دواین هەواڵ

پارتی زەنگی ئاگادارکردنەوی بۆ دادگای نادەستوری عێڕاق لێدا

‌کریستین کارۆخ

19/03/2024

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ٨۰ ساڵی خەباتی خۆی پڕیەتی لە هەوراز و نشێو، تاوەکو ئێستا دەیان جار هەڵوێستی گەورەی سیاسی نواندووە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، بەڵام بەداخەوە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ئەم بزوتنەوەیە ئەوەیە کە بەشێک لە حزبە کوردستانییەکان بوونەتە ‌چەپڵە لێدەری ئەو بڕیارە نادەستووریانەی کە دادگای فیدڕاڵی عێڕاق دەریکردوون، ئەم خاڵەش عێراقی هانداوە کە بەردەوام کار لەسەر (سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە) بکات، لەم نێوەندەشدا دەستەڵاتدارانی عێڕاقی شۆڤێنی هەوڵدەدەن سیاسەتە نەگریسەکانیان بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بسەپێنن، ئەمەش هیچی کەمتر نیە لەو کردارە قێزەونانەی کە ڕژێمەکانی پێشوو بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کردوویانە.

لەم چوارچێوەەدا ئەوەی کە ئێستا عێڕاق دەیکات بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی پرسی کورد لە پرسێکی نێودەوڵەتی بۆ پرسێکی ناوەخۆیی لەبەر ئەوەی کورد پێگەیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی هەیە و دەیانەوێت پێگەی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن، وە دادگای بەناو فیدڕاڵی دەیەوێت ئەو شەرعیەتەی کە پارتی لە رێگای سندوقەکانی دەنگدان بەدەستی هێناوە لێ زەوت بکات لە ڕێگای بڕیارە بە سیاسیکراوەکانیان، بەجۆرێک ئەم بڕیارانە وایانکردووە کە دادگای بەناو فیدڕاڵی خۆی بخاتە شوێنی پەرلەمانی کوردستان هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکاتەوە، بەشێوەیەک کە نە لە پسپۆڕی دەستووری دادگای فیدڕاڵی عێراقە وە نە خودی دادگاکەش فیدڕاڵییە و نە دەستووریشە،

بۆیە ئەم بڕیارانە قبوڵکراو نین، چونکە ئامانج لێیان بچووککردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستانە. لەم چوارچوەیەدا دەتوانین بڵێین ئەوەی لە عێڕاقدا دەگوزرێت ئەزمەیەکی سیاسی و دەسنوریە و تەنها لە ئێستادا سەری هەڵنەداوە، بەڵکو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۲۰۰۳ کە هەوڵدرا دەستوور دابڕێژرێت و سیستەمێکی سیاسی نوێ لە عێڕاقدا دابمەزرێت، بەڵام یەکێک لە گرفتەکان کە عێڕاق ڕووبەڕوی بۆتەوە ئەوەیە کە دادگایەکی بەناو فیدراڵی وەکو ئامرازێکی سیاسی بەکاردەهێنرێت نەوەک وەک ئامرازێکی یاسایی کە تەفسیری دەستور بکات.

ئەم بڕیار و هەڵوێستەی پارتی وەرچەرخانێکی مێژوویە بە ئامانجی بەهێزکردنی ئەجێندای نیشتیمانی و گێڕانەوەی سەروەری بۆ کوردستان، جونکە خەڵکی عێڕاق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی وا تلقین درابوون کە بڕیارەکانی دادگای بەناو فیدڕاڵی عێڕاق هاوشێوەی ئایەتەکانی قورئان موقەدەسن، بەڵام پارتی بەم بڕیاڕەی ئەم بۆچوونەی بۆ خەڵک ڕاست کردەوە و ستۆپی بەم دادگایە بەناو فیدڕاڵیە کرد.

لە کۆتاییدا دووخاڵی گرنگ هەیە پێویستە ئاماژەیان پێ بکەین: یەکەم: پارتی دیموکراتی کوردستان قدوەی سیاسی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردە لە کوردستان ئەمەش ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگری مێژووییە و پێویستە یار و نەیارەکانی بیزانن.

دووەم: کشانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێڕاق حوکومڕانی عێراقی خستە ژێر پرسیارەوە، چونکە لەنگەری ڕاگرتنی دۆخی سیاسی عێڕاق لەڕووی سیاسیەوە بەدەست پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی جەنابی سەرۆک بارزانیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP