دیمەنە ناخ هەژێنەکانی مناڵ و ژن و مرۆڤە برسی و زەباقاوەکانی ئێستای کەرتی غەززە، کە سەیرکردنیان مرۆڤ شەرمەزار دەکات، ڕەمزی ڕیسوایی عەرەب و دنیای ئیسلام و مرۆڤایەتیە، ئەم دیمەنانە، ئەنفالەکانی خۆمانم دێنێتەوە یاد، کە چۆن ئەوانیش پێش ئەوەی بەکۆمەڵ ڕاپێچی کۆڕە بەکۆمەڵەکان بکرێن، ڕۆژانە بە دەیان و سەدانیان وەك بێنازترین مرۆڤەکانی ئەم جیهانەو دوور لە چاوی کامێراو لەژێر پەردەیەکی ترسناکی فەرامۆشیدا، لەبرسان و بە نەخۆشی گیانیان دەسپارد.
قڕکردنی بەکۆمەڵی جوولەکەکان لەسەر دەستی نازییەکان و ئەنفالی ئێمەو جینۆسایدکردنی ئابڕووبەری ئێستای فەلەستینییەکانیش بە بەرچاوی جیهانەوەو چەندین تاوانی تری هاوشێوە، ئاماژەن بە ڕووە تاریك و وەحشیگەری و ترسناکەکەی مۆدێرنە. هەر ئەمەشە لەئێستادا شارستانێتی مرۆڤایەتی خستۆتە بەردەم ئاییندەیەکی تاریك و نادیارەوە، چونکە جیهان بەساتەوەختێکی ترسناکی داڕووخانی ئەخلاقی و بەهایی خۆیدا تێدەپەڕێت، لە جاران زەقتر و بێ پەردەتر قسەی یەکەم و یەکلاکەرەوە هی هێز و بەرژەوەندییە. تا ڕاددەیەکی زۆر لۆژیکی داروینزمی سیاسی دنیا بەڕێوەدەبات.
زۆریش بیردەکەمەوە، دەبێت ئەم هەموو هەست بە شکست و سووکایەتی و ناعەدالەتیە لەسەر ئاستی جیهان و بەتایبەتیش ئەم ناوچەی ئێمە لە داهاتوودا، چ لێکەوتەیەکی هەبێت و ڕەنگدانەوەی بەسەر نەتەوەکەم و گەلانی ناوچەکەوە چی بێت؟ بەڵام، سەرەڕای هەموو ئەو دۆخەش بەقسەی دایکی ڕەحمەتیم بڕوایەکی قووڵم بەوە هەیە، هەتا مردنە کۆڵنەدان و کردنە، بەتایبەتیش بۆ عەدالەتخوازانی باوەڕدار و ڕۆڵە و تێکۆشەرانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، چونکە بەگووتەی ژنە فەیلەسووف ئەرەنت، کەسی بێ دەوڵەت زۆر جار لە مرۆڤبوون دەخرێت و حسابی مرۆڤی بۆ ناکرێت.
بەڵکو خوابکات دۆخەکەش سەرەڕای هەموو سەختی و تاریکی و دڵرەقییەکانی ناوی، لەبەرەنجامی کۆتاییدا هەڵسانەوەیەکی مێژوویی کوردی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبێت، یاخود لانی کەم زەمینەی بۆ سازبکات، چونکە ئەگەر فەلەستین لەدەست بچێت و وێرانی تریش زۆر بێت، بەڵام کوردستان وەك دڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبستێتەوەو بەدەست بێتەوە، جگە لە ئاستە نەتەوەییەکە کە ڕوونە چۆنە، لە ئاستە ئیسلامی و ڕۆژهەڵات ناوەڕاستیەکەشدا وادەبینم دیسانەوە بۆ مرۆڤی قووڵ بین هەر دەبێتە دەستکەوت و ئومێدی دووبارە خۆڕێکخستنەوە.
ئاخر جاری وا هەیە لە فەوزاشدا دەستکەوت دەبێت، بۆیە با ئەم خەونەی منیش لە شەوێکی ڕەشەباوی سەربانێکی لادێیەکی هەشتاکانی کوردەواری ببینرێت و بدرێت بەدەست قەدەرەوە.