بڵێسەی بەهاری عەرەبی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٠ لە تونسەوە سەریهەڵدا، کاتێک گەنجێکی تونسی گڕی بەردایە جەستەی خۆی وەک دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر سەختی بارودۆخی ئابوری و ژیان لەو وڵاتە، دواتر هەر ئەو ڕووداوە بووە هۆی ڕوخاندنی ڕژێمی زەینولعابدینی سەرۆکی ئەوکاتی تونس. هەر لەژێر کاریگەری خۆپیشاندانەکانی تونس، بەهاری عەرەبی هەریەکە لە وڵاتانی میسر و لیبیا و یەمەنی گرتەوە، پاشان دوا وێستگەى ئەو بەهارە گەیشتە دەوڵەتی سوریا، بەهاری عەرەبی لە سوریا بە قورسترین قۆناغی خۆی هەژماردەکرێت ئەمەش پاش ئەوەی کۆمەڵێک خوێندکار لەسەر دیواری قوتابخانەیەکی پارێزگای دەرعا بە گەورەی نوسیبویان (ئیدی سەرەی تۆیە دیکتاتۆر) وەک ئاماژەیەک بۆ بەشار ئەسەد سەرۆکی ئەوکاتی سوریا.
لە ١٥ ئایاری ٢٠١١ شەڕ و ئاڵۆزی لەسەر خاکی سوریا دەستی پێکرد، هەر یەکە لە وڵاتانی ئێران، ڕوسیا، ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی تر بوونە بەشێک لەو شەڕە، لە ناوەراستی ساڵی ٢٠١٤ شەڕەکە گەیشتە ترۆپکی خۆی و بووە ژینگەیەکی زۆر گونجاو بۆ گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە هەریەک وڵاتانی عێراق و شام، هەر بۆیە هاوپەیمانێتیەک بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پێکهێنرا بە ناوی (هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش). لەو ڕێگەیەوە هێزەکانی ئەمریکا بە مەبەستی ڕاهێنان و پاڵپشتی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) چەندین بنکەی سەربازیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزراند لەوانە بنکەی سەربازی (العمر، کۆنکیۆ) بۆ پاراستنی کێڵگە نەوت و غازییەکان لە پارێزگای دێرەزوور. بنکەی سەربازی عەین عیسا لە پارێزگای ڕەقە، بنکەی سەربازی رومێلان لە پارێزگای حەسەکە بەڵام یەکێکی تر لە بنکە سەربازییە ستراتیجی و جێبایەخەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی سوریا، کە گرنگیەکی گەورەی هەیە، چ لەسەردەمی حوکمی بەشار ئەسەد، چ لە پاش کەوتنی حوکمی بەشار ئەسەد و سەردەمی حکومەتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، بەهۆی گرنگی جیۆپۆلیتیکی شوێنەکەی ئەویش (بنکەی سەربازی تەنەف) ە.
بنکەی تەنەف دەکەوێتە سێگۆشەی سنوری نێوان هەریەک لە وڵاتانی سوریا و عێراق و ئوردن لە ناو خاکی سوریا، هەروەها تەنەف ٢٤ کم دوورە لە دەروازەی سنوری وەلیدی سەر بە پارێزگای حمس، ئەم بنکەیە لە ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دامەزرا و کرا بە ناوەندێکی مەشق و ڕاهێنان بۆ سەربازانی سوپای ئۆپۆزسیونی سوریا بە ناوی سوپای سوریای ئازاد بە سەرۆکایەتی سالم توركي العنتري ئەم سوپایە پاش دەستپێکردنی شەڕ لە سوپاکەی بەشار ئەسەد جیابوونەوە.
دامەزراندنی ئەم بنکەیە لەو شوێنە هەر لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ کۆمەڵە ئامانج دەگەڕێتەوە لەوانە ڕێگریکردن لە جموجوڵی هێزەکان داعش لە سێگۆشەی سنوری نێوان سوریا و عێراق و ئوردن، ئامانجێکی تری ئەو بنکەیە بریتی بوو لە ڕێگری کردن لە فراوان بوونی میلیشیاکانی فاتمیون و زەینەبووینی سەر بە دەوڵەتی ئێران لە خاکی سوریای پێش ڕوخانی بەشار ئەسەد، وە هەروەها ئەمریکیەکان بەهۆی گرنگی ستراتیجیە جیۆپۆلەتیکەی ئەم پێگە سەربازیەی کە تەنەف هەیبووە لە زەمینەوە ڕێگری کراوە لە ئێرانیەکان بە گەیاندنی هاوکاری چەک و تەقەمەنی لە ئێرانەوە بۆ حزب الله ی لوبنانی پێش ڕوخانی بەشار ئەسەد.
تەنەف بە هۆی گرنگی هەڵکەوتەی جوگرافیای شوێنەکەیەوە تەنانەت پاش ڕوخان و هەڵهاتنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا لە ٨ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بایەخ و گرنگی سەربازی خۆی لەدەست نەدا و هەمان جێبایەخی پێشووی خۆی هەیە، هەر بۆیە ئەمریکییەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ جێپێی خۆیان لە بنکەی تەنەف جێگیردەکەن چونکە لە ڕێگەی بنکەی سەربازی تەنەفە ئەمریکییەکان ڕێگەیان لە دەوڵەتی ئێران گرتووە یارمەتی لۆجستی و سەربازی لە چەشنی چەک و تەقەمەنی بەڕێگەی ووشکانیەوە بە خاکی سوریا بگەیەنرێتە حزب اللە ی لوبنانی و فراوانکردنی هیلاکی شیعی کە ئەمەش ئامانجێکی گەورەی ئەمریکایە چ لە ئێستا یان لە ڕابردوو چونکە لەم ڕێگەیەوە دەستی ئێران بڕدرا توانای گەیاندنی چەکی نەماوە. هەروەها ئامانجێکی تری ئەمریکییەکان لە بنکەی تەنەف چاودێریکردن و پاراستنی سێگۆشەی سنوری نێوان سوریا، عێراق و ئوردن لە بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و ڕێگری کردن لە جموجوڵ و ئەمبەر و ئەو بەرکردنی پاشماوە و خانە نوستوەکانی داعش لە نێوان سنور و خاکی ئەو سێ وڵاتە. هەر بەهۆی گرنگی ئەو بنکە سەربازییەوە لە ساڵی ٢٠١٤ تاکو ئێستا ڕووبەڕووی چەندین هێرشی درۆنی و زەمینی بۆتەوە هەر بۆیە بە ناوی سنوری ٥٥ کم دەناسرێت چونکە لە ئایار ٢٠١٧ ئەمریکیەکان داوایان لە لە هێزەکانی روسیا و ئێران و سوپای سوریا کرد نابێت بە دووری ٥٥ کم زیاتر نزیک بێتەوە لە بنکەی تەنەف.
سەرچاوە دیبلۆماسی و هەواڵێکان باس لەوە ئەکەن حکومەتی نوێی سوریا بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع لە ڕێگەی تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا کەوتوونەتە گفتوگۆی چڕ سەبارەت بە پێدانی ئۆفەری ئەوەی مانەوەی هێزی سەربازی ئەمریکا لەسەر خاکی سوریا بکات بە مانەوەیەکی یاسایی و بێگرفت، ئەمەش لە ڕێگەی فراوانکردنی بنکەی سەربازی تەنەف لەبەرامبەر چۆڵکردن و گواستنەوەی تەواوی هێز و بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بۆ بنکەی تەنەف بەڵام تائێستا بەرپرسانی باڵای پنتاگۆن بەو داوایە ڕازی نەبوون.
بە پێی ڕونکردنەوە و لێکدانەوەکان بێت حکومەتی نوێی سوریا بە فەرمی ڕادەستکردنی بنکەی تەنەف بە ئەمریکیەکان بۆ دوو فاکتەر دەگەڕێتەوە، ئەوانیش چۆڵکردنی و بەجێهێشتنی ناوچەکانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریای ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بۆ تەنەف بە مەبەستی ئەوەی هەسەدە و هێزەکوردیبەکان ناچار بە گفتوگۆیەکی نا هاوسەنگ بکات، وە هەروەها ئامانجێکی تری ئەم داوایەی ئەحمەد شەرع بریتییە لە خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی هێزەکانی سوپای سوریای ئازاد بە وەزارەتی بەرگری سوریا چونکە تا ئێستا ئەو هێزە مەشق و ڕاهێنایان پێدەکرێت لە لایەن هێزەکانی سوپای ئەمریکاوە، هەرچەندە لە ئێستادا دەوترێت سوپای سوریا ئازاد بە فەرمی بوونەتە بەشێکن لە وەزارەتی بەرگری سوریا.