دواین هەواڵ

سینان ئۆغان لە ئۆپۆزسیۆنێكی توندەوە بۆ بەرەی دەسەڵات

‌كارزان گلی

24/05/2023

سینان ئۆغان، ئەو سیاسییەی لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار، توانی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا زیاتر لە 5%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، لەوێوە بووە كەسایەتییەك میدیاكانی ناوەوە و دەرەوەی توركیا گرنگی پێ بدەن و قسەی لەسەر بكەن. ئەو وەكوو سیاسییەكی بەئەزموون و بە توانا ناوبانگی دەركردبوو، بۆیە كاتێك داوای كرد ببێتە سەرۆكی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی، قبوڵی نەكرد و نێوانیان تێكچوو و لە مەهەپە جیا بووەوە. وەكوو ئۆپۆزسیۆنێكی سەرسەخت ناوی دەكردبوو، بەڵام دوای گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن، چووە بەرەی دەسەڵات.

لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، سینان، زۆر توندبوو بەرامبەر بە رەجەب تەییب ئەردۆغان، تۆمەتباری دەكرد، بەوەی ئابووری توركیای وێران كردووە و وەكوو تاكڕەو ناوی دەهێنا.

سینان لە وتەیەكیدا دەڵێت: ”ئەی گەلی توركیا، ئێمە ناڵێین دەتوانین دەرگای بەهەشتتان بۆ بكەینەوە، بەڵام بەڵێنتان پێ دەدەین، دەرگای دۆزەختان بەڕوودا دابخەین“

ئەو پێیوابووە توركیای ئێستا دۆزەخە لە سایەی ئەردۆغان و پارتەكەیدا، بەڵام هەر خۆی دەرگای ئەو دۆزەخەی كردەوە و چووە ناوی، بۆیە دەنگدەرەكانی لێی نیگەرانن و دەڵێن، چاوەڕێ بووین دەرگای دۆزەخمان بەسەر دابخەیت، نەك بچێتە ئەو بەهەشتەی ئاكەپەی بۆ خۆی دروستی كردووە، بۆیە ئیدی سینان، بەو چاوە سەیر ناكرێت كە پێشتر سەیری پێدەكرا.

سینان، لەسەر دوو تەوەر قسەی دەكرد و ئەردۆغانی پێ تۆمەتبار دەكرد:

یەكەم: سینان، پێیوایە بوونی ئەو هەموو ئاوارە سوورییە لە توركیا، ئەنجامێكی خراپی دەبێت، بۆیە دەبێت بەبێ هیچ مەرجێك بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.

دووەم: دەیگوت، لەسەر مێزێكی دانانیشم كە هودا پاری تێدا بێت، چونكە هودا پار تیرۆرستە. ناوی هەدەپەشی دەهێنا، وەكوو پارتێكی تیرۆرست و نزیك لە پەكەكە.

بەڵام دوای ئەوەی توانی ئەو رێژە دەنگە بهێنێت لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا، ئیدی دووچاری غرووری سیاسی بوو و گوتی، سەلماندم كە كلیلی هەڵبژاردنی گەڕی یەكەم هەدەپە و كورد نین، بەڵكوو نەژادپەرستەكانن.

بەڵام ئەوەی گرنگە باس بكرێت، ئەو دەنگانەی بۆ سینان چوون، نیوەی زیاتر دەنگی موحەڕەم ئینجە بوو، كە ئەویش بەربژێری سەرۆكایەتیی بوو و سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردن، لەژێر گوشار كشایەوە. جیا لەوەی لەژێر ناوی هاوپەیمانیی (ئەجداد) چووە ناو هەڵبژاردن كە چەند پارتێكی تێدا بوو و ئومید ئۆزداغ سەرۆكایەتیی دەكرد.

ئۆزداغ، دەچێتە پاڵ كەمال كلیچدارئۆغڵو و دەنگی پێدەدات، پارتەكەشی كە ناوی زەفەرە، زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا، بۆیە ئەو دەنگانە بۆ كلیچدارئۆغڵو دەچێت، دەنگەكانی ئینجەش، بەشێكی زۆری بۆ كلیچدارئۆغڵو دەچێت، لێرەدا دەردەكەوێت كە سینان، ئەو 5%ی دەنگانەی هێناویەتی بۆ ئەردۆغان ناڕوات، بەڵام لەڕووی مەعنەوییەوە زۆر گرنگە كە سینان بچێتە پاڵ ئەردۆغان، ئەمە ئاتماسفۆرێكی ئەرێنی بە لایەنگرانی ئەردۆغان و خودی ئەردۆغان و پارتەكەی دەدات.

سینان، چۆن دەتوانێت داوا لە دەنگدەر بكات، دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، لە كاتێكدا پێشتر ئۆپۆزسیۆن بووە، واتە چەند رۆژێك بەر لە ئێستا ئەردۆغانی پێ تاكڕەو بووە و بە هەموو شێوەیەك دژایەتی كردووە، ئەمەش وا دەكات، دەنگدەری سینان، بە گومانەوە لێی بڕوانن و ئیدی بەدوای نەكەون، لێرەدا سوودمەند كلیچدارئۆغڵو دەبێت.

ئەردۆغان، دەڵێت لە گەڕی دووەمدا بە جیاوازییەكی زۆر دەیبەمەوە، كلیچدارئۆغڵوش هەوڵ دەدات گەڕی دووەم لە بەرژەوەندی ئەو كۆتایی پێ بێت، فۆكەسی میدیاكانیش لەسەر ئەو دەنگانەی سینانە كە هێناویەتی، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت شەش ملیۆن و نیو دەنگدەر نەچوونەتە سەر سندوقی دەنگدان، كە دەكاتە دوو بەرامبەر بە دەنگی سینان، بۆیە دەنگەكانی سینان چەندە شەڕی لەسەر بكرێت، ئەوانەی نەچوونەتە سەر سندوقی دەنگدانیش دوو ئەوەندەی سینان گرنگن و ئەردۆغان و كلیچدارئۆغڵو، هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP