دواین هەواڵ

ڕووداوەکانی سوەيدا: تێگەيشتن لە دۆخی سوريا

‌رەنج نەوزاد

14 کاتژمێر پێش ئێستا

بۆ ئەوەی لە ڕووداوەکانی ئەم دوایەیی سووريا تێبگەين، پێويستە بگەڕێينەوە بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا. لە پاش ڕووداوەکانی سوريا لە ٢٠١١ و هاتنی ئێران و ڕووسيا بۆ سوريا بۆ پشتگيری لە مانەوەی ڕژێمەکەی ئەسەد، بە تايبەت لە ٢٠١٥ەوە، ڕووسيا بۆ بۆردومانی نەيارەکانی ئەسەد لە باشووری سووريا کە هاوسنوور و نزيکی ئيسرائيلە، پێويستی بە جۆرێک لە لەیەکتێگەيشتن هەبوو لەگەڵ ئيسرائيل. مەرجی ئيسرائيل بۆ ڕووسيا ئەوە بوو کە ميليشياکانی سەر بە ئێران تا ٦٠کم لە سنوورەکانی ئيسرائيلەوە دوور بن. ڕووسيا ڕازی بوو، بەڵام پاش ماوەیەک حيزبوڵا و ميليشياکانی تری سەر بە ئێران لە نزيک سنوورەکانی ئيسرائيل بارەگایان دانا و جموجۆڵيان دەستپێکرد. ئيسرائيل نيگەرانی خۆی لەوبارەیەوە گەياندە ڕووسيا، بەڵام ڕووسيا نەيتوانی ڕێگری لەوە بکات و زاڵ بێت بەسەر ئێران. لەبەرانبەردا ئيسرائيل ڕووسيای ئاگادار کردەوە کە ئەگەر هەست بە مەترسی و گومان بکات، بۆردومانی سوريا دەکات، هەر کات و لە هەر شوێنێک بيەوێت، ڕووسيا بەوە ڕازی بوو. ئەم لە یەکتێگەيشتنە تا ڕووخانی ئەسەد بەردەوام بوو. 

لە پاش سەرکەوتنی بەرەی ئەسەد و ئێران و ڕووسيا و، کۆنتڕۆڵکردنی زۆربەی خاکی سوريا، ئێران بەهێزترين هەژموونی لە سوريا پەيدا کرد، سەرەڕای بۆردومانەکانی ئيسرائيل، ئێران هەر مایەوە لە باشووری سووريا. لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە، لەگەڵ ئەوەی لە زۆربەی ناوچەکانی سوريا خۆپێشاندان دژی ئەسەد کۆتایی هاتبوو، لە پارێزگای سوەیدا، کە پێشتر بەشدار نەبوو لە خۆپێشاندانەکانی دژ بە ئەسەد، خۆپێشاندان دژی ئەسەد دەستی پێکرد، بە تايبەت لە ٢٠٢٣ ئەو خۆپێشاندانە فراوانتر بوو. ئەم ڕووداوە وەک تەڵەیەکی ئيسرائيل بوو بۆ ڕژێمەکەی ئەسەد کە دەستتێوەردانێکی سەربازی لە سوەيدا بکات، بۆ ئەوەی ئيسرائيل بيقۆزێتەوە و بە پاساوی پاراستنی درووزەکان هێرشێکی زەمينی بکات و باشووری سوريا بکاتە ناوچەیەکی بێ چەک و ئارام و ميليشياکانی ئێرانی لێ دووربخاتەوە. بەڵام ئەسەد و ئێران زانيان ئەوە تەڵەیە، بۆیە تەنيا تەماشاکەر بوون لە سوەيدا و هێرشيان نەکردە سەری. 

ڕابەری سەرەکی خۆپێشاندانەکانی ئەو کاتی سوەیدا دژی ئەسەد، حيکمەت هەجەری بوو، کە ئێستاش ڕابەرایەتی درووزەکان دەکات لە شەڕی دژ بە ئەبو مەحەمەدی جۆلانی، هەجەری سەرەتا پەيوەندييەکی باش و ئاشتيانەی هەبوو لەگەڵ ئەسەد و ئێران و حيزبوڵا، بەڵام لەبەر چەندين هۆکار، لە پاش ٢٠٢٠ەوە کەوتە دژایەتی ئەسەد، یەکێک لەو هۆکارانە بريتی بوو لە ئيسرائيل. ڕابەری درووزەکانی ئيسرائيل "موفق طريف"، پەيوەندييەکی توندوتۆڵی هەیە لەگەڵ هەجەری، "طريف" پەيوەندييەکی باشی لەگەڵ حکومەتی ئيسرائيل و بە تايبەت نەتانياهۆ هەیە، ئيسرائيل زۆر کات لە ڕێگەی "طريف"ەوە کار لە هەجەری و درووزەکانی سووريا دەکات. ئەم پەيوەندييە یەکێک بوو لە هۆکارەکان کە سوەیدا دژی ئەسەد جوڵایەوە و ئيسرائيل ويستی بيقۆزێتەوە بۆ دەستتێوردانێکی سەربازی و درووستکردنی زۆنی ئارام لە باشووری سووريا. 

لە پاش خۆکووژييەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس، دەرەفەتێکی زێرين بۆ ئيسرائيل هاتە پێش بۆ ئەو ئامانجە. لە سەرەتای شەڕەکە ئيسرائيل لە غەززە و باشووری لوبنان شەڕی دەکرد، پەيامی نارد بۆ ئەسەد و ڕووسيا ئەگەر لە سورياوە ڕێگە بە ئێران بدرێت بەرەیەکی تر دژ بە ئيسرائيل بکاتەوە، ئەوا ڕژێمەکەی ئەسەد دەڕوخێنێت. ئيسرائيل سەرەتا دەيويست حەماس و حيزبوڵا لاواز بکات، پاشان بگەڕێتەوە بۆ ئامانجەکەی خۆی لە سووريا. لەو کاتەدا، بە پێی زۆر ئاماژە، مۆساد (بە ئەگەری زۆرەوە لە ڕێگەی ميتی تورکياوە) لەگەڵ دەستەی تەحريری شام و جۆلانی ڕێککەوت کە ڕژێمەکەی ئەسەد بڕوخێنن، جۆلانی ببێتە سەرۆک لە ديمەشق و باشووری سوريا بدرێتە ئيسرائيل لە ڕووی سەربازی و ئەمنييەوە. ئيسرائيل حيزبوڵای لاوازکرد، روسياش سەرقاڵی ئۆکرانيا بوو، تەنيا پێويستی بە جوڵەیەکی بچوکی ناوخۆ بوو ئەسەد بڕوخێنێت و هيلالی شيعی ئێرانی کەرت بکات. هەر ئەوەش ڕوويدا. 

پاش ڕووخانی ئەسەد و هاتنی جۆلانی، ئيسرائيل ورد بين و دوور بين بوو، هەر لەگەڵ کەوتنی ئەسەد ئۆپراسيۆنێکی فراوان و چڕی سەربازیی دەستپێکرد بۆ لەناوبردنی هەموو توانا سەربازييەکانی دەوڵەتی سوريا، بۆ ئەوەی کاتێک جۆلانی دەبێتە سەرۆک، پابەند بێت بە مەرجەکانی ئيسرائيل، ئەگەرنا، ناچاری بکات. دوای ئەوەی جۆلانی تا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن ئەمريکا و وڵاتانی عەرەبی و تورکيا و ئەوروپاوە قبوڵکرا و پشتگيری کرا، هاوکات گفتوگۆی بەردەوامی هەبوو لەگەڵ ئيسرائيل، مەرجەکانی ئيسرائيلی قبوڵکرد سەبارەت بە زۆنی بێ چەک و باسنەکردنی جۆلان...  تا ئەو ڕادەیەیی چاوەڕواندەکرا بچێتە ناو ڕێککەوتنامەکانی ئيبراهيمی. تەنانەت هەفتەیەک پێش هێرشەکەی بۆ سەر سوەیدا، وەفدی سوريا لەگەڵ ئيسرائيل لە باکۆ کۆبوونەوەیان هەبووە. ئەم دۆخە و لێدوانەکانی تۆماس باراک سەبارەت بە سوريا، هەڵە تێگەيشتنێکی لای جۆلانی درووست کرد کە دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی مامەڵە بکات و هەموو ناوچەکانی سوريا کۆنتڕۆڵ بکات. دەنگۆیەک هەیە گوایە ئيسرائيل گلۆپی سەوزی بۆ جۆلانی داگيرساند کە دەزگاکانی حکومەت و پۆليس بگەڕێنێتەوە بۆ سوەیدا، بەڵام بە بێ خوێن ڕشتن و شەڕ و بردنی تيرۆريستە جيهادييەکان و چەکی قوورس. ئەوەی کە ڕوويدا جۆلانی هێرشێکی داعشانە و تيرۆريستيانەی کردە سەر سوەیدا، ئەمە بووە هۆکاری ناڕەزایەتييەکی گەورە لەناو درووزەکانی ئيسرائيل، خۆپێشاندان و فشارێکی گەورەی لەسەر حکومەت درووست کرد. ئيسرائيل پەيامی نارد بۆ جۆلانی کە بوەستێت چونکە ئەوەی ڕوودەدات پێچەوانەی ئەوەیە کە لە باکۆ و کۆبوونەوەکانی تری نێوانيان لەسەری ڕێککەوتوون. جۆلانی پابەند نەبوو، ئيسرائيل چەند ئۆپراسيۆنێکی سەربازی ئەنجامدا دژ بە تيرۆريستەکانی جۆلانی، بەلام ئەو پێی وابوو تەنيا بۆ ڕازی کردنی درووزەکانی ناوخۆی ئيسرائيلە و جدی نييە. پاشان وەک هەميشە ئيسرائيل لەناکاو تەسعيدێکی گەورەی کرد و دۆخەکەی گەياندە ئاستێکی مەترسيدار وەزارەتی بەرگری و دەستەی ئەرکان و کۆشکی سەرۆکایەتی سوریای بۆردومانکرد، وەک پەيامیک کە هەنگاوی داهاتوو کووشتنی جۆلانی و سەرۆک ئەرکان و بەرپرسە باڵاکانی ترە. جۆلانی ملکەچ بوو و پاشان بە ناوی عەشيرەت و دەشتەکەييەکان ويستی سوەیدا کۆنتڕۆڵ بکات، ئيسرائيل دووبارە هەڕەشەی لێ کردەوە و ئەوەش شکستی هێنا. 

جۆلانی، وەک زۆبەی سەرکردە و وڵاتانی تری ئيسلامی و عەرەب، هەڵە لە ئيسرائيل تێگەيشت. ئەم هەڵانە بريتيين لە: ١. هەڵە تێگەيشتن لە پەيوەندی نێوان ئيسرائيل و ئەمريکا، گوایە ئيسرائيل وەک پڕۆکسييەکی ئەمريکایە، ئەوەی ئەمريکا بيڵێت ئيسرائيل جێبەجێی دەکات و ئيسرائيل ناتوانێت پێچەوانەی ئەمريکا بجوڵێتەوە. ئەمە نەزانينێکی قووڵە لە سروشت و مێژوو و پێکهاتەکانی ئەو پەيوەندييە. ئيسرائيل سەربەخۆترين و سەروەرترين دەوڵەتی ناوچەکەیە، تەنانەت لە پەيوەندی ئيسرائيل و ئەمريکا، زۆر کات ئيسرائيل زاڵترە، لۆبی جوو لە ئەمريکا بنەمایەکی گرنگی ئەو پەيوەندييەیە. ئيسرائيل دەکرێت لەبەر ئەمريکا هەندێک سازش بکات، یان هەندێک هەنگاو بنێت و هەندێکی تر نەنێت، بەڵام بۆ پرسی ستراتيژی و ئاسایيشی نەتەوەیی، بە دڵنياییەوە حيساب بۆ ئەمريکا ناکات. بۆ نموونە، لەبەر فشاری ئەمريکا دەکرێت ئاگربەستێکی کاتی لە غەززە بکات و رێگە بدات هاوکاری بچێتە ناو شارەکە، بەڵام ئەمريکا ناتوانێت ڕێ لە ئيسرائيل بگرێت لەوەی جەنگ دژی غەززە ڕابگەيەنێت یان جەنگەکە کۆتایی پێ بهێنێت. هەر لە دوای هێرشەکەی سەر ديمەشق، باراک خۆی وتی ناتوانين ئيسرائيل ناچار بکەين کاتێک لە ڕەهەندی ئاسايشی نيشتيمانی خۆیەوە مامەڵە دەکات. گوایە تڕەمپ شۆک بووە بەو هێرشەی ئيسرائيل و ئاگادار نەبووە ٢. هەڵە تێگەيشتن لە سروشتی کۆمەڵگە و دەوڵەتی ئيسرائيل، گوایە ناتوانێت شەڕێکی ماوە درێژ بکات، یان لە چەندين بەرەوە بجەنگێت. لە ١٢ ڕۆژی شەڕی ئێران، ئيسرائيل لە یەک کات غەززە و لوبنان و یەمەن و ئێرانی بۆردومان دەکرد. وا نزيکەی دوو ساڵە هەمووان دەپاڕێنەوە ئيسرائيل جەنگ ڕابگرێت، هەر بەردەوامە. دەتوانێت دوو ساڵی تريش لە هەموو بەرەکان بەم شێوەیە بەردەوام بێت.

 ٣. وەهمی ئەوەی کە ئيسرائيل بەرگەی زیانی گەورە ناگرێت، یاخود ئەگەر بارمتە و ديلی هەبێت سازش دەکات... هەموو ئەم وەهمانە بە هەڵە خرانەوە. جياوازی ئيسرائيل و نەيارەکانی ئەوەیە، ئيسرائيل ڕێز لە ژیانی هاووڵاتيانی خۆی دەگرێت، خوێنی مرۆڤی خۆی هەراج ناکات، ئەمە مانای وا نييە سازشی ستراتيژی بکات یاخود بەرگری لە خۆی نەکات لەبەر زیان و بارمتە. ئەگەر لەبەردەم مەترسييەکی جدی بێت، ئامادەیە دەيان هەزار مرۆڤ بکاتە قوربانی و هەزاران ديل و بارمتەی پشتگوێ بخات. حەماس وای زانی بە بارمتە دەتوانێت ڕێ لە ئيسرائيل بگرێت، غەززە کاولکرا و حەماس ئێستا دەپاڕێتەوە کە بە ڕێککەوتن بارمتەکان ئازاد بکات و تەنيا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنرێت. پێش هێرشەکەی بۆ سەر ئێران، دەزگا ئەمنييەکان پێیان وابوو دەکرێت تا ٤ هەزار ئيسرائيلی بکووژرێن، بەڵام هێرشەکەی هەر کرد. نەيارەکانی ئيسرائيل نايانەوێت و ناتوانن دان بەوەدا بنێن کە ئيسرائيل یەکێکە لە ئامادەترين و بەهێزترين دەوڵەتەکانی جيهان بۆ جەنگ. ئەوا مسوڵمانانن ناتوانن جەنگی ڕاستەقينە بکەن و شيوەن دەکەن و دەپاڕێنەوە کە ئيسرائيل جەنگ ڕابگرێت، نەک ئيسرائيل. 

لێکەوتەکانی ڕووداوەکانی سوەيدا چييە؟ ١. باشوری سوريا دەبێت زۆنێکی بێ چەک بێت و لە ڕووی سەربازی و ئەمنييەوە لە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی ئيسرائيل بێت. ئەگەر جۆلانی بيەوێت لە ڕووی سەربازیيەوە ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکات پێويستە سازشی گەورە و ستراتيژی بۆ ئيسرائيل بکات. ٢. ئيسرائيل ڕابەری ناوچەکەیە، هەر کات و لە هەر شوێنێک بيەوێت بۆردومان دەکات، تەنانەت ئەمريکاش ناتوانێت ڕێی لێ بگرێت. ٣. سوريای جۆلانی لاواز و پەرتەوازە و کەم ئيرادە دەرکەوت، ئەمەش ورەی کورد و عەلەوييەکان بەرز دەکاتەوە. ٤. دووەم گورز و پەيامی ئيسرائيل دژ بە تورکيا. پێشتر تورکيا ويستی دوو سەربازگە لە سوريا درووست بکات، هەر زوو فڕۆکەکانی ئيسرائيل وێرانيان کرد. بۆردومانکردنی ديمەشق و وەزارەتی بەرگری و کۆشکی سەرۆکایەتی، زلەیەک بوو لە ڕوومەتی ئەردۆگان و هاکان فيدان پێش جۆلانی. ٥. هەرچەند تورکيا پێی باش بوو جۆلانی سوەيدا کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام نيگەران بوو لە شێوەی هێرشەکە و ئەنجامەکەی. چونکە ديمەشقی بەرانبەر بە رۆژئاوای کوردستان لاواز پێشاندا. ئەگەر جۆلانی نەتوانێت سوەيدا کۆنتڕۆڵ بکات و بەسەر چەکدارەکانی هەجەری سەربکەوێت، ئایا چۆن رۆژئاوای کوردستان کۆنتڕۆڵ دەکات کە زۆر لە سوەیدا گەورەترە، چۆن  هەسەدە تێکدەشکێنێت کە زۆر لە هێزی درووزەکان بەهێزترە؟ ٦. سعوودييە پشتگيری جۆلانی دەکات و لۆبييەکی زۆری بۆ دەکات لای ئەمريکا، هاوکات، سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە گورز و دەستکەوتەکانی ئيسرائيل لە بەرژەوەندی سعودييە بووە، بەڵام ترس و بێ زارييەکی لا درووست بووە لەو پێگە و هەژموونە زۆرەی ئيسرائيل کە وا دەردەکەوێت هيچ حيسابێک نە بۆ تورکيا و ئێران و ميسر دەکات، نە بۆ سعوودييە و هيچ دەوڵەتێکی تر. سعوودييە وا چاوەڕوان بوو کە لە دوای کەوتنی هيلالی شيعی و لاوازبوونی ئێران، خۆی دەبێتە هێزی یەکەمی ناوچەکە، بەڵام ڕوون ديارە هەمووان لە ژێر ڕەحمەتی هێزی ئاسمانیی و مۆسادی ئيسرائيلن. ئەمە سعودييەیی نيگەران کردووە، نە قبوڵيەتی لە پەراوێزی ئيسرائيلەوە سياسەت بکات، نە دەتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە. هەر بۆیە دەيەوێت لە ڕێگەی ئەمريکاوە سنوورێکی بۆ دابنێت.

٧. ئێران دڵخۆش بوو بەو ڕووداوانە، بە تايبەت ئەگەر جۆلانی لاببرێت دەرەفەت بۆ ئێران دەرەخسێتەوە بگەڕێتەوە بۆ سوريا. هەر بۆیە ئيسرائيل جارێ نايەوێت جۆلانی لاببات، دەيەوێت لاوازی بکات بەرانبەر بە ئيسرائيل بەڵام ديوارێکی پتەو بێت بەرانبەر بە هەژموونی ئێران. ٨. ئيسرائيل لە سوريا، بە تايبەت لە باشووری وڵاتەکە، یاریکەری سەرەکييە، بە بێ ڕێککەوتن و لەیەک تێگەيشتن لەگەڵ ئيسرائيل، سوريای نوێ ناتوانێت ئايندەی خۆی درووست بکات. دەرکەوت پشتگيری ئەمريکا و تورکيا و سعوودييە و ئەوروپا یەک لاکەرەوە نييە ئەگەر ئيسرائيل ڕازی نەبێت. ئيسرائيل وەک دەوڵەتانی تر نييە، ئامرازەکانی وەک دبلۆماسيەت و سزا و لێدوان و بەياننامە و ميليشيا... کەمتر بەکاردەهێنێت، بەڵکو خێرا پەيامەکانی لە رێگەی هێزە ئاسمانييەکەی و مۆسادەوە دەنێرێت، بەرانبەرەکەی دەکاتە بەردەم دوو بژاردە، یان شەڕکردن یان سازش.

پێويستە ڕۆژئاوای کوردستان هيچ جۆرە سازش و ڕێککەوتنیکی گرنگ و دوورمەودا لەگەڵ جۆلانی نەکەن تا یەک-دوو ساڵی تر. هاوکات، گفتوگۆ و پەيوەندی بەردەوام هەبێت، زۆرترين هەوڵبدرێت شەڕ نەگاتە رۆژئاوای کوردستان چ لە لایەن تورکياوە یان لە لایەن جۆلانييەوە. بەڵام هەر جۆرە هێرشێک لە لایەن چەتەکانی جۆلانييەوە پێويستە بە توندترين شێوە وەڵامی بدرێتەوە. وەک جۆلانی و درووزەکان و تورکيا... پێويستە هەسەدە لەگەڵ ئيسرائيل پەيوەندی و لەیەک تێگەيشتن و کۆبوونەوەی بەردەوامی هەبێت. لە ئێستادا، ئيسرائيل بەهێزترين لایەنە لە هاوکێشەی سوريا و هاوکێشەی ناوچەکە بە گشتی، تەنانەت لە ئەمريکاش بەهێزترە لەو جۆرە هاوکێشەیە. تورکيا و ئێران و سعودييە و ميسر و هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن و لەو ڕەهەندەوە مامەڵە دەکەن. 

ئايندەی سوريا ڕوون نييە، بە پێی ئەم پێدراوانەی ئێستا بێت، ئەم وڵاتە هەميشە لەبەردەم ئەگەری شەڕی ناوخۆیە، تانانەت ئەگەری شەڕی سوننە و سوننەش هەیە. چونکە چەتەکانی جۆلانی بەشێکی زۆريان جيهادی و تيرۆريستن و داعشين، مەرج نييە هەموو سوننەکانی سوريا ئەم جۆرە حوکمە زێرابييە قبوڵ بکەن. سيناريۆکانی بەردەم ئايندەی سوريا، بە پێی سيناريۆکانی ئايندەی ململانێی ئيسرائيل و ئێران دەگۆڕێن. هۆکاری سەرەکی دانانی جۆلانی لە سوريا بۆ دەرکردنی ئێران بوو، ئەگەر گۆڕانکاری لە ئێران ڕووبدات، گرنگترين فاکتەری هێنانی جۆلانی بۆ دەسەڵات نامێنێت. 

بە گشتی بەردەوامی نا سەقامگيری لە سوريا، شەڕی ناوخۆ، لاوازی سوريا و ئەتکردنی سەروەرييەکەی لەبەرژەوەندی کوردە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP