دواین هەواڵ

سەفەرێک بۆ چین و ماچین: بەشی دووەم

‌ئەرسەلان تۆفیق

22 کاتژمێر پێش ئێستا

میدیاى چین، لەنێوان ئاراستەکردن و ئاڵنگارییەکاندا
لە رۆژی یەکەمی گەشتەکەماندا و لەیەکەم سیمیناردا لەرۆژى 11ـى تەمووزی 2025، دواى خۆناساندنى هاوڕییان (ئەڵبەت من کەمێک دواکەوتبووم)، (یانگ یۆنگ، جێگری بەڕێوەبەرى گشتى میدیا و پەیوەندییە نیشتمانییەکانى چین) لە سیمینارێکى یەک کاتژمێرییدا باسی لە (پەرەپێدانى پیشەسازیی میدیاى چین و کاریگەرییەکانى لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان) پێشکەشکرد، ئەو لە پێشەکی قسەکانیدا و بێ دوودڵی و شەرمکردن ڕاشکاوانە گوتى: "میدیاى چین میدیایەکى فەرمیی و حکومییە"، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە میدیاى ئەهلی و ئازاد و سەربەخۆ لەناوخۆی وڵاتدا نییە، ئەو گوتى ئەزموونەکان دەرخەری ئەو راستییەن دەبێت میدیا ئاراستەى کارکردنى دیاربێت و دووربێت لە چەواشەکاریی و سەرگەردانى، بەبێ ئەوەى ناوى هیچ کەس، لایەن و وڵاتێک بهێنیت پێى گوتین ئەوەى لە هەندێک شوێن دەگوزەرێت پاشاگەردانییە نەک میدیاى ئازاد.

ئەمە وایکرد بۆ منى بەشداربوو بگەڕێم بەدواى زانیاری تردا بۆ ئەوەى بەتەواوى لەوە تێبگەم بۆچى میدیا لەو مەملەکەتەدا ئاراستەکراوە و حیکمەتەکانى پشتەوەی چیین؟ بەڵام با پێش لەوەى پێتان بڵێم بەکوێ گەشتم، سەرنجێکى گشتى بخەمە سەر دۆخی میدیا لەو وڵاتەدا (ئەڵبەتە بە گوێرەى ئەو شارەزاییە کەمەى کە لەو ماوەیەدا کۆمکردووەتەوە، کە بێگومانم لە کەمو کوڕێی بێبەش نابێت).

فلتەرکردنى میدیا:

میدیا لە چین بە شێوەیەکی بەرچاو لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت و پارتی کۆمۆنیستی چین دایە، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ناوەڕۆک و شێوازی کارکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و خودى میدیاکار و رۆژنامەنووسان هەیە، بەگوێرەى یاساى رۆژنامەوانیی دەبێت فلتەرەکان رۆڵی خۆیان بگێڕن و نەهێڵن (هەموو شت) بچێتە بەردەستى وەرگر.

ستراتیژى میدیاى فەرمیی :

حکومەتی چین سانسۆری تایبەتى خۆی  بەسەر میدیاکاندا جێبەجێ دەکات، ئەم سانسۆرە بابەتە سیاسییە هەستیارەکان و کۆمەڵێک هێڵێ سوورى خۆی هەیە کە پەیڕەوى لێدەکات (کە بەبڕواى من هەموو وڵاتێک مافى خۆیەتى هێڵەگشتییەکانى کارکردن دیاری بکات، تا هەموو شت بەو شێوەیە بڕوات کە یاساکەى رێگەى پێدەدات، نەک خواستى تاکە کەس و لایەنێک دەیەوێت)، بە جۆرێک ڕەخنەگرتن لە حکومەت و هەر ناوەڕۆکێک بە "نائاسایی" یان "زیانبەخش" بۆ کۆمەڵگا دادەنرێت، وەک شارەزایان باسى دەکەن ئامانج لەم کارە پاراستنى بەرژەوەندییە گشتییەکانى حیزب، حکومەت، دامەزراوەکان و شەقامی گشتیی خەڵکە.

گرنگترین دەزگا میدیاییەکان:

ئاژانسی هەواڵی شینهوا (Xinhua News Agency): ئاژانسی هەواڵی فەرمی حکومەتی چینە و گەورەترین و کاریگەرترین دەزگای میدیایی وڵاتەکەیە، سەرچاوەى یەکەمى زانیارییەکان و پشتڕاستکردنەوەى هەڵوێستەکانى پەکینە.
تەلەفزیۆنی ناوەندی چین (CCTV): تۆڕی تەلەفزیۆنی نیشتمانی چینە و چەندین کەناڵی هەیە کە لە هەواڵى جۆراوجۆر و  کات بەسەربردن و بەرنامەی پەروەردەیی دا کارەکانى رێکخستووە و بەچەندین زمان پەخش دەکات ( ئەڵبەت ئێمە بەشداربووین لە یەکێک لە ڤیستیڤاڵە گرنگەکانى و لە شارى شیان بەڕێوە چوو).
ڕۆژنامەی گەل (People's Daily): ڕۆژنامەی فەرمی پارتی کۆمۆنیستی چینە و وەک زمانحاڵی حیزب کاردەکات و گرنگی بە هەموو جۆرە بابەتێک دەدات بەتایبەتى هەواڵ و بەدواداچوون و چیرۆکەکانى خەڵک و تێڕوانینەکانى حیزب و هەڵوێستەکانى حکومەت تیایدا رەنگ دەداتەوە.

میدیاى چین قسە بۆ جیهان دەکات:

بەم بارودۆخەوە (بەڕێوەبەرانى میدیاى چین نەک هەر حاڵەتەکە بە ئەرێنى لێکدەدەنەوە) بەڵکە لەم ساڵانەی دواییدا، چین هەوڵێکی زۆری داوە بۆ فراوانکردنی کاریگەری میدیایی خۆی لەسەر ئاستی جیهان. تۆڕی تەلەفزیۆنی جیهانی چین (CGTN) کە لقی نێودەوڵەتی CCTV یە، بە زمانە جیاوازەکان بەرنامەکانی پەخش دەکات و هەوڵدەدات ڕوانگەی چین بۆ جیهانییان بگوازێتەوە.

تۆڕە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکانى چین:

لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنەلۆژیاشدا، میدیای دیجیتاڵی و سۆشیال میدیا لە چین ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن،  پلاتفۆرمەکانى وەک: ویچات  (WeChat)  پلاتفۆرمێکی گشتگیرە کە نەک تەنها بۆ نامەناردن، بەڵکو بۆ بازاڕکردن بە ئۆنلاین، پێدانی پارە و بانگهێشتى تاکسى و کڕینى تکتى فڕۆکەو و شەمەندەفەر و چەندین خزمەتگوزاری تر بەکاردێت، بەشێوەیەکى بەرفراوان کاردەکات و بگرە کەسێک نییە لە رێگەى مۆبایلە سمارتەکەیەوە ئەم پلاتفۆرمە بەکارنەهێنێت.
ویبۆ (Weibo) هاوشێوەی توێتەرەکەى جاران و (X) ـەى ئێستایە و یەکێکە لە پلاتفۆرمە هەرە بەناوبانگەکانی چین بۆ بڵاوکردنەوەی کورتە نامە و هەوا.، لە هەمان کاتدا دوین (Douyin) هاوتای تیکتۆکە لە چین و ئەویش بەکارهێنەرێکی زۆری هەیە.

کۆنترۆڵى جیهان یان شەڕی میدیایی:

چین لە هەوڵدایە بۆ دروستکردنی کاریگەریی لەسەر ڕای گشتی وڵاتانی تر لە بەرامبەر حکومەتی پەکین،  ئەمەش بە "شەڕی میدیایی" ناسراوە و ئامانجی گۆڕینی وێنەی چینە لە جیهاندا، بەبرواى من ئەم سیمینارانەش بەشێکن لەو کاریگەرییانە ( کە بێگومان بێوەڵام و بێ کاریگەریی نامێنێتەوە)، ئاڵنگارییەکانى بەردەم ئەم هەوڵانە لە لایەن شارەزایان و پسپۆڕانەوە کارى زۆری بۆ کراوە و شوێنێک نییە میدیا کاریگەریی لەسەر دانەنابێت.

دیوارى ئاگرین و پاراستنى خود:

حکومەتی چین سیستەمێکی پێشکەوتووی سانسۆری ئینتەرنێتی هەیە کە بە "دیواری ئاگرینی گەورە" ناسراوە. ئەم سیستمە ڕێگری لە هاوڵاتیانی چین دەکات لە دەستگەیشتن بە زۆرێک لە ماڵپەڕ و پلاتفۆرمە جیهانییەکان وەک گوگڵ، فەیسبووک و تویتەر، لەبەر ئەوەى نایانەوێت تێکەڵ بەو جیهانە ببن کە هەموو شتى داوەتەبەر و شتێکى نەهێشتوەتەوە بە پیرۆزیی، چین ئامانجی تێکەڵەیەکەى لە کلتووری چین و مێژوو کلتوورەکەى، ئەوان نەک هەر کلتوورەکەیان بە نەنگى و شەمهاوەر وێنا ناکەن، بەڵکە کلتوورەکەیان تێکەڵ بەو هەموو پێشکەوتنە کردووە کە لە ئێستادا پێی گەیشتوون، بەجۆرێک چین لە ئێستادا نەک تەنها چاوی لەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی هەواڵ بێت، بەڵکو دەیەوێت کۆنترۆڵی تەکنەلۆژیای گواستنەوەی هەواڵیش بکات.

بە کورتی:
میدیای چین ئامرازێکی بەهێزە لە دەستی حکومەتدا بۆئاراستەکردنى ڕای گشتی ناوخۆ و دەرەوە. لە کاتێکدا میدیای دیجیتاڵی هەلی نوێی بۆ پەیوەندی و زانیاری ڕەخساندووە، بەڵام هێشتا بەوشێوەیە نییە کە لە رۆژئاواو ئەوروپاو هەندێک لە وڵاتانى کاریگەر بەو شەپۆلانە پەیڕەو دەکرێت، ئەمەش خاڵێکى گرنگی ئەوتۆ نییە ئێمە پەیمان پێبردبێت بەڵکو ئایدیایەکی راستەوخۆی چین و ئاراستەکارانى میدیای وڵاتەکەیانە و نایشارنەوە و چەندین پاساویان بۆی هەیە.

ماویەتى:
لەبەشى داهاتوودا باسى کاریگەرە ئەرێنییەکانى زیرەکى دەستکردتان بۆ دەکەم لە چین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP