دواین هەواڵ

كوان کەمپینچی و بایكۆتچی و دەهۆڵکوت و زوڕناژنەكانی بەغدا؟

‌فرسەت سەید شوكر

13 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ماوەی ڕابردوودا، ئەوەی ڕەخنەی توند بوو لەلایەن كەمپینچییەكانەوە و بایكۆتچییەكانی پشت مایكەكان و دەهۆڵكوتەكانی ناو پەرلەمانەوە و پەرلەمانتارە بەناو (كورد!)ەکان ئاراستەی (حکوومەتی هەرێمی كوردستان) کرا، بەوەی لەگەڵ بەغدا ڕێک ناکەوێت.

هەر ئەوانەش بوون بوونە جاش و چوونە بەرەی دژە كورد و كوردستان و کوردایەتیەوە، ڕێگەی خۆفرۆشی نەما تاقی نەکەنەوە تا ئامانجە گڵاوەکانیان سەر بگرێت، کەچی دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ڕازی بوو بە داواکارییەکانی بەغدا، هەر ئەو کەمپینچی و دەهۆڵکوت و زوڕناژەنانەی دەرباری دەسەڵاتدارانی بەغدا، گوتیان: ”تەواو، کێشەی مووچە چارەسەر بوو!“ بەڵام نەک چارەسەر نەبوو، بەڵکوو لەژێر فشاری (بەرەی مقاوەمە) و نەیارانی کورد هێندەی تر بیانوو بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەران دۆزرایەوە، کە مافی خەڵکی کوردستانە.

مێژوو، ناو و هەڵوێستی بەرگریکارانی ڕاستەقینەی ماف و قووت و داخوازیی خەڵکانی کوردستانی تۆمار کردووە کە (بەرەی کوردایەتی و كوردستانپەروەری) سەرپەرشتیی دەکات، هەروەها ناوی جاش و جاشولکەکانیشی تۆمار کرد، کە سەرشۆڕ و زەلیل لە بەرپێی بەرپرسانی گرووپە میلیشیاکانی عێراقدا دەکەوتن، بۆ نەهێشتن و سڕینەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئێستاش درێغی ناکەن.

‏‎ئەوەی جێگەی تێڕامانە، خەڵکی تێنەگەیشتوو و رادەست و ملكەچبوو، ئەوانەی بە پیلانی نەیاران سەما دەکەن، ھەردەم لە ھەوڵی ئەوەدان سیاسەتەکانی حکوومەتی عێراق بەسەر ھەرێمی كوردستاندا زاڵ بکەن، کە ئەمە ھەروەک پیلانە شوومەکانی پێشووتر دەچێتە قاڵبی خیانەتەوە، ھەر ئەمانە کاتێک دۆخ خراپ دەبێت، دەکەونە بڵاوکردنەوەی تۆمەت و بوختان بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو ھەوڵی ئەمانە ناشرینکردن و بچووکردنەوەی ئەو قەوارەیەی ھەرێمی کوردستانە کە بە خوێنی ھەزاران شەھید و قوربانی ھاتووەتە دی، بە درێژایی مێژووی کورد لە عێراقدا خەڵکانی خۆفرۆشی وەهای تێدا هەڵکەوتووە، کە لایەنگری نەیار و داگیرکار بوون، چ لە ڕووبەڕوونەوەی چەکداری، چ لە قۆناغی نوێ کە بە قۆناغی گفتوگۆ و دایەلۆگ هەژمار دەکرێت، لێ خۆشبەختانە هەموویان گۆڕاوگۆڕ چوون و كورد و كوردستان هەر ماون. هەنگاوەکانی ئێستای دەسەڵاتدارانی عێراق دژبە بە خەڵکی کوردستان، ئەوپەڕی دژایەتی دەستور و بنەما یاساییەکانە، هەرگیز لەگەڵ بنەماکانی یاسا و دەوڵەتداری یەکناگرێتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق، بیر لەوە ناکەنەوە کە هەموو ڕژێمەکانی پێشوو بەم شێوەیە لاواز بوون یان لەناوچوون، دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و پیلان و پیلانگێڕییەکان بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، خەونێکە بەدی نایەت، هەموو دەسەڵاتدارە زۆردار و گەندەڵەکانی عێراق بە کەمپنیچی و هاوئاوازەکانیان لە هەرێم لەوە تێگەیشتوون کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داخوازییەکانی ڕەوا و حەقن، بەڵام هەر ڕۆژە و بیانوویەک بۆ ئازاردانی خەڵک دەدۆزنەوە، بێگومان دەرەنجامی پیلانەکان دژبە هەرێم شکستی گەورەی تێدا دەبێ بۆیان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP