دواین هەواڵ

ترساندن لە ئەزموونی بافل تاڵەبانیدا

‌ئاسۆ حاجی

2 رۆژ پێش ئێستا

لە گوتاری بافل تاڵەبانی، دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک سەرنج ڕادەکێشێت، پەنا بردنە بەر  ترساندن وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ بەرهەمهێنانی هێز و سەپاندنی دەسەڵات. کاتێک دەڵێت: «ترس لە گیرفانی مندا ئەژی»، ئەم دەستەواژەیە نیشانەی ئازایەتی نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکە کە یادەوەرییەکی ناخۆشی مێژووی ناکۆکی و براکوژی و لەدەستدانی بەشێکی خاکی کوردستان زیندوو دەکاتەوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەزموونی سیاسی بافل تاڵەبانی لە ناو یەکێتیدا، لە لادانی لاهور جەنگی و ڕووداوەکانی لالەزارەوە، تا زیندانی‌کردنی شاسوار عەبدولواحید و فشارخستنە سەر هێندێک لایەنی سیاسی، ئەو پرسیارە دروست دەکات کە ئایا جیاوازیی سیاسی لە دیدی ئەودا مافێکی دیموکراتیە، یان ئامرازێکە بۆ  فشار و هەڕەشە لەوانەی دیکە!

ئەمجارەش، دوای ئەوەی یەکێتی لە هەڵبژاردندا نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت، هەڕەشەی جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان دەکات، و دواتر ڕادەست کردنەوەیان بە بەغدا، لە بەرامبەر دابینکردنی موچە لە ڕێگەی ئیدارەیەکی جیاوازەوە، پرسیارێکی گەورە لەبارەی ئایندەی یەکپارچەیی هەرێم دروست دەکات.

ئەزموونی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و لەدەستدانی کەرکووکیش هێشتا وەک بریندارییەکی مێژوویی لە بیر و هۆشیاریی گشتیی کورددا ماوەتەوە.
ناکۆکی سیاسی بەشێکە لە دیموکراسی، بەڵام هەڕەشە و سەپاندنی دەسەڵات جێگرەوەی گفتوگۆ و هاوبەشی نابن. ترس ڕەنگە بێدەنگی دروست بکات، بەڵام هەرگیز شەرعیەت و باوەڕ دروست ناکات. کوردستان بە هاوبەشی بەهێز دەبێت، نە بە ترساندن و پارچەپارچەکردن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP