دواین هەواڵ

بەرەو ھوشیاریەکی ئیسلامی ڕەسەن و کراوە

‌ئەبوبەكر كاروانی

27/12/2021

هەرێم نیوز

ئەبوبەکر کاروانى

 چیەتی فیکری ئیسلامی و توخمە پێکھێنەرەکانی

ھەڵقەی پێششوو، باسی جیاوازی نێوان (ئیسلام) و (تێگەیشتن لە ئیسلام)مان کرد. ئەم ھەڵقەش چەند ئاماژەیەك بە چەمکی فیکری ئیسلامیدا دەکەین.

بە گشتی، فیکر بەو پرۆسە ھۆشەکییە دەوترێت، کە بە یارمەتی ھەستەکان، تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ دەوروبەری دیاریدەکات. واتە، بەرھەمی جوڵەی عەقڵی مرۆڤە. فیکری ئیسلامیش وەك ھەر فیکرێکی تر، فیکرێکی بەشەریە. واتە ناپیرۆزەو ملکەچە بۆ ڕێژەیی و مێژوویبوون و کۆنبوون و نوێبوونەوە. ئەمەش وادەکات بڵێین: ناوە بۆ بەرەنجامە عەقڵییەکانی تێگەیشتن لە ئیسلام. فیکری ئیسلامی چەمکێکی نوێیە. واتە زانا موسوڵمانەکان لە مێژوودا بەکاریان نەھێناوەو بەجچەمکی تر گوزارشتیان لە ناوەڕۆکی ئەو کردۆتەوە لەجوێنەی ئیجتیھاد. بە ھەموو ئەو کەلەپورەش دەوترێت، کەجعەقڵی ئیسلامی بە درێژایی مێژووی موسوڵمانان بە کارلێك لەگەڵ دەقدا بەرھەمی ھێناوە.

بەم جۆرەش، سەرجەم زانستە ئیسلامییەکان و لەوانەش ڕاڤەی قورئان و فەرمودەو فیقھی ئیسلامی، دەچنە چوارچێوەی فیکری ئیسلامییەوەو بەشێك لە کەلەپوری موسوڵمانان پێکدەھێنن. لێرەشەوە دەتوانین بڵێین: فیکری ئیسلامی بەرھەمی کارلێکی نێوان سێ توخمە (وەحی و واقیع و زانا یاخود بیرمەند). ئەوەش پێمان دەڵێت: کە لەو سێ توخمە یەك توخمیان چەسپاوە کە وەحیە. دوو توخمەکەی تر، واتە (واقیع) و (بیرمەند) لە گۆڕاندان. بە گۆڕانی ئەم دووانەش، فیکرێکی ئیسلامی نوێمان بۆ بەرھەم دێت.
کەواتە کاتێك واقیع گۆڕانی بەسەردا دێت و ئەو کەسەی لە واقیع وcدەقیش ڕادەمێنێت و کارلێك لە نێوانیاندا دروست دەکات و بەرەنجامگیری لێدەکات دەگۆڕێت، تێگەیشتنی موسوڵمانانیش بۆ خۆیان و ئاینەکەیان و جیھان نوێ دەبێتەوە و گۆڕانی بەسەردا دێت. چەقبەستویش کوت و مت ئەو کاتە دێتە دی، واقیع گۆڕابێت، کەچی زاناو بیرمەندمان نەبێت بە بەرھەمھێنانی تێگەیشتن و فیکری نوێ گوزارش لەو گۆڕانە بکات. یاخود گوێی بۆ نەگیرێت و لە وێنەی لادەرو مەترسیدا بخرێتەڕوو؟! بە ھۆی ئەمەشەو و فیکرە ئیسلامییە کۆنەکە، کە بەرھەمی کارلێکی واقیعکی کۆنی بەسەرچوو و زانایانی ڕابردووە لەگەڵ دەقدا، درێژە بە ژیانی خۆی دەدات و چوارچێوەی بیرکردنەوەو تێگەیشتنی موسوڵمانان بۆ دنیا دیاریدەکات؟!

کەواتە، ئیسلام و فیکری ئیسلامی و عەقیدە لێکجیاوازن.

ئێمە دەتوانین باس لە فیکری ئیسلامی: کۆن و نوێ، ڕەسەن و ناڕەسەن، میانەڕەو و توندرەو و ھەمەجۆر بکەین، بەڵام ناتوانین بەو وەسفانە قسە لەسەر ئیسلام بکەین. عەقیدەش (ئیمان) پێدراوێکی خوایی نەگۆڕەو تەنھا لە چۆنێتی خستنەڕوودا نوێکردنەوەی تێدا دەکرێت. مەترسی گەورەش لە بازنەی ئیسلامەتیدا لە کۆن و نوێدا لە تێکەڵاوکردنی ئەم بازنانەدا بەر جەستە بووە، کە تەکفیرکردن و چەقبەستوویی و دەمارگیری و دوواکەوتنی بەدوای خۆیدا ھێناوە. بۆ ئەوەی فیکرێکی نوێی ئیسلامیشمان ھەبێت، دەبێت عەقڵی ڕەخنەیمان ھەبێت دیدێکی ڕەخنەگرانەمان بۆ کەلەپور ھەبێت، ھەروەھا بروامان بە فرەیی لە تێگەیشتن و گفتوگۆی بەردەوام و کارلێك لەگەڵ تەوژمە فیکرییە جیھانییەکاندا ھەبێت.

بەم جۆرە لە ڕێی تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی چەمکی فیکری ئیسلامی و جیاوازی لەگەڵ ئیسلام و عەقیدەو توخمە پێکھێنەرەکانی و سروشتە مرۆیی و ڤێژووییەکەی، دەتوانین، ماڵئاوایی لە چاولێکەری و داخرانی فیکری و بەجێمانی شارستانی بکەین. لەگەڵ تازەبوونەوەی شەپۆلەکانی ژیاندا ئێمەش نوێببینەوە. ھەروەك لە ھەڵقەی پێشوشدا ئاماژەمان پێکرد، لە سەردەمەکەی خۆماندا بژین و کارا بین، بێ ئەوەی ناچاربین پشتبکەینە گەوھەری ئایین و ناسنامە شارستانیە مێژووییەکەمان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP