دواین هەواڵ

كوردستان و کلتووری پێکەوە ژیان

‌کریستین کارۆخ

19/06/2023

ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنینەوە ئەوا دەبینین کەوا کورد هەمیشە بانگەشەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی کردووە، تەنانەت ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژووی عێراقیش ئەوا دەبینین کەوا کورد چەندین جار هەوڵی دەستپێشخەری ئاشتیانەی داوە، بەڵام عێراق هیچ کات ئەو دەستپێشخەریانەی بەهەند وەرنەرگووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەوڵی جیاکاری نەتەوەیی و نیشتیمانی داوە، بە جۆرێک هەمیشە کوردی بە هاوڵاتی ژمارە دوو لە قەڵەم داوە، لەگەڵ ئەوەشدا کورد هەمیشە بە گیانی نیشتیمانی پەیامی ئاشتیخوازانەی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی بەغدا کردووە، لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی عێراق پەیوەندییەکانی نەک هەر تەنها لەگەڵ کورد بەڵکو لەگەڵ پێکهاتەکانی تریش ئاڵۆز بووە.

لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی عێڕاق هەمیشە هەوڵیانداوە جۆرەها پروپاگەندە دژی نەتەوەی کورد بڵاوبکاتەوە، بۆ نموونە شۆڕش و جوڵانەوەکانی نەتەوەی کوردیان وەک تێدەر و گێرەشێوێن وێناکردووە، کەچی کورد لە پێناو ئازادی و دیمکراسی و بنیاتنانی سەقامگیری تێکۆشاوە، لەم چوارچێوەیەدا نەتەوەی کورد هەمیشە کاری کردووە بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی بەرهەمدار لە نێوان نەتەوەکان و دوور لە هەموو جۆرە توندو تیژیەکی چینایەتیێکی نەتەوایەتی و پیکهاتەیی و ئایەنی و ئایدەلۆژی.

بۆیە دەتوانین بڵێین پێکەوەژیان لە کوردستان خاڵێکی درەوشاوەو جیاکەرەوەی هەرێمی کوردستانە لە وڵاتانی دەوروبەر، بەجۆرێک بووتە  یەکێک لە فاکتەرە بەهێزەکانی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کەوا هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی خوێندراوە بێت لە ناوچەکە، ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی نادەوڵەتیشە، بەڵام هاوشێوەی ئەکتەرێکی دەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.
لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین حوکمەتی ناوەندی عێڕاق مامەڵەیەکی تەندروست لەسەر بنەمای دەستوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکات، بۆیە دەتوانین بڵێین بەداخەوە عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا تاڕادەیەک درێژەپێدەری هەندێک لە ڕەفتارەکانی ڕژێمی پێشوون، لەبەر ئەوە دەستوور وەک خۆی جێ بەجێ ناکەن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک لانکەی پێکەوە ژیان و سەقامگیری دەمێنێتەوە لە ناو جەرگەی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی) ناسەقامگیر، لەم پێناوەشدا جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە گووتارەکانیدا تاکید لە پێکەوەژیان دەکاتەوە و دەڵێت:

"کوردستان لەبەرەبەیانی مێژووەوە زێدی پێکەوەژیان و لێبوردەیی لانکەی ئایین و ئاینزا و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانە.
کوردستان هەمیشە وەك وڵاتی هەموو ئاین و نەتەوەکان ماوەتەوە".

هەروەها جەنابی سەرۆکی حکومەتیش لە وتارێکدا لە کۆنفرانسی (کوردستان لانکەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە) جەختیکردەوە لە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی کوردستان و لە پەیامێکی ڕووندا ئاماژەی بە دەوڵەمەندی کلتوری پێکەوە ژیانی کوردستان کرد.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP