دواین هەواڵ

ئیرادەى کوردستان زۆر لە درۆن و مووشەکى بالستیک بەهێزترە

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

4 کاتژمێر پێش ئێستا

 
ئێرە کوردستانە ، بە پاساو  وبیانوویی بێ بنەما دەیان ساڵە ، هەوڵى لاوازکردن و لەناوبردنى گەلى کورد و ەک نەتەوەیەک خاوەن خاک دەدرێت ، داگیرکەران دوێنى هەر چەکى کۆمەڵکوژ و پیلانگێرییان بەکارهێنا بۆ خامۆشکردن  خەبات و ڕاوەستاندنى کاروانى کوردایەتى و ئازادیخوازى گەلى و ئەمڕۆش بە پاساوى دیکە و دوور لە راستییەوە بەردەوامن لەو ڕق ئەستوورى وپەڵاماردانەى کوردستان 
گەلى کورد ، ئەو نەتەوە ڕەسەنەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، کە هەم بە پێى مێژوو و هەمیشیش بە پێى شوناس و جوگرافیا سەدان ساڵە لە سەر زێدى باب و باپیرانێتى و خاوەن زمان و کەلتوور وفەرهەنگى خۆیەتى ، بەڵام بەداخەوە ، بەهۆى بەش بەش کردنى خاک و نەتەوەکەى و لکاندنى بە چوار وڵاتى داگیرکەرەوە ، زیاتر لە یەک سەدەیە، دوژمنانمان  دەیان پاساو و بیانوویی بێ بنەما و چەواشەکارانە دەهێنەوە تەنها بۆ ئەوەى گەلى کورد لەو ئامانج و باوەر و بڕیارەى داوێتى بۆ بەدەستهێنانەوەى خاک و مافى داگیرکراویی پاشگەز و سارد بکەنەوە 
بۆیە ، بەهەڵوەستەکردن لەسەر هەموو ئەو کارەسات و جینۆسایدەى بە سەر نەتەوەیی کورد لە ناوچەکە دا هێنراوە ، ئەگەر  گەلى کورد خۆى بەخاوەنى ئەم خاک و نیشتیمان و ڕەسەنایەتییە نەزانی با ، ئەگەر خوێن و گیانى هەزاران ڕۆڵەى ئەم کوردستانە نەبووایە ، ئەگەر ڕەتکردنەوەى ستەمکارى و ئاوارەیی و پەنابەرایەتى نەبووایە ، ئەگەر خۆڕاگرى و فیداکارى پێشمەرگە و دڵسۆزانى ئەم نیشتیمانە نەبووایە بەڕانبەر ڕەشەباى دوژمنان و داگیرکەران ئەستەم بوو پرسێک بەناوى کوردوکوردستان بوونى هەبووایە و ڕەنگە ئێستا لە نێو  عەرەب ،فارس ، تورک ئاسەواریشمان نەمایە و شوێن بزر دەبووین 
هەر دوێنى بوو کاتێک پێشمەرگە خەباتى چەکدارى و شۆڕشگێرى دەکرد لە پێناو ڕەتکردنەوەى ستەمکارى و بۆ ئازادى و خۆنەچەماندن ، هەر هەمان ئەو دوژمن و داگیرکەرانە بوون بە کوردیان دەگووت ( جنۆکە و تێکدەر )، ئەمڕۆش کاتێک هەست بە گەڕانەوەى ماف و سەربەخۆیی و خاکى کوردان دەکەن ، بۆ ئەوەى دۆزى کورد و شوناسە نەتەوەییەکەى بەلارێدا ببرێت ، ئەوا  بە بیانوویی هاوپەیمانى لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل، یان ناو هێنانى کوردستان بە ئیسرائیلى دووەم  بۆ هەڵدەبەستن و دەڵێن ، لە سەر خاکى کوردستان  شوێنى دەزگەى هەواڵگرى مۆساد و سى ئاى ئەى ئەمەریکیی لێیە ، بۆ شاردنەوەى شکستەکانیان و ئینجا پەلاماردانى کوردوکوردستان و ئەو ترسەى لە گۆڕینى نەخشەى سیاسى ناوچەکە هەیانە 
ئەوەتا رۆژ نییە و بەتایبەت لەماوەى چەند ساڵى رابردوو و چەند قۆناغى شەڕى ئەمەریکاوئیسرائیل دژى ئێران ، چەندین جار بە مووشەکى بالستیک و درۆنى بۆمبرێژکراو  و بە شێوەیەکى زۆر نامەردانە و تیرۆریست ئاسا و دڕندانە و داگیرکەرانە خەڵکى کوردستان لە سەر ماڵ و موڵکى خۆى و پێشمەرگە و ئەندامى دەزگە ئەمنییەکان شەهید دەکەن و زیان بە ئابوورى و وزە و بەرژوەندییەکانى ئەم گەلە ستەملێکراوە دەگەێنن ؛ لە کاتێکدا ئەم داگیرکەر و دوژمنانەى کوردستان ، باش دەزانن کە نەیار و دوژمنەکانیان  لە کوێن ، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیووە بچووکترین زیان بە ئەوان بگەێنن ، بەڵام بە گەلێکى ستەملێکراویی وەک کورد هەولێر  دەبێتە جێگرەوەى تێڵ ئاڤیڤ و خەڵکى کوردستان بە ئیسرائیلى لە قەڵەم دەدەرێت ؛ تەنیا بۆ ئەوەى زیان بە کوردوکوردستان بگەێنن .

ئەوەتا ئەو درۆ شاخەدارەى کە چەند ساڵ بوو باسیان لە بوونى بنکەى هێزەکانى ئیسرائیل لە سەر خاکى هەرێمى کوردستان دەکرد ، ڕێک پێچەوانەکەى دەرچوو لە نێو  ئەو شوێنەى کە 47 ساڵ دروشمى ڕێگەى  قودس بە کەرەبلا و نەجەف تێدەپەڕێت ، ڕێک پێچەوانەکەى بەڕێگەى کەربەلاو نەجەفەوە ئێران و شارەکانى بۆردومان دەکرا ، باشە  چۆن دەکرێت ، بە بوونى دەیان هەزار چەکدار میلیشیایی بەرەى موقاوەمە لەو ناوچە شیعە نشینانە ، هیچ شتێک نەبینرێت ، بەڵام ، بەڵام ئەو میلیشیا تیرۆریستانەى سەر بە ئێران ڕووى مووشەک و درۆنەکانیان بەرەو کوردوکوردستان بێت ؟
ئەوەى ئێران و بەرە بەناو موقاوەمە بەڵام لەراستیدا شەڕانگێز و تیرۆریست بانگەشەى ئیسرائیل بوون بۆ کوردستان دەکەن ، لە راستیدا تەنها دوژمنایەتییەکى سەرسەختانەیە دژى هەرێمى کوردستان و ئەو کەشوهەوا سەقامگیرییەى جیاوازى دەکاتەوە لەگەڵ هەموو  شوێنەکانى دیکە لەناوچەکەدا ،چونکە ئەوان چاویان بە پێشکەوتن و گەشەسەندنەکانى هەرێمى کوردستان هەڵنایەت ، بۆیە دەیانەوێت لە پاڵ دەستەواژەى سیخورى مۆساد ، وەک پاساوێکى بێ بنەماو دروۆ پەلامارى کوردوکوردستان و ئەوانەى خۆیان بۆ  ویستە ناڕەواکانیان ناچەمێنن بدەن و زیان بە ئابوورى و گەشەندنى کوردستان بگەێنن و ئەو سەرکەوتن و پێشکەوتننانەیان پێى هەرس ناکرێ
بۆیە کاتێک دیپلۆماسى و پەیوەندییە سەرکەوتووانەى حکوومەتى کوردستان دەبینن ، بە مەترسى و بەهێزبوونى گەلى کوردى دەبینن، کاتێک کۆمپانیان بیانییەکان وەربەرهێنان لە پرۆژە جیاوازەکان دەکەن ، ئەوا بە پیلانگێرى ئیسرائیل و ئەمەریکا دەبینن ، لە پاڵ ئەوەشدا چ دەسەڵاتداران بەغدا و چ دەسەڵاتدارانى تاران بە هێرش و پەڵاماردانى تیرۆریستى دژى کوردوکوردستان دەیانەوێت شکست و ئابڕوو چوونەکانى خریان بشارنەوە 
بەڵام ئیتر کاتى ئەوە هاتووە ، نەیارانى کوردستان بە مێژوویی سەدساڵى رابردوو خۆیاندا بچنەوە ، ئایا توانییان بە ئاگر وئاسن وسیناریۆى و چەکى کۆمەڵکوژ و گەلەکۆمەکى و گەمارۆدان دۆزى رەواى گەلى کورد و کاروانەکەى بوەستێنن ؟ نەخێر نەک هەر نەیانتوانى بەڵکو گەلى کورد بەهێزتر لە جاران هەرمان ، هیچ بۆردوومانکردن و چەکى کۆمەڵکوژ و پاساوێکى گاڵتەجارانە نەیانتوانى کوردوکوردستان لەگەیشتن بە ئامانجەکانى رابگڕن ، بۆیە  دەبێ ئەو راستییە بزانن ، ئێرە کوردستانە ، پاساو و ناوهێنانى بە ئیسرائیل ئاماژەیە بە شکستى  داگیرکەران ودوژمنانى کورد

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP