دواین هەواڵ

سەرۆک بارزانی: باوکی دامەزرێنەر و پارێزەری قەوارەی دەستوری کوردستان

‌ئاسۆ حاجی

5 کاتژمێر پێش ئێستا

لە فکر و فەرهەنگی سیاسیدا، بەو کەسانە دەگوترێت “باوکی دامەزرێنەر” کە میللەتەکەی لە دۆخی شۆڕشگێڕییەوە بباتە قۆناغی دامەزراوەیی دەوڵەت، هەروەها گۆڕینی هێز و شیانی بەرخودان بۆ کار و بەرهەمی ئەو دامەزراوانە. باوکی دامەزرێنەر تەنها یاسا و ڕێساکان ناسەپێنێت، بەڵکو لۆژیکی هێز بۆ هێزی لۆژیک دەگۆڕێت لە چوارچێوی ڕێکەوتن و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی میللی گشتگیر. 

بە پێداچوونەوە بە ڕووداوە مێژوویەکان و هەڵسەنگاندنی هەڵوێستەکان و پێوانەکردنیان بە باوکانی دامەزرێنەر لە ناو میللەتانی دیکە، دەتوانین سەرۆک مەسعود بارزانی وەک باوکی دامەزرێنەری قەوارەی دەستوری کوردستان بناسێنین و شانازی پێوە بکەین. سەرۆک بارزانی سەرکەوتوو بوو لە گواستنەوە ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ لە بزاڤێکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری، بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی نیشتیمانی دامەزراو لە سەر بناغەی شەرعیەتی گەل لە ڕێگای هەڵبژاردن و دامەزراندنی دامەزراوکانی دەوڵەت.

ڕاپەڕینی بەهاری 1991 وەچەرخانێکی مەزنە لە مێژووی گەلی کوردستان، ئەو کات زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، لە گۆشەنیگای شۆڕش و حیزبایەتییەوە بەرخوردیان لەگەڵ ئەو ڕووداوە گەورەیە دەکرد، کاتێک سەرۆک بارزانی خوێندنەوە و دیدگاییەکی جیاوازی وروژاند: دیدگاییەک کە ڕاپەڕینی وەک سەرەتاییەک بۆ دامەزراندنی حوکمڕانییەکی دیموکراتی، کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتە و بۆچوونەکانی بکات. لە ڕۆژانی یەکەمی ڕاپەڕینەوە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کرد، تا لەو ڕێگایەوە گەلی کوردستان ببێتە خاوەنی دامەزراوەی نیشتیمانی.

ئەو داوایەی سەرۆک بارزانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تەنها ختووکەدانی سۆزی جەماوەر نەبوو، هەروەها تەکتیکێکی سیاسیش نەبوو، بەڵکو وەچەرخانێکی مەعریفی بوو بە ئاراستەی تێگەیشتن و مومارەسەکردنی “شەرعیەت”، لە ڕێگای گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی لێکتێگەیشتن و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی، لە شەرعیەتی هێزێکی پێشمەرگەی بەرگریکار بۆ هێزێکی پێشمەرگەی پارێزەری دامەزراوەی نەتەوەیی و نیشتیمانی پاڵپشت بە شەرعیەتی خەڵک و قبوڵکراو لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. ئەو بناغە مەعریفی و دونیابینییە گەورەیە دواتر لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان ڕەنگیدایەوە.

لە کاتی نووسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێڕاق، سەرۆک بارزانی تاکە سەرکردەی کورد بوو، مکوڕ بوو و پێداگری کرد، کە دەبێت سیستەمی فیدڕالی لە عێڕاق لەسەر بنەمای نەتەوەیی و نیشتیمانی بێت، نەوەک فیدڕالی ئیداری، یان فیدڕالی پارێزگاکان بێت. ئەو مکوڕ بوونەوە لەو باوەڕەوە بوو، کە دەبێت دان بە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی گەلی کوردستان بندرێ و ناسنامە و جوگرافیاکەی پارێزراو بێت. هەر لەبەر ئەوەش بوو، لە دژی گۆڕینی ئەو جۆرە فیدڕالیەتە بۆ فیدڕالیەتی پارێزگاکان ڕاوەستایەوە و ڕێگەی نەدا، جارێژی دیکە کورد بخرێنەوە خانەی کەمینەکان و قەوارە دەستوریەکەشی لە پێناسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی داببڕن.

دوای نزیکەی سێ دەیە و نیو لە دوای ڕاپەڕین، هێشتا دیدگای بارزانی وەک پڕۆژەیەکی فکری سیاسی کوردستانی بەرکارە ڕۆژ بە ڕۆژ گەشە دەکا و بەهێزتر دەبێت، چوونکە ئەو لە پێگە و هەستێکی باوکانە بەرخورد لەگەڵ قەوارەی دەستوری کوردستان دەکات، لە پێناو پاراستنی ئەو قەوارەیە، لەگەڵ ڕکابەرە سیاسییەکانیشی بەخشندە و لێبوردە بووە، زۆر جار لە مافی حیزبەکەی و کەسی خۆشی خۆش بووە لە بەرژەوەندی لایەنێکی دیکە، لەو بارەیەشەو نموونەی زۆر هەن، لە دوای هەڵبژاردنی 1992 تەنازولی لە دوو کورسی خۆی کرد بۆ یەکێتی تا کوردستان لە شەڕی ناوخۆ دوور بخاتەوە، لە دوای 2009وەش لەبەر خاتری مام جەلال یەکێتی پاراست و لەگەڵ خۆی کردیەوە هاوبەشی حوکمڕانی کوردستان و دوو ساڵی سەرۆکایەتی حکومەتیشی بە یەکێتی دا، لە بەغداش لە پێناو دروست بوونی یەک گوتاری کوردستانی تەنازولی لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەڕلەمان کرد بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، لە کوردستانیش بە درێژایی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، هەرگیز بە ژمارەی کورسی مامەڵەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە نەکردووە، بەڵکو هەمیشە باوەڕی بەوە هەبووە کە قەوارەی دەستوری کوردستان و چارەنووسی گەلەکەی لە دەسکەوتی حیزبی و کەسەی گەورەترە.

هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن، سەرۆک بارزانی تەنها سەرکردە و ڕابەرێکی سیاسی ئاسایی نیە، بەڵکو باوکی دامەزرێنەر و پێشمەرگەی پارێزەری قەوارەی دەستوری کوردستانە، دروستکەرەوەی کۆیادگەی (زاکیرەی جەمعی) نەتەوەیی و نیشتیمانییە، کە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول خەریک بوو لە ناوبچێت و بەسەر ئینتیمای حیزبی و ئایدۆلۆژی دابەش ببێت. 
بەو شێوەیە سەرۆک بارزانی مێژووی لە تەنها یادەوەرییەک کردە پڕۆژەیەکی زیندووی نیشتیمانی، چەمکەکانی شۆڕش و بزاڤی چەکداری گۆڕین بۆ چەمک و کەرستە و ئامرازی سەردەمیانە، هەروەها شەرعیەتی چەکی گۆڕی بۆ شەرعیەتی دەنگدان و ئیرادەی میللەت، ئەوەیە کە پێی دەگوترێت “قوتابخانە و ڕێبازی بارزانی” کە فەلسەفەیەکی بونیادنەرانیە لە خاوەندارێتی کردن لە دۆزی کوردستان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP