سەر سیستمی بەرگری
ئاسمانی ئێرانی، حساببۆکراو و ستراتیجی بووە.
کۆنترڵکردنی ئاسمانی ئێران لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل، دەبێتە
هۆی بەنیشانگرتنی ئەو بنکە سەربازییانەی هاژەکی بالیستی لێوە هەڵدەدرێت. ئەمە بێجگە
دەرفەتی وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری ئێران و لەکارخستنی پاڵاوگە نەوتی و غازیی و سەرچاوە
ئابوورییەکانی تر.
یەکێک لە چەکە کاریگەرییەکانی ئیسرائیل دژی ئێران، هێزی هەواڵگری و
دزەکردنی موسادی ئیسرائیلە بۆ ناو دەزگا هەستیارەکانی دەوڵەتی ئێران.
ئیسرائیل تا ئێستا دەیان فەرماندەی باڵای سەربازی و چەندین زانای ئەتۆمی
ئێرانی کوشتووە. بەشی زۆری ئەو کوشتنانە، بە دەستی هاوەکارەکانی موسادی ئیسرائیل،
لە ناوخۆی ئێران ئەنجام دراوە.
پرسی ئاسایشی ناوخۆی ئێران، بۆ رژێمی مەلاکانی تاران، پرسێکی پڕمەترسییە.
ئێران وڵاتێکی فرە پێکهاتەی فارس ـ سەردەستە. ئیسرائیلییەکان بە ئاشکرا هەوڵ دەدەن
سوود لەو خاڵە لاوازە وەربگرێت.
ئێران لەم جەنگەدا تەنیایە، بەڵام ئیسرائیل، سەرباری هێز و توانا خۆییەکان،
هەر سێ وڵاتی ئەتۆمی، ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا، تا ئاستی چوونە ناو شەڕی بەرگرکردن
لە ئیسرائیل، پشتیوانی تەل ئەبیب دەکەن.
15.6.2025