دواین هەواڵ

ڕوانگەی (ئیدریس)، حاجەتی زەمانە و میراتێکی بۆماوە!

‌شیروان تاڵیب

21/06/2026

 

لە مەشهەدی بەناویەکداچووی کوردستاندا کە (خەریکە) حیزب ئەبێتە نیشتمان و نیشتمانپەروەری ـش یەکسان ئەکرێ بە حیزبایەتی، (ڕوانگە)یەک دەرکەوتووە، کە سنوورە دەستکرد و وەهمی و بگرە پووچەکانی ناو سنووری نیشتمان ناناسێ و ئەسڵەن دژەباوانەش خەریکی سڕینەوەیانە! 
ئەم ڕوانگە هەڵکەوتووە بە حەددێک عەجیب غەریبە، داوای (هەویە) لە کەس ناکا؛ تەنیا توانای جددی و ئەدائیی بەرهەمداری لە ئەهلی عیلم و عەمەل ئەوێ!
کاری وا لە ژینگەیەکدا، کە تیایدا کاتێکی زێڕین و وزەیەکی زۆر بە مەسائیلە بچووکەکانەوە خەسار ئەکرێن، تەنیا بەوانە ئەکرێ، کە ڕوانگەیەکی گەورەیان بۆ وێنە گەورەکە هەیە!
(ڕوانگە)، ئەو دەزگایەی کە لەناو تەپوتۆزی هەستاوی شەڕی سوڵتە و نفووزدا، بە شەڕکردن لەپێناو شتگەلێکدا مەشغووڵە، کە شتهای ونبوون و تەقریبەن لە بیریش چوونەتەوە:
بونیاتنانی ئینسان لە کوردستان،، ئینسانێکی چەکدار بەڵام هەر بە چەکی شان نا، بە هی زانست و مەعریفە و بۆ خزمەتی ئەحزاب و ئەشخاصیش نا، بۆ نیشتمان! 
ئەم ڕوانگەیە لە هەولێر و لە دهۆکەوە، چاوێکی لە سلێمانییە و خەم لە کفری و کەلار و چەمچەمچەماڵ ئەخوا و دڵیشی لای ڕاپەڕین و هەڵەبجەیە و ئەیەوێ شتێک بە ناوی زۆنی ئەم و ئەو نەمێنێ؛ تەنیا (زۆنی کوردستان) هەبێ! 
ئەو نەخشەی کە ئەم ڕوانگەیە دەستی بە ڕەنگڕێژکردنی کردووە و کار لەسەر بەردەوامبوونیشی ئەکا، لە کورتترین پێناسەدا، کاڵکردنەوەی ئینتیما فەرعییەکان و تۆخکردنەوەی ئینتما ئەسڵەکەیە: نیشتمانی جوان، کوردستان. 
تەبعەن هەقایەتی (ڕوانگە)، ڕاستە لە گەنجێک بەناوی (ئیدریس)ەوە دەست پێ ئەکا، بەڵام ڕوانگەکەی عومقێکی مێژوویی هەیە و لە (ئیدریس)ەکانی ترەوە، دەست بە دەست هاتووە تا گەیشتووەتە ئەم..
ئەم، لە باوەگەورەکانیەوە ڕێبازێکی پاک و تەمیزی ئینسانی و لە باپیرەکانییەوە مرۆڤدۆستی و کوردایەتی و ئێ لە باوکیشییەوە، خزمەتکردن بەبێ منەتکردن و سیاسەتکردنیش بە ڕاوەستان بە یەک مەسافە لەنێوان جیاوازییەکاندای بۆ ماوەتەوە و ئیتر خۆیشی هەرچی بەهایەکی سەردەم کە بۆ ئێرە شیاوە و ئەشێ، خستووییەتە سەر!
16ساڵ لەمەوبەر لە سەفەرێکدا، ئەم کاک ئیدریس ـەم بە گەنجتر لە ئێستای ناسی و لەم شەش حەوت ساڵەی دواییشدا، شەش حەوت جارێک پێکەوە دانیشتووین و ئەوەی لەنزیکەوە بە قسە لێم بیستووە، هەر ئەوە بووە کە فیعلیش لێم بینیوە، بەڵام قەت نە من بەلای ئەوەدا چووم شتێک لەسەر خۆی و ڕوانگەکانی بڵێم، نە ئەویش لەو نەوعانەیە حەز بکا ئەوەی کە ئەیکا، هیچی لەسەری بووترێ! 
وەزعەکە بە نەوعێک پەرت ە، ئەوەی دووان لە نوقتەیەکدا کۆبکاتەوە، با خۆیشی نەیەوێ، بەڵام ناکرێ دوو قسەی لەسەر نەکرێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP