دواین هەواڵ

ئاییندەی سووریا و رۆژئاوای كوردستان لە نێوان لامەركەزی و جەنگێكی گەورەدا

‌كارزان گلی

12 کاتژمێر پێش ئێستا

 لە ٢ی ئەیلوول، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە كاتی گەڕانەوەیدا لە چین، لەناو فڕۆكە لەگەڵ رۆژنامەنووسان دەمەتەقێیەكی درێژی ئەنجامدا و باسی لە رۆژئاوای كوردستان و هەسەدە كرد، ئاماژەی دا هەر لایەنێك روو لە ئەنكەرا و شام بكات دەیباتەوە، بەڵام ئەوانەی رووی قیبلەیان لێ تێكچووە بەدوای سەرۆكی تردا دەگەڕێن، ئەوان دەیدۆڕێنن. ئێمە دەمانەوێت هەموو رەنگەكانی سووریا یەك بخەین و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سووریاش وەكوو ئێمە بیر دەكاتەوە“ ئەم گوتانەی ئەردۆغان و قسەی باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

ساڵح موسلیم، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی پەیەدە دەڵێت ”ئەگەر بێت و سووریا بەوە رازی نەبێت رۆژئاوای كوردستان لامەركەزی بێت، ناچارین بیر لە سەربەخۆیی بكەینەوە“ جیا لەویش چەندین لێدوانی بەرپرسانی توركیا و پەیەدە بەمدواییانە دەریدەخات، نێوان هەسەدە و حكوومەتی راگوزەری سووریا باش نییە، بۆیە باس لە ئەگەری پێكدادان دەكرێت.

ئەوەی ئاگری بە ناكۆكی نێوان هەسەدە و سووریادا كرد، لێدوانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە بوو لە ٢ی ئەیلوول، كاتێك گوتی: ”ئەگەر بێت و یەپەگە ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ سووریادا كردوویەتی جێبەجێی نەكات، ئەنكەرا و شام بەیەكەوە دەبێت دەستوەردانی سەربازی بكەن.“

مەسعوود یەگان، سیاسەتمەداری باكووری كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (BBC) توركی، پێیوایە رۆژئاوای كوردستان لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە گۆڕانی بەسەردا دێت.

یەگان دەڵێت: ”ئەوەی لە ١٠ی ٣ روویدا، رێككەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، ئێستا ئەو پەیوەندییە لە نێوانیاندا بوونی نەماوە“

لە رێككەوتنی نێوان شەرع و عەبدیدا هاتووە، هێزی هەسەدە دەچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی، هەروەها هەموو سەرچاوە سروشتییەكانی رۆژئاوای كوردستان، دەبێت بدرێتە دەستی حكوومەتی راگوزەری سووریا.

كورد بڕوای بە شام نەماوە

كۆنفڕانسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، كە هەموو پێكهاتەكانی كۆكردبووەوە، بەتایبەت دوورزییەكان و عەلەوییەكان، حكوومەتی سووریای توڕە كردووە، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەشداری كۆبوونەوەی پاریس نەكەن، كە حكوومەتی فەڕەنسا رێكی خستبوو، تا ئەو دوو لایەنە بگەیەنێتە رێككەوتن.

ئاژنسی (فڕانس ٢٤) بڵاوی كردبووە، لەو كۆنفڕانسەدا هەموو پێكهاتەكان داوایان لە حكوومەتی سووریا كردووە، دان بە لامەركەزیدا بهێنێت و لە دەستووری تازەی سووریاشدا جێگەی بۆ بكاتەوە، ئەمەش نیگەرانی سووریای بەدوای خۆیدا هێنا.

بەبۆچوونی مەسعوود یەگان، دوای ئەوەی حكوومەتی راگوزەر بەشێوەیەكی زۆر توند رووبەڕووی دوورزییەكان و عەلەوییەكان بووەوە، ئەمە كوردی زۆر نیگەران كرد و ترسیان لێ نیشت بەوەی شەرع ئەو سەرۆكە نییە بتوانێت بەیەك چاو سەری هەموو پێكهاتەكان بكات، بۆیە بەدەنگی بەرز رێككەوتنی ١٠ی ٣یان رەتكردەوە.

شەرع، دوای ئەوەی لە ٨ی ١٢ی ٢٠٢٤، دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵێنیدا كە بەیەك چاو سەیری هەموو پێكهاتەكان بكات، بەڵام لەوەیاندا سەركەوتوو نەبوو. مەزڵووم عەبدی، لە دیمانەیەكدا لە ١ی ٨ی ٢٠٢٥ ئاماژەی دا، دوای رووداوەكەی سوەیدا كە زۆربەی دانیشتوانەكەی دوورزین، شەرع سەلماندی كە سیاسەتی دەركردنی پێكهاتەكان پەیڕەو دەكات، بۆ ئەوەی سووریا ئارامی بەخۆیەوە ببینێت، پێویستە هەموو پێكهاتەكان لە باوەش بگرێت.

سیاسییەكانی ئەمریكا قبوڵی لامەركەزییانە بۆ سووریا

سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە حكوومەتی شەرع گۆڕاوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەشێوەیەكی دڕندانە رووبەڕووی دوورزییەكان و عەلەوییەكان بووەوە. لامەركەزیش بۆ كورد لای سیاسییەكانی ئەمریكا بەجیدی باسی لێوە دەكرێت. مێغان بۆدەیت، سەرۆكی ئەنیستیتۆی ئاشتی كورد لە لە واشنتۆن، پێیوایە پێویستە بەشێوەیەكی ئاشتیانە سووریا قبوڵی بێت رۆژئاوای كوردستان خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن، واتە لامەركەزی پەیڕەو بكەن.

ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێت: ”دوای ئەوەی لە سوەیدا حكوومەتی شەرع ئەو كوومەڵكووژییە نا مرۆڤانەی ئەنجامدا، سیاسییەكانی ئەمریكا دەگەنە ئەو بڕوایەی لامەركەزی بۆ سووریا زۆر گرنگە و قسەی لەسەر دەكرێت.“
تۆم باراك، نوێنەری ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەركونسوڵی ئەمریكا لە توركیا، پێشتر دەیگوت، ئەمریكا بەهەموو شێوەیەك دژی ئەوەیە كورد لە سوووریا داوای دەوڵەتێكی سەربەخۆ بكەن و دەیگوت دەبێت هەسەدە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگری سوووریا، بەڵام دوای سوەیدا بۆچوونی گۆڕاوە و تۆنی قسەكانی لەبەرژەوەندی كوردە.

ئایە توركیا بیر لە ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی دژی هەسەدە دەكاتەوە؟

دەوڵەت باخچەلی، كە بەشێك لە شڕۆڤەكارانی سیاسی لە توركیا دەڵێن ئەو دەوڵەتی توركیا بەڕێوە دەبات، بەئاشكرا دەڵێت ئەگەر هەسەدە نەچێتە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، پێویستە شام و ئەنكەرا هێرشی سەربازی دژی هەسەدە ئەنجام بدەن. ئەردۆغانیش چەند جارێك هەمان هەڕەشەی كردووە، بەڵام ئۆپەڕاسیۆن لەم كاتەدا وا ئاسان نابێت بۆ توركیا.

یەگان لەوڕووەوە دەڵێت: ”بۆ تێكنەدانی ئارامی سووریا، ئەستەمە توركیا ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات، چونكە لە سووریا ترسی هەیە رووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە، بۆیە توركیا لەم كاتەدا بیر لە سیناریۆیەكی لەو شێوەیە ناكاتەوە. بەڵام توركیا بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی سووریا بكات، لەڕووی سەربازی و لۆجستی پشتگیری لە شام دەكات، ئەمەش ئەنجامێكی باشی نابێت، چونكە ئیسرائیل و ئەمریكاش بەرامبەر بەو هەنگاوەی توركیا، پشتگیرییان بۆ هەسەدە زیاد دەكەن.“ 

كاریگەریی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی نێوان پەكەكە و توركیا دەبێت؟

بەبۆچوونی رۆژنامەنووسی ئەمریكی (Wladimir van Wilgenburg)، هەر جموجۆڵێكی سەربازی دژی هەسەدە ئەنجام بدرێت، ئەو پرۆسە ئاشتییەی لە توركیا دروست بووە دەڕوخێت.

ئەو رۆژنامەنووسە دەنووسێت: ”لە نێوان شام و هەسەدە هەندێك گرژی سەربازی دروست بوو، بەڵام بەدیالۆك چارەیان كرد و نەیانهێشت تەشەنە بكات. بەڵام ئەگەر ئەو گرژیانە تەشەنە بكات، بەدڵنیایەوە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا نامێنێت و كاریگەریی لەسەر دەبێت.“

بۆچوونی یەگانیش هەروایە، كە لە ئەگەری هێرش بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان لەلایەن شام و ئەنكەرا، ئیدی پڕۆسەی ئاشتی كۆتایی پێدێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP