دواین هەواڵ

ئایا واشنتن بەرەو بژاردەی گۆڕینی ڕژێم لە ئێران دەچێت؟

‌نەوزاد هێتوتی

17 کاتژمێر پێش ئێستا

لە کاتێکدا لە ڕابردوودا ڕای گشتی لە ئەمریکا بە گشتی دژی شەڕ بووە و بەردەوام گوشاری لەسەر بەرپرسانی وڵاتەکەی دروست کردووە بۆ ئەوەی واشینتن کۆتایی بە ململانێ و شەڕە بێ کوتاییەکانی  ناوچەکە بهێنێت ــ بەتایبەتی لەنێو لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپدا کە بە "MAGA" ناسراون ــ بەڵام ئێستا ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست ڕاپرسییەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە کە نیشانی دەدات گۆڕانکارییەکی گەورە لە بۆچوونی خەڵکدا ڕوویداوە.
بەپێی ئەم ڕاپرسییە و بە پێچەوانەی زۆربەی ڕاپرسییەکانی پێشوو، زۆرینەی گەلی ئەمریکا و بەتایبەتی لایەنگرانی ترەمپ، پێیان وایە باشترە هەنگاو بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ئێران بنرێت، نەک ئەوەی ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ تاراندا واژۆ بکرێت. ئەنجامەکان هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە جیاوازیی بۆچوونەکان لەسەر ئەم بابەتە زۆر قووڵە، بەڵام ئاراستەی تێڕوانینی کۆمارییەکان ڕوونە؛ لەنێو دەنگدەران و پشتیوانانی MAGAدا، نزیکەی ٥١٪ پشتیوانی لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران دەکەن، لە کاتێکدا تەنیا ٢٥٪یان هاوڕان لەگەڵ چارەسەری دیپلۆماسی و گەیشتن بە ڕێککەوتن.
ئەم گۆڕانکارییە، بەتایبەت لەنێو لایەنگرانی ترەمپدا، جێگەی سەرنجە و دەکرێت کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاراستەی دانوستانەکان و بڕیارە سیاسییەکان دابنێت. چونکە لە ڕابردوودا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دوودڵیی سەرکردە ئەمریکییەکان بۆ بیرکردنەوە لە بژاردەی سەربازی و گۆڕینی ڕژێمی سیاسی لە ئێران، پەیوەندیی بە ڕای گشتی و هەڵوێستی دەنگدەرانەوە هەبووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP