دواین هەواڵ

لە گەڕی یەكەم شەش ملیۆن دەنگدەر نەچوونە سەر سندوقی دەنگدان لە گەڕی دووەمدا هەڵوێستیان دەگۆڕێت؟

‌كارزان گلی

23/05/2023

لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، لە گەڕی یەكەمدا شەش ملیۆن و 700 هەزار دەنگدەر نەچووبوونە سەر سندوقی دەنگدان، بۆیە هەردوو بەربژێری سەرۆكایەتیی، هەوڵی ئەوە دەدەن، بڕوا بەو دەنگدەرانە بهێنن بچنە سەر سندوق و دەنگ بدەن.

ژمارەی ئەو كەسانەی بۆیان هەبوو لە ناوەوەی توركیا دەنگ بدەن، 60 ملیۆن و 700 هەزار دەنگدەر بوو، بەڵام لەو رێژەیە شەش ملیۆن و 700 هەزار دەنگدەر، دەكاتە 11%ی دەنگی توركیا، نەچووبوونە سەر سندوقی دەنگدان.

هەریەك لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی (كۆماریی)، لەگەڵ كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی (میللەت) بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، لە هەوڵی ئەوەدان بڕوا بەو دەنگدەرانە بهێنن لە گەڕی دووەمدا بچنە سەر سندوقی دەنگدان، كە بێگومان كاریگەریی زۆری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت.

جیاوازی نێوان ئەردۆغان و كلیچدارئۆغڵو، نزیكەی دوو ملیۆن و 500 هەزار دەنگە، بەڵام سێ ئەوەندەی ئەو دەنگانە نەچوونەتە سەرسندوقی دەنگدان، بۆیە هەردوو بەربژێر لە رێگەی پارتەكانیانەوە هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە، تا بتوانن ئەو دەنگە نەچووانەی سەر سندوقی دەنگدان رازی بكەن.

توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی بەردەوام بەشداری لە هەڵبژاردنی زۆر زۆرە، بەگوێرەی راپۆرتی ئەنیستیتۆی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری دیموكراتی، لە 2010ەوە، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن لە تەواوی دونیادا 66% بووە، هەروەها لە وڵاتانی ئەوروپا لە 1950ەوە تا 2023 ، بەردەوام رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا لە كەمی داوە، بۆیە ئەو بەشدارییەی دەنگدەرانی توركیا لە هەڵبژاردنی 2023، كە 89% بوو، رێژەیەكی زۆرە و میدیا جیهانییەكان بە گرنگییەوە باسی دەكەن و قسەی لەسەر دەكەن.

بەگوێرەی بەدواداچوونی ئاژانسی (BBC) توركی، ئەو شارانەی كە رێژەی بەشداری دەنگدان خوار 85% بووە، 19 شارن، كە لە 14 شاریان كەمال كلیچدارئۆغڵو زۆرینە بووە، هەروەها لە 17 شاریش هەدەپە رێژەیەكی زۆری دەنگی لێ هێناوە، بۆیە دەكرێت بڵێین رێژەی كەمی بەشداری دەنگدەر لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار، لە باكووری كوردستانە.

با نموونەی چەند شارێكی باكووری كوردستان وەربگرین، لەبارەی رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردندا:

_ لە ئامەد، لە هەڵبژاردنی 2018، رێژەی بەشداری 83.93% بوو، لە 2023 رێژەی بەشداری بۆ 78.97% دابەزی.
_ لە ئاگری، لە هەڵبژاردنی 2018، رێژەی بەشداری 78.97% بوو، لە 2023 رێژەی بەشداری بۆ 72.8% دابەزی.
_ لە وان، لە هەڵبژاردنی 2018، رێژەی بەشداری 83.34% بوو، لە 2023 رێژەی بەشداری بۆ 78.62% دابەزی.

ریحا روحاڤیئۆغڵو، سیاسەتوانی باكووری كوردستان، پێیوایە بەهۆی ئەوەی هەدەپە وەكوو پێوست كاری نەكرد و هانی دەنگدەری نەدا بچێتە سەر سندوقی دەنگدان، بۆیە رێژەی دەنگدان لە باكووری كوردستان كەمی كردووە.

ئەو قسەی بۆ (BBC) توركی كردووە و پێیوایە، بۆ ئەوەی رێژەی دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لە باكووری كوردستان بەرز ببێتەوە، دەبێت هەدەپە بانگەشەی جیدی بكات و كاری جیدی بكات لەورووەوە.

ریحا دەڵێت: ”بەهۆی ئەوەی، هەدەپە هیچ بەربژێریكی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی نییە، بۆیە بڕواپێهانی دەنگدەر بەوەی بچێتە سەر سندوق كەمێك زەحمەتە، بۆیە دەبێت لەو 18 شارەی هەدەپە قورسایی تێدا هەیە، بانگەشە چر بكەنەوە و دەنگدەر هان بدەن دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو بدات و ئەدای خۆیان باشتر بكەن.“

بەهۆی ئەوەی، ئەردۆغان توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، بۆیە رازی كردنی ئەوانەی نەچوونەتە سەر سندوق بۆ ئەو ئاسانترە لە كلیچدارئۆغڵو، تەنانەت ئەردۆغان لە هەوڵی ئەوەدایە، دەنگدەری هەدەپەش بۆ لای خۆی رابكێشێت و لەو رووەوە تیمێكی گەورەی پێكهێناوە، تا بتوانن لە دەنگدەری هەدەپە نزیك ببنەوە.

بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونەی كراوە، لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار، توێژی گەنجان كەمترین بەشدارییان هەبووە بۆ دەنگدان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP