هەڵکشانی بەردەوامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران بەتایبەت ناوچە ساحلییەکان لەوانەش بەندەر عەباس لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، دەکرێت ئاماژە بێت بە ئامادەکردنی باردوخێکی گونجاو بۆ ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناوچە ساحلییەکانی باشووری ئێران و کۆنترۆڵکردنیان، یان دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام (Buffer Zone) لەو دەڤەرە. وەک لە پێشتر زۆرجار ئاماژەم پێداوە، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت ئێران ناچار بە سازش بکات، بە شێوەیەکی گشتی دوو بژاردەی ستراتیژی هەیە: یەکەم، ڕووخاندنی سیستمی سیاسی لە تاران ریگەی هێزی زەمینییەوە؛ دووەم، کۆنترۆڵکردنی ناوچە ساحلییەکانی باشووری ئێران لە رێگەی هێزی زەمینییەوە، بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئێران بەسەر گەرووی هورموزدا.
بەپێی هەواڵەکان، هێرشەکانی دوێنێ، ١٦ی تەمموزی ٢٠٢٦، بە شێوەیەکی فراوان پرد و هێڵی شەمەندەفەری لە باشووری ئێرانیان کردووەتە ئامانج. هەروەها، هەندێک فڕۆکەخانەش هێرشیان کراوەتە سەری. دەکرێت ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشانە، لەلایەک، تێکدانی گەیاندنی یارمەتیی لۆجستیکی و سنووردارکردنی جوڵەی هێزە سەربازییەکانی ئێران بۆ باشووری وڵات بێت. لەلایەکی تریشەوە، ئەگەر ئێران بە خێرایی نەچێتە ناو دانوستاندنەکان وسازش نەکات، بە تایبەتی لەسەر گەرووی هورموز، دەکرێت ئەم هێرشانە وەک سەرەتایەک بێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیونیکی زەمینی باشووری ئیران
خاڵێکی هەرە سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە ئێستادا لە ناوخۆی ئێران، بە ڕوونی دوو بەرەی جیاواز هەن. بەرەی یەکەم، کە زیاتر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە سەرکردایەتی دەکرێت، بەردەوام لەسەر هەڵوێستی توندە و بە گشتی دژی دانوستاندنە. هەروەها، ئەم بەرەیە زیاتر پشتیوانی لە هەڵوێستە سەربازییەکان و هەڕەشەکان، وەک هێرش بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورموز، دەکات.
بەرامبەر، بەرەیەکی پراگماتیکیش هەیە کە ناوی کەسانی وەک مەسعود پزیشکیان، عەباس عیراقچی و محمدباقر قالیباف لەگەڵیدا دەهێندرێت. ئەم بەرەیە زیاتر پشتیوانی لە دانوستاندن و چارەسەری دیپلۆماسی دەکەن و لە هەموو بابەتەکاندا لەگەڵ سیاسەتی سوپای پاسداران یەک هەڵوێست نییە.
بۆیە، ئەگەر لە ڕوانگەی شیکردنەوەی سیاسییەوە سەیری بارودۆخەکە بکەین، ئەوا دەکرێت بگوترێت لە ناو هەندێک لە ئەندامانی بەرەی پراگماتیک، ئارەزووی لاوازبوونی کاریگەری سوپای پاسداران هەبێت، چونکە ئەوە دەکرێت دەرفەتی زیاتر بۆ بەرەوپێشبردنی ڕێککەوتن و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بڕەخسێنێت بەتایبەت لە وتەی هیڕشەکان دەستیان پێکردوە تاکوو ئێستا لێدوانیان زۆر تووند نییە و زۆر کەم لێدوان دەدەن و تەنانەت پێش دوو روژ قالیباف باسی گەرانەوە بۆ دانوستاندنەکان دەکرد لە گەل ئەمریکا