دواین هەواڵ

وریا بە لەگەڵ جنێوفرۆش و بێئاستەكان نەكەویتە گفتوگۆ

‌كارزان گلی

9 کاتژمێر پێش ئێستا

دەڵێن كەرێك و پڵنگێك دەبێت بەشەڕیان لەسەر ئەوەی، كەرەكە دەڵێت رەنگی چیمەن سوورە و پڵنگ دەڵێت سەوزە.

ناچار كێشەكەیان دەبەنە لای پاشای دارستان كە شێرە و كاتێك شێر دەڵێت كێشەتان لەسەر چییە، پڵنگ دەڵێت قوربان، من دەڵێم چیمەن سەوزە و كەر دەڵێت رەنگی سوورە، كامەمان راست دەكەین؟ شێرەكە دەڵێت، پڵنگەكە بخەنە زیندانەوە.

پڵنگ سەری سووڕ دەمێنێت و دەڵێت تۆش لەگەڵ ئەوەیت چیمەن رەنگی سوورە، بۆیە دەستگیرت كردم؟
شێر دەڵێت نەخێر، بۆیە دەستگیرم كردیت، چونكە لەگەڵ كەردا گفتوگۆت كردووە، ئەوەیە تاوانی تۆ.

دیبەیت لەنێوان پڵنگ و پڵنگ دەكرێت، لە نێوان شێر و پڵنگ دەكرێت، نەك كەر و پڵنگێك، ئەمە هەرگیز رووی نەداوە.
پێویستە لەسەر ئەوانەی رۆشنبیرن، یان سیاسییەكی زیرەك و لێهاتوون بزانن لەگەڵ كێ دیبەیت یان گفتوگۆ دەكەن، بەتایبەت لەم سەردەمە پڕوپووچەدا، هەرچی دێت دەبێتە سیاسی و پەرلەمانتار و بەرپرس، كە هیچ رۆشنبیرییەكی گشتیان نییە خۆت لەو كەسانە بەدوور بگرە.

چەندین پەرلەمانتاری جنێوفرۆش و خۆفرۆش و بێئاستمان هەیە، دەبێت وریا بیت گفتوگۆیان لەگەڵدا نەكەیت، چونكە ئەوان بەئەزموونی خۆیان دەتهێننە ئاستی خۆیان و پاشان لێت دەبەنەوە.

یەكێك لە خاڵە سەركەوتووەكانی ئەردۆغان ئەوەبوو، گفتوگۆی لەگەڵ كەسێكدا نەدەكرد لەئاستی خۆی نەبێت، چەندینجار كلیچدارئۆغڵو داوای دیبەیتی لێكرد، رەتی كردەوە.

تۆ چەندە زیرەك و لێهاتوو بیت، كاتێك لەگەڵ جنێوفرۆشێك یان گەمژەیەك كەوتیتە گفتوگۆ و دەمەتەقێ دەیدۆڕێنیت، چونكە لەرێگەی جنێو و سووكایەتییەوە، رێگە نادات تێز و فیكری خۆت بخەیتە روو، بۆیە لەگەڵ كەسێكدا گفتوگۆ بكە لە ئاستی خۆت یان بەرزتر بێت، بەپێچەوانەوە باجەكەی بۆ تۆ قورس دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP