دواین هەواڵ

ئەردۆغان زیرەكانە ئۆزداغی خستە پاڵ كلیچدارئۆغڵو

‌كارزان گلی

26/05/2023

سینان ئۆغان، لە گەری یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا توانی زیاتر لە 5% بەدەستبهێنیت، هەردوو بەربژێر ئەردۆغان و كلیچدارۆغڵوش، نەیانتوانی 50+1 بەدەستبهێنن، بۆیە دەنگی سینان بووە كلیلی سەركەوتنی هەڵبژاردنی گەڕی دووەم.

سینان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی (ئەجداد) بووە بەربژێر، كە پارتی زەفەر، بەسەرۆكایەتیی ئومید ئۆزداغ، كۆڵەكەی ئەو هاوپەیمانییەیە.

ئۆزداغ و سینان، دوو كەسایەتیی رەگەزپەرست و دژە كوردن، ئەوان لە هەموو شوێنێكی دونیادا دژی مافی كوردن، بۆیە هیچ شتێك نییە كە ئەو دوو كەسایەتییە لەگەڵ یەكدا ناكۆك بكات و سینان بچێتە پاڵ ئەردۆغان و ئۆزداغیش بچێتە پاڵ كلیچدارئۆغڵو.

بەر لە هەر شتێك، دەبێت بزانین كە ئۆزداغ، كەسێكی زۆر بێزراوە لای كورد، بەهەموو شێوەیەك كورد ئەو مرۆڤە رەتدەكاتەوە، چونكە ئۆزداغ، تاوەكوو ئێستاش كوردی پێ مرۆڤ نییە و تەنانەت وەكوو نەتەوە نایناسێنێت، بۆیە یارییەكە لێرەوە دەست پێ دەكات.

وای بۆ دەچم، ئەردۆغان، بە شێوەیەكی زیرەكانە و سیاسییانە ئۆزداغی خستبێتە پاڵ كلیچدارئۆغڵو و پێی گوتبێت، ئەگەر تۆ بچیتە پاڵ كلیچدارئۆغڵو و ئەو حەوت خاڵەی بەسەردا بسەپێنیت، ئەوكات دەنگدەری كورد پشت لە كلیچدارئۆغڵو دەكەن.

ئەگەر سەیری سۆسیال میدیا بكەین، دەبینین كوردەكان زۆر نیگەران بوونە بەو رێككەوتنەی كلیچدارئۆغڵو و ئۆزداغ، تەنانەت بەشێكیان بڕیاریانداوە بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن و بڵێن، ئێمە چۆن دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو بدەین، لە كاتێكدا ئەو دەست دەخاتە ناو دەستی ئۆزداغ، كە دوژمنێكی سەرسەختی كوردە.

ئەردۆغان، سیاسییەكی زیرەك و وردبینە، ئەگەر ئەو یارییەی كردبێت زیرەك بووە و توانیویەتی گۆڵێكی نایاب لە كلیچدارئۆغڵو بكات، چونكە دەنگی ئۆزداغ ئەگەر 2% بێت و بۆ كلیچدارئۆغڵو بچێت، بەڵام دەنگی كورد زیاترە لە 10%، ئەگەر نیوەی ئەو دەنگدەرانە بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن، لێرەدا ئەردۆغان، دەبێتە براوە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP