دواین هەواڵ

ساڵرۆژی ئەنفالکردنی بەرزانییەکان و رەخنە جددییەکە لەخۆمان

‌ئەبوبەكر كاروانی

1 رۆژ پێش ئێستا

ئەمرۆ ساڵرۆژی ئەنفالکردن  و رەشبگیری و دواتر کۆمەڵکوژکردنی هەشت هەزار بارزانی ورۆڵەی بێ تاوان و ستەملێکراوی گەلەکەمانە. کەلەساڵی ١٩٨٣ دا، هێزە ئەمنییەکانی بەعس فاشی ئاسا، رەشبگیریان کردن و دوواتر لەچوار چێوەی پرۆسەی کۆمەڵکوژکردنیاندا پاکتاویان کردن. دەستگیرکردنی مناڵانی تەمەن نۆساڵ تا پیرەمێردی نەوەد ساڵیش لەو پرۆسە دۆزەخییەدا، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی مێژووی فیرعەون و فیرعەونگەرایی بوو دژبەگەلەکەی موسا پێغەمبەر دخ لەبەرگێکی مودێرنی خوێناویدا.. ئەم کۆمەڵکوژییە، رێکەوتێکی مێژوویی و لەدەست دەرچوون نەبوو، بەڵکو  بەشێك بوو لەسیاسەتێکی هەمەلاتری بەعسییەکان بۆ توا ندنەوەی کوردی باشوور وەك گەل و کۆتایپێهێنانی وەك ناسنامەیەکی جیاوازی مافخوازو خاوەن خاکێکی نەتەوەیی تایبەت بەخۆی ،  هەربۆیە دواتر بەچەند قۆناغێك ، سەرجەم کوردستانی داگیرکراوی باشووری گرتەوە، بەوەش سەدان هەزار کەسی تری  بێ تاوان، تەنها لەسۆنگەی کورد بوون و ژیانیان لەهەندێ ناوچەی کوردستاندا، کەبە مەڵبەندی کاری پێشمەرگایەتی ناسرابوون و رژێمی بەعس لەچوارچێوەی سیاسەتی پاکتاوکردنی نەژادی و هەڵتەکا ندنی ژێر خانی ناسیۆنلیزمی کوردیدا بریاری دابوو، ژیانیان تێدا نەمێنێت، لەناوبران.

  بەوەش بەعس، لەچوار جێوەی سیاسەتی قۆناغ بەقۆناغی جینۆسایکردنی کوردا، لەقۆناغی  سەرکوتکردن و لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی ناسیۆنالیزم و بزووتنەوەی چەکداری کوردییەوە ،  گواستیەوە بۆ  قۆناغی هەوڵدانی سرینەوەی کورد وەك گەل  لەمێژوودا، یاخوود بەجۆرێك مەسخکردنی، جارێکی تر توانای سەربەرزکردنەوەو بەرهەمهێنانی ناسیۆنالیزم و ناردنەوەی پێشمەرگەی بۆ چیاکان و  ناسنامەسازیی نەتەوەیی خۆی نە مێنێت.  بەس خۆشبەختانە ئەوان چوونە زبڵدانی مێژوەو کوردستان ئاوەدا ن بۆوەو  خەونەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردە گۆرەوە. بەڵام دەبێت لێرەدا ئەورەخنە جددییە لەخۆمان بگرین، کە نە بارزانییە بێتاوان کۆمەڵکوژکراوەکان و ونەکۆی ئەنفالەکان و قوربانیانی کیمیاباران و راگواستن و خاپوور بوونی کوردستان، بەشێوەیەکی زۆرکاتی و سنووردار نەبێت، نەیانتوانی راچڵەکینێکی مێژوویی چارەنووسساز لەویژدن وبیرکردنەوە  ی ئێمەدا، بەتایبەتیش نوخبەی بریاربەدستی حیزبی و سیاسیماندا درووست بکەن، لە بازنەی قانگدراوو ململانێ و ناکۆکی و شەری نێوخۆی نەوە وێرانکەرەوە بێینە دەرێ و لەفەزای پاکی برایەتی و هاوهەستی وهاوئامانجی نەتەوەییدا، وەك نەتەوەو ناسیۆنالیزم بیربکەینەوەو رەفتاربکەین و خۆمان بۆ جیهان ومێژوو نمایش بکەین. هەموو ئەو شەهیدو فرمێسك و خوێن وقوربانییە مەزن وزۆرو زەوەندانەش، لە کۆ یاداوەرییەکی نەتەوەیدا بتوێنینەوە، بۆ ئەوەی بەم جۆرەی ئێستا لە تاقیکردنەوەی پرۆسەی نیشتیمان و گەلسازیدا  ئیکمال نەبین. لەکۆتایشدا درودوسڵاوو رەحمەتی خوا بۆ گیانی پاکی هەشت هەزار بارزانی وسەرجەم ئەنفالکراوەکان وتێکرای قوربانی و شەهیدانی راستەقینەی  کوردستان 
چاوەرێش دەکرێت لێرە بەدواوە، لەروانگەی ئەرکی گەل و نیشتیمان و دەزگاو  دەوڵتسازی و بەگەورەراگرتنی کەرامەتی کوردستانیانەوە، لەئەرك وئەمەکداری خۆمان بەرامبەر مێژووی دوێنێمان بەهەموو قوربانی وئازارەکانییەوە بروانین، نەك تەنها هەندێ بەزیندوو راگرتنی کەڕنەڤاڵیانەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP